وه‌فدی یه‌كێتی له‌تاران ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران ده‌ستپێده‌كات

وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه‌ دوێنێ ئێواره‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌رهه‌م ساڵح بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئێران سه‌ردانی تارانی كرد، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دیداره‌ فه‌رمییه‌كانی ده‌ستپێده‌كات.
نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران به‌ خه‌ندانی وت"یه‌كه‌م دیداری فه‌رمی وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح كاتژمێر 4ی پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ به‌كاتی تاران له‌گه‌ڵ ئیسحاقی جیهانگیری جێگری سه‌رۆك كۆماری ئێران ده‌بێت".

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم له‌ تاران ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، سبه‌ینێ وه‌فده‌كه‌ دوو دیداری دیكه‌ی ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ عه‌لی شه‌مخانی به‌رپرسی شورای ئه‌منی قه‌ومی ئێران‌و عه‌لی لاریجانی سه‌رۆكی مه‌جلیسی شورای ئیسلامی ئه‌و وڵاته‌.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی دیدارو كۆبوونه‌وه‌كانی وه‌فدی یه‌كێتی له‌تاران، نازم ده‌باغ وتی"په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵیه‌كانی هه‌ردوولاو روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی‌و گرنگ ده‌بێت له‌كۆبونه‌وه‌كانی به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران".

جگه‌ له‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح كه‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌فده‌كه‌ ده‌كات، هه‌ریه‌كه‌ له‌ئه‌رسه‌لان بایز ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی‌و عه‌دنانی حه‌مه‌ی مینا و شاڵاو كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ، ئه‌ندامی وه‌فده‌كه‌ن.

خەندان

Comments