لە فڵچەی ددانەوە بۆ ئامێری فڕین:

لە فڵچەی ددانەوە بۆ ئامێری فڕین:

نووسینی :عبدالله بایز

ئایین و کۆمەڵگەی ئیسلامی خاوەن مێژوویەکی شارستانی مەزنن، لە سەردەمە جیاجیاکانی شارستانییەتی ئیسلامدا چەندین بوار گەشەیان سەندووە، زانایانی ئەو شارستانییەتە ڕۆڵی داهێنەرانەیان هەبووە لە چەندین بواری جیادا، کە ناکرێت نادیدە بگیرێن و باسیان لێوە نەکرێت. ئەم داهێنانە زانستیانە خزمەتی گەورەی مرۆڤایەتیان کردووە و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و هی تریش بناغەی داهێنانەکانیان لەسەر هەڵچنیوە. بۆیە بە پێویست دەزانرێت بە کورتی لەم وتارەدا ئاماژە بە هەندێک لەو داهێنانە زانستیانە بدەین، چونکە درک بە ستەم دەکرێت بەرامبەر بە ڕۆڵی داهێنەرانەی شارستانییەتی ئیسلام.

بەداخەوە وەکوو موسڵمان زاناکانمان ناناسین، بۆیە زۆرجار دەکەوینە هەڵەوە، وە دەکەونە هەڵەوە دەڵێین و دەڵێن ئیسلام یان موسڵمانان چیان کردووە بۆ ئێمە و هەروەها بۆ مرۆڤایەتیش، چ سوودێکیان هەبووە جگە لە خوێن ڕشتن و کوشتار نەبێت.

بێ ئاگاین لەوەی دونیای مۆدێرنەکەی ئێستا تێیدا دەژین زۆرێ لەو ئامێر و کەلوپەلانەی بەکاریان دێنین بیرۆکە و داهێنەرەکەی زانا موسڵمانەکان بوونە، کە ڕۆڵیان هەبووە لە گۆرانی گەورەی مێژووی مرۆڤایەتی و پێشخستنی، داهێنانەکان ئەوەندە زۆرن زۆرجار مرۆڤ بە بیستنیان لە کات و ساتێکی وادا و لەم قۆناغەی مرۆڤایەتیدا سەریان دەسوڕمێ کە مسوڵمانان ئەم داهێنانەیان کردووە، ئەمەش بەهۆی چاو نەخشاندنەوەیە بە مێژوودا.

داهێنانەکان لە کاتێکدا گەشەیان سەند، ئەورووپای ئێستا بەو گەورەیەی دەیبینین، خەریکی شەڕی ناوەخۆی، ململانێی ئایینی و مەزهەبی، سیستەمی کۆیلایەتی، بازرگانی کردن بە ئایینی مەسیحی، کوشتن و چەوساندنەوەی خەڵکی، تێپەڕ بوون بە قەیرانی ئابووریدا بووە، کە ئەو سەردەمە لای ئەورووپیەکان ناسراوە بە سەردەمی تاریکی، بەهۆی ئەو بارودۆخەی پێیدا تێپەڕ بووە، گەرچی لە راستیدا سەردەمێکی زێرین بووە بۆ موسڵمانان.

لە فڵچەی ددانەوە بۆ ئامێری فڕین، دوو داهێنانی زۆر لێکەوە جیاواز و دوو بواری جیاواز، لێرەدا مەبەستی نووسەر لە شتانێ بچووک تاکوو گەورەترینی داهێنان و بیرۆکەکان زۆربەیان هی موسڵمانان بوونە، بەڵام بەداخەوە زۆرێ لەو داهێنانە بەناوی کەسانێکی تر کراون.

لە دروستکردن و دۆزینەوەی قاوە بۆ دەرمان، لە دروستکردنی کەرستەی پزیشکی بۆ کەرستەی میکانیکیەکان، لە نەشتەرگەری چاوەوە بۆ نەشتەرگەری جوانکاری، لە (خانە)حوجرەوە بۆ زانکۆ، نزیکەی هەزاران داهێنان کران لە بوارە جۆراوجۆرەکان، کە جیهانی ئەمڕۆ ناتوانێ بەبێ ئەو داهێنانانە ئاسانکاری و ئاسوودەی و سەلامەتی بۆ مرۆڤەکان بەدی بهێنێ، ئەمەش بەرهەمی موسڵمان بوو لە سەرەتاکانی سەدەی پێنجەوە درێژ دەبێتەوە تاکوو سەدەی شازده.

نابێ بیرمان بچێت بەشێ لەو داهێنانە ڕەگ و ڕیشەیێکی کۆنتریان هەیە، بۆیە ناکرێ ڕۆلی شارستانییەتەکانی تر لەبەرچاو نەگرین، کە شارستانییەتی ئیسلامی سوودی لێبینیوون، وە هەرکە وتمان شارستانییەتی ئیسلامی ناکرێ تەنیا عەرەب بێنینە بەرچاومان، چونکە ئیسلام تایبەت نیە بە عەرەب. ئەو زانایانەی داهێنەر بوون پێکهاتبوون لە چەندنی نەتەوەی وەک: (عەرەب، کورد، فارس، هیندی و…هیتر)کە موسڵمان بوون.

۱-فڵچەی ددان: پێغەمبەر محمد (سەلات و سەلامی خودای لەسەر بێت)، یەکەم کەس بوو فڵچەی ددانی بەکار هێنا، کە ناسراوە بە (سیواک) کە ئایینی ئیسلام یەکەم هاندەر و پاڵنەر بووە بۆ تەندروستی جەستەی.

٢-ئامێری فڕین: (عەباس بن فرناس) یەکەم کەس بوو کە هەوڵی جددیدا بۆ دروستکردنی ئامێری فڕین، توانی ئامێرێ دروست بکات، سەرەڕای شکستی لەسەرەتادا بەڵام بەردەوام بوو، وە هەوڵەکانی زەمینەیێک بوون بۆ دروستکردنی فڕۆکە.

٣-ئامێری پزیشکی: (زەهراوی) زیاتر لە ۲۰۰ ئامێر و کەرستەی پزیشکی دروستکردووە، ڕوونی کردەوە کە چۆن بەکار دێن.
مامۆستا و زانا لە زانستی نەشتەرگەریدا و یەکەم کەس بوو کە حەبی کەپسولی دروست کرد و ناسراوە بە باوکی نەشتەرگەری.

٤-قاوە: لە یەمەن دۆزرایەوە لە سەدەی ۹ی.ز، یارمەتی موسڵمانانیدا تا درەنگی شەو بمێنەوە بۆ نوێژ و پەرستش، دوواتر هێنرا بۆ قاهیرە و دوواتر بە خێرای بڵاو بویەوە لە سەدەی ۱۳ گەشتە تورکیا و دوواتر گەشتە ئەوڕووپا.

٥-ٲ-ئوستورلاب: ئەمەی دایهێنا ئافرەت بوو کە ناسراوە بە (مریەم ئوستورلاب)، ئامێرەکە پێوانەی دووری شوێنەکانی دەکرد، لە هەمانکاتدا قیبلە (ڕووگە) نما و GPS و توانای دیاریکردنی کەشوهەوای هەبوو، وە قیبلە نما ڕەگ و ڕیشەی کۆنتری هەیە کە داهێنانی چینەکانە، بەڵام ئوستورلاب تەنیا قیبلە نما نەبوو.

٥-ب-ئەم سەردەمە بە سەردەمی جوگرافیاش ناسراوە، (عبدالله محمد ئیدریس) بە دامەزرێنەری زانستی جوگرافیا و نەخشەی جیهان دادەنرێت.

٦-کامێرا: یەکەم کەس بەناوی (ابن هیثم) توانی کامێرا دابهێنێت، بنەما سەرەکییەکانی کامێرای داهێنا و لە کتێبی (المناظر ابن هیثم) تۆماری کردووە، کە وەک سەرچاوەیێک لە ئێستا بەکاردێت.

۷-کاتژمێر:(جەزەری) یەکەم زانای کوردی موسڵمان توانی چەندان داهێنان بکات گرنگترینیان کاتژمێر بوو بەتایبەت (کاتژمێری فیل) کە کۆکەرەوەی شارستانییەتەکانی سەردەم بوو، کە کاتژمێریان دروست کردبوو وەک (میسر، چین، هیند)
جگە لەوە ڕۆبۆت، پێوانەی خوێن، مەکینە و سەدان ئامێری تر.

٨-بیرکاری: بیرکاری ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە سەردەمی بابلییەکان کە زۆر زیرەک بوونە لەم بوارەدا، بەڵام موسڵمانان داهێنانی تریان کرد لەم بوارەدا.(خواریزمی) یەکەم زانای بیرکاریە کە یاسای گشتی لۆگاریتمی داناوە.
هەروەها یەکەم کەس بوو کە پەیوەندی نێوان (جەبر) و (هەندەسە)ی دۆزیەوە.

٩-کیمیا: دامەزرێنەری زانستی کیمیا (جابری کوری حیار) ناسراو بە باوکی کیما وە چەندین داهێنانی تری هەیە.

١٠-بۆمبی بێهۆشکەر: لەسەردەمی سەلاحەدینی ئەیوبی کوردی دروستکرا ئەوکاتەی هێرەشی کردە سەر خاچ پەرستان، بۆ ئەوەش بوو تاکوو کەمترین کەس بکوژرێت، بۆمبەکە پێکهاتبوو لە (بغورد و مادەی ئەفیفۆن و… هیتر).

١١-سەدەی ئاو (بەنداو): دروست کردنی یەکەم سەدە بوو بۆ گڵدانەوەی ئاو لە لایان ئەندازیارانی موسڵمان دروست کرا لە قاهیرە.

١٢-بۆن: زانای موسڵمان یعقوب بن اسحاق، فەیلەسوف و کیمیازان و فەلەکناس، لە کتێبە ۱۰ بەرگەکەی باس لە دروستکردنی عەتر و بۆنی کردووە لە ڕێگەی دڵۆپاندن و شیکار و پاڵفتەکردن.

١٣-ڕۆکێت: یەکەم (موشەک یان سارۆخ) لە لایان (لاغاری حەسەن شەلەبی)لە ساڵی ۱٦۳۳ دروستکرا لەسەردەمی سوڵتان مورادی چوارەم، کە ٥٤ ڕتل باروتی تیایدا بەکار هێنابوو، لە تاقیکردنەوەکەشی ماوەیێک بەرەوە ئاسمان بەرز بوویەوە.

١٤-قەلەم جاف: لەلایان خەلیفەی فاتمی (المعز لدین الله) لە میسڕ داهێنرا، بڕیاردرا چیتر پەڕی باڵندە نەکرێتە ناو مەرەکەب بەڵکوو مەرەکەب بکرێتە ناو قەڵەم.

١٥-داهـێنانـی مەعجونی ددان و پاکردنەو کــە لە
کتێــبی (مـطبـخ زریـاب) باسـی کـردووە.

١٦-هۆلی ئەدەبی تایبەت بە ئافرەت: عائیشەی قورتوبی یەکەم ئافرەت بوو توانی یەکەم هۆلی ئەدەبی تایبەت بە ئافرەتان دروست بکات، وەک ڕۆژهەڵاتناس (گۆستاف لۆبۆن)دەلێت: موسڵمانان خاوەن یەکەم هۆڵی ئەدەبین تایبەت بە ئافرەت کە ئەورووپییەکان لەوانەوە فێربوون.

لە ئەنجامی ئەم وتارە بۆمان ڕوون بوویەوە کە کۆمەڵگای ئیسلامی خاوەنی شارستانییەتێکی گەورەیە، وە کاریگەری هەبووە بەسەر جیهان لە پێشکەوتنیدا لە زۆربەی لایەنەکان.

هەروەها شایەنی ئەوەیە کە مرۆڤایەتی شانازی بکات و بە گەورە بڕوانێت لە دەستکەوتەکانی زانا موسڵمانەکان لەبەرامبەر داهێنان و دەستکەوتەکانیان، وە ناکرێ ئیسلام و موسڵمان ناو بنێن بە تێکدەر و خوێن ڕێژ.

ئەمەی کە باسیش کرا تەنیا دڵۆپێک بوو لە دەریای شارستانییەتی ئیسلامی.

تعليقات