بەشی سی و هەشتەمی هاوسەرێتی و ژیانی جنسی، ئەوینداری و جۆرەکانی ئەوین:

بەشی سی و هەشتەمی هاوسەرێتی و ژیانی جنسی، ئەوینداری و جۆرەکانی ئەوین:


غەریزەی جنسی هێزێکی کێشندەیە کە دوو ڕەگەزی پێچەوانە بۆ لای یەکتری ڕادەکێشێ و پێ دەڵێن ئەوین.

ئەگەر واتای ئەوین بەو هەموو ئاڵۆزی و خۆشەویستی و شەیدایییەوە بناسین، دەبێ هەزارەها جۆری بژمێرین وەکوو: ئەوین بە منداڵ، ئەوین بە دایک و باوک، ئەوین بە وڵات و خاک، ئەوین بە بیروباوەڕ، ئەوین بە گیانلەبەران، ئەوین بە ژن، ئەوین بە وەرزش و… هتد.

هەندێک کەس ئەوین تەنها بە غەریزەی جنسی لە ڕێگای دەزگای زاوزێیەوە دەزانن کە پەیوەندی بە بەرهەم هێنانی وەچەوە هەیە، ئەوە هەڵەیە چونکە ئەگەر ئەوە ڕاست بوایە دەبوایە ژنان و پیاوانی نەزۆک، مەیلی جنسییان لەگەڵ یەکتریدا نەبوایە، چونکە وەچەیان لێ ناکەوێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەبینی زۆربەشیان یەکتریان خۆش دەوێت و تا سەر ژیانی هاوبەش پێکەوە بە سەردەبن، یان کە ژن سکپڕ دەبوو نەدەبوایە غەریزەی جنسی تەنها بۆ دروست کردنی هاووێنە بێت و بەس، تا ئێستا کەمتر بینراوە کە ئاژەڵی نێر لە مێیەی ئاوس بێت، بە واتایەکی تر جووتبوون لە گەڵیدا ئەنجام بدات.

١- ئەوینی ئەفلاتوونی: ئەوینی پاک یان ئایدیالی پێ دەڵێن، ئەوینێکە کە لە نێوان دوو کەسدا سەرهەڵدەدات، بە بێ ئەوەی کە تووشی پەیوەندی جنسی ببن وەک: خەج و سیامەند و لەیل و مەجنون و سێوەخان و …هتد.

٢- ئەوینی خەیاڵی: زیاتر لە نێو هەندێک کچدا دەبیندرێت و خۆشەویستی لەگەڵ ئەستێرەکان و سینەما و قارەمانی داستانەکاندا پەیدا دەکەن، هەروەها ئەو کچانەی کە ساڵەهای ساڵ لە چاوەڕوانی شووکردندا خۆیان پیر دەکەن، لەو جۆرە ئەویننانە دەژمێردرێن.

خەیاڵ دەم باتە جێژوانی لاویەتیم ئەمما
خرینگەی بازنە و بەرمووی ئەوم نایە.

٣- ئەوینی هەڵبەستوانانە: ئەوینێکە زیاتر بەهۆی بەرگریە کۆمەڵایەتی و ئەخالقییەکان یان یاسا، دەستی ئەویندار لە ئەویندارەکەی کورتە، لەو کاتەدا ئەویندار کە خاوەنی هەستی ناسک و بیری ورد و بەدیهێنەرە لە قاڵبی هەڵبەست و پەخشاندا پێناسە و شێوەی دڵبەرەکەی پیشان دەدات.

هەرچەندە گوناحی دەمەکەت بارە لەسەر لێو
حەددی چییە نالی کە بڵێ ماچە کەفارەت؟!


تعليقات