مێژووی قەزای شەقڵاوە:

مێژووی قەزای شەقڵاوە:


قایمقامیەتی قەزای شەقڵاوە سەر بە پارێزگای هەولێرە و لە ناحیەکانی (صلاح الدین، هیران، هه‌ریر، باسرمه‌، بالیسان) پێکهاتووه‌، هه‌روه‌ها (٢١٧) گوندیش له‌ خۆ ده‌گرێت، ژمارەی دانیشتوانی لە سەرووی (۲٦) هەزار که‌سە.

پێناسەی گشتی قایمقامیەتی قەزای شەقڵاوە:

قەزای شەقڵاوە تاكە قەزایەكی گەشتیاریە لە هەرێمی كوردستان، كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق ڕووی تێدەكەن، بە مەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش لە شوێنە گەشتیاریەکانی.

شەقڵاوە لە هاوینان ئاو و هەوایەكی خۆش و سازگاری هەیە، هەمیشە لەگەڵ هەولێر جیاوازیەكی باش بەدیی دەكرێت لە ڕووی ئاو و هەواوە، لەگەڵ ئەوەشدا “چیای سەفین و سۆرک” جوانیەكی دیكەی بەقەزای شەقڵاوە داوە، لەگەڵ هەبوونی سەوزاییەكی سرووشتی خوادادی.

خەڵكی شەقڵاوە لە ساڵانی پەنجاكانەوە لەگەڵ گەشتیاران ئاشنان، واتە شارێكی گونجاوە بۆ گەشتیاری و گەشتیار دەتوانێت سوود لە مامەڵەی باشی هاوڵاتیانی شارەكە وەرگرێت و لەهەمان كاتدا هەبوونی ژمارەیەكی زۆری هوتێل و مۆتێل لەم شارەدا، جارێكی دیكە دڵی گەشتیارانی بۆ لای خۆی راكێشاوە و شەوانە گەشتیارەكان بە ئارەزووی خۆیان دەتوانن لە بازاڕ و شوێنە گەشتیارەكان كاتێكی خۆش بەسەر بەرن. جگە لە هەبوونی چەند هوتێلێكی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە و هەبوونی چەندین خواردنگەی گەشتیاری لەم شارەدا. هەرچەندە شەقڵاوە بە شارێكی گەشتیاری ناسراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا جۆرەها بەروبوومی خۆماڵی هەیە، كە پێشكەش بە گەشتیاران و دانیشتووانەكەی دەكات و زۆربەی ئەو بەروبوومانەی كە لە دەوروبەری شەقڵاوەوە دێن، لەم شارەدا ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵكەكە بە پیشەسازی دەكرێت، وەكوو دروستكردنی نانە قەیسی و سركەی هەنار و جۆرەها مرەبای جیاواز، كە ئەمەش وای كردووە لە هاویندا داوایەكی زۆری لە سەر بێت و خەڵكەكەش سوودی مادی باشیان پێبگات و لە ڕوانگەی ئابووریەوە خەڵک سوودمەند دەبن و جارێكی دیكە جووڵەی گەشتیاری دەبووژێتەوە .

مێژووی قایمقامیەتی قەزای شەقڵاوە :

شەقڵاوە مێژووی دروستبوونی دیار نییە، بەڵام شوێن دەستی مرۆڤ و دۆزینەوەی شوێنەوار و کەلوپەلی کۆن، بەڵگەی ئاوەدانییەکی کۆن و بەردەوامی ژیانی مرۆڤن لەم ناوچەیەدا، ھەروەک لە گرد و دۆلەکانی چیای سەفین، دەیان نموونەی دیار و زیندوو ھەن، دیارترینیان ئەشکەوتی شێخ و سورەحمان (مار ڕەبەن بویا) و ئەشکەوتی کۆتران و کونە پیسک و بەردی کونتی و دەنگارە‌ن، بەڵام تا ئێستا لە ڕووی شوێنەوارناسییەوە بایەخیان پێنەدراوە.

شەقڵاوە ناوەندی قەزای شەقڵاوەیە و لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان کراوە بە ناحیە و یەکەم بەڕێوەبەری ناحیەش «شەفیق ئەفەندی» بووە، لە ساڵی (١٩٥٢ی.ز) کراوە بە قەزا، یەکەم قائیمقامیش «شاکر فەتاح» بووە. سەر بە پارێزگای ھەولێرە و کەوتووەتە بەشی باکووری رۆژھەڵاتی ھەولێر و (٥٠) کم لێیەوە دوورە، زۆربەی دانیشتووانەکەی لە ھۆزی خۆشناون، پێکھاتەی خەڵکی شەقڵاوه موسڵمان و مەسیحین، جاران جوولەکە‌شی لێ بووە.

سەرچاوەی ناوی شەقڵاوە تا ئێستا یەکلا نەبووەتەوە، کۆنترین سەرچاوەش کەوا ناوی شەقڵاوەی تێدا ھاتبێ، (معجم البلدان)ی یاقووتی حەمەوییە. لە ساڵی ١٢٢٨ی.ز بەرانبەر بە ٦٢٦ی کۆچی کە بە (شقلاباژ) ناوی ھێناوە و دەڵێ: (بفتح شین و سکون القاف، قریة کبیرە ملیحە في لحف الجبل المطل، علی اربل ذات کروم کثیرە، و بساتین وافرە، ینقل عنبها الی اربل العام بطولە، فَیکفِیهم، بَینها و َبین اربل ثمانیە فَراسخ)، واتا: گوندێکی گەورە و دڵگیرە لە بناری ئەو چیایەی بەسەر ھەولێر درێژ بووەتەوە، میوی زۆرە، باخی بەرفراوانی ھەیە، ترێیەکەی بە درێژایی ساڵ بۆ ھەولێر دەگوازرێتەوە کە بەشیان دەکات، مەودای ھەتا ھەولێر ٨ قۆناغە.


لە چەندین سەرچاوەی دیكەشدا ناوی شەقڵاوە ھاتووە و ئەوەی لەمەڕ چۆنیەتی ناولێنانی ھاتووە، ھەمووی بە بۆچوونی نووسەرەکانیان بۆچوونی کەسانی دیكەن، ھەندێکیان پێیان وایە لە شەقبوونی ئەو دۆلە ھاتووە کە شەقڵاوەی تێدا دروست بووە، کە لە نێوان چیای سەفین و بەرزایی سۆرک دروست بووە، ھەندێکی دیكە پێیان وایە، کە ئەم ناوە لە شاقوڵی بەگ وەرگیرابێ، کە لە سەردەمی سلێمانی قانوونی حوکمڕانی ئەو ناوچەیەی کردووە، مەلا جەمیل ڕۆژبەیانیش پێی وایە، لە یەکگرتنی ھەردوو وشەی (شەقڵ) و (ئاوا) ھاتووە، بە مانای ئاوەدان بە دار، “شاماشە میخایل” دەڵێ ھەر شەقاوەک ئاوە، بەھەر حاڵ، بەڵام تا ئێستا بۆچوونەکەی مەلا جەمیل لە ھەموویان زیاتر لە راستیەوە نزیکە، چونکە خەڵکی ناوچەکە بە داریان گوتووە (شەقرا) و (ئاوا)ش بۆ زۆر شوێنی تر بووەتە پاشگر کە مانای ئاوەدانی دەبەخشێت، ئێستاش خەڵکی ناوچەکە دەڵێن (شەقراوە) نەک (شەقڵاوە).

بەگوێرەی ساڵنامەكانی ویلایەتی موسڵ ساڵی ۱٨۹۰ی.ز و ساڵنامەی ۱۹۰۶ی.ز، تیایدا باسی ئەوە دەكەن، كە هەر یەک لە شەقڵاوە و بالیسان دوو ناحیەی سەر بە قەزای كۆیە بوون، لە سۆنگەیەكی دیكەوە بە گوێرەی دابەش كردنی كارگێڕی نوێ ویلایەتی موسڵ تا ساڵی ۱۹۱٨، لە ڕووی كارگێڕیەوە بریتی بوو لە سێ لیوا، ئەوانیش لیوای موسڵ و سلێمانی و كەركووک، كە لیوای كەركووک لە ۶ قەزا پێک هاتبوو، ئەوانیش هەریەک لە قەزاكانی (كەركوک، ڕەواندز، هەولێر، كۆیە، كفری، ڕانیە) بوون، لەم دابەش كردنەدا قەزای هەولێر سێ ناحیەی لە خۆ گرتبوو، بریتی بوون لە ناحیەی (سوڵتانیە و دزەی و شەقڵاوە)، بەڵام (دێرە هەریر) ناحیەیەک بووە سەر بە قەزای ڕەواندز، لە كاتێكدا سەڵاحەدین وەک گوندێک بووە سەر بە ناحیەی شەقڵاوە.

لە ڕێکكەوتی ۱٥ /۱۲/ ۱۹۱٨ی.ز عوسمانییەكان دەسەڵاتیان نەما، لەم هەلومەرجەدا، كۆیە و ناوچەكانی دەورووبەری كەوتنە ژێر ركێفی دەسەڵاتی بەریتانی، لە دووایدا سەركردەی سەربازی (كاپتن های) بووە دەسەڵاتداری سەربازی سیاسی لە شاری كۆیە و دەورووبەری، كە درێژ دەبێتەوە بەرەو ناوچەكانی خۆشناو، ئەوە بوو ئینگلیزییەكان (حەمە ئاغای غەفوور)یان كردە دەسەڵاتداری كارگێڕی لە كۆیە، ناوچە فراوانەكانی هەریەک لە ناوچەكانی خۆشناو و شەقڵاوە و بالیسیانی بەرێوە برد.

لە گەڵ دروست بوونی دەوڵەتی عێراقیش لە ساڵی ۱۹۲۱ی.زدا، عێراقی كارگێڕی لە ۱٤ لیوا پێک هات، لە نێوانیاندا لیوای هەولێر بوو، كە ئەو كات هەریەک لە شەقڵاوە و هەریر، ۲ ناحیەی سەر بە قەزای هەولێر بوون.

بە گوێرەی سەرژمێری دانیشتووانی ساڵی ۱۹٤۷ی.ز، شەقڵاوە وەک ناحەیەک بووە سەر بە قەزای هەولێر، ژمارەی دانیشتوانی ئەو كات (۱۳،۲٨۹) كەس بووە.

لە ڕێکكەوتی ٠١/٠٥/١٩٥٢ی.ز شەقڵاوە وەک ناحیە نامێنێ و ڕاستەوخۆ دەكرێتە قەزایەک سەر بە پارێزگای هەولێر و قایمقامی ئەو کاتەش خوالێخۆشبوو(شاكر فەتاح) دەبێت.










































تعليقات