٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان+ڤیدیۆ:

٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان+ڤیدیۆ:


ڕۆژی ٨مارس ڕۆژێکی تایبەتە بە خانمان و وەک جەژنێکی تایبەتی یادی دەکرێتەوە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان، بەگشتی لەم ڕۆژەدا لە کوردستانیش هەندێک ئاهەنگ و بۆنە و کۆڕ و سیمناری تایبەت بە خانمان بەڕێوەدەچێت و خەڵاتیش بە بەشێک لە خانمان دەبەخشرێت.

لەڕووی بیروباوەڕەوە ئەم بۆنەیە زیاتر هاندانی خانمانە بۆ ئەوەی بوێرانە هەوڵبدەن و شان بەشانی پیاوان کاربکەن بەبێ بیرکردنەوە لە جیاوازی ڕەگەزی، تا ژیانێکی باشتر بەدەستبهێنێت لەڕێگای ئەو کارەی کە خۆی خواستی لەسەریەتی، واتە شکاندنی بەربەستەکان، لەلایەکی دیکەوە دژی زوڵم و توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان کۆشش دەکرێت، بۆ نەمانی چەوساندنەوە و ستەمکردن بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ و سەیرکردنی وەک مرۆڤێک.

لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیهاندا لەم ڕۆژەدا پشووی فەرمیە و چالاکی گەورە ساز دەکرێت، وەک ئازرباینجان و کەمبۆدیا و چین و جۆرجیا و تورکمانستان و ڕووسیا و…..هتد.

لەڕووی مێژووییەوە هۆکاری گۆڕینی ٨ مارس وەک ڕۆژێکی جیهانی تایبەت بە خانمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱٨۵۷ی.ز، کە لەڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا سەرجەم کرێکارە ژنەکانی کارگەیەکی قوماش و دوورینی جلوبەرگ لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا لەپێناو زیادکردنی داهات و چاککردنی ژیان و گوزەرانیان و کەمکردنەوەی ماوەی کارکردنیان خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، بەڵام بەهێز و زەبرێکی زۆر کەوتنە لێدانی ئافرەتەکان و سووکایەتی پێکردنیان و چەندین قوربانی و کوشتنی لێکەوتەوە.

ئەم ڕووداوە کاریگەریەکی زۆری دروستکرد لەڕووی مرۆڤایەتیەوە و لە ساڵی ١٩٠٧ی.ز لەیادی په‌نجاهه‌مین ساڵڕۆژی خۆپیشاندانی نیویۆرک له‌ ٨ی مارسدا، ژنانی خەباتگێڕ بۆ دابینكردنی مافه‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ژنان خۆپیشاندانیان ‌ڕێکخست، پێشنیاریش کرا بۆ ئەوەی ڕۆژێک تایبەت بکرێت بە ئافرەتان، ئەم هەوڵەش بەردەوام بوو لەلایەن چەندین ڕێکخراوی تری خانمانەوە بەردەوام جەختی لەسەر دەکرایەوە وەک: (ژنانی سۆسیاڵیستی ئەڵمان، ژنانی سوسیاڵیستی كلارا زتكین، ژنانی سوسیاڵیستی نەمسای رۆژی و…. هتد).

پاشان لە ۱۹ی مارسی ساڵی ١٩١١ی.ز خانمانی چەند وڵاتێک ڕژانە سەر شه‌قامه‌كانی وەک ئەڵمانیا، نەمسا، دانیمارک، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە نەمسا-ئۆتریش گەیشتە نزیکەی ۳۰ هه‌زار كه‌س، لەئەنجامی ئەمەش هێزه‌كانی پۆلیس هێرشیان کردە سه‌ریان، به‌ لێدان و دەستگیرکردن و توندوتیژی بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکە.

پاش هەموو ئەم هەوڵ و کێشە و کۆششکردنەوەی ژنان، لە ساڵی ۱۹۱۳ی.ز لەلایەن چەند دەزگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە ڕۆشنبیری ژن، ٨ی مارس دەکاتە ڕۆژی جیهانی تایبەت بە ژنان.

لە دووای ئەم بڕیاڕەش ژنانی شۆڕشگێڕ لە چەندین وڵاتی دیکە لەم ڕۆژەدا لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان و دژبە نەهێشتنی زوڵم و ستەم خۆپیشاندانیان دەکرد، لە ساڵی ۱۹۲۱ی.ز دا ” ژنانی ئه‌نترناسیوناڵی سێیه‌می كۆمۆنیستی مۆسکۆ، ڕۆژی ٨ی مارسی وه‌ک رۆژی جیهانی ژن په‌سه‌ند كرد، لەدووای جەنگی دووەمی جیهانیش پەرەی سەند و بۆ بەشێکی دیکەی وڵاتانی ئاسیا و ئەمریکا و چەندین وڵاتی تر پەلی هاویشت و ژنان لە ٨ی مارسی هەموو ساڵێکدا یادی ئەم ڕۆژە دەکەنەوە.



تعليقات