خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پەنجەکان:

خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پەنجەکان:


ئیبن سیرین دەڵێ: پێنج پەنجەکانی (دەستی ڕاست)، بە پێنج فەرزەی نوێژ لێک دەدرێتەوە.
پێنج پەنجەکانی (دەستی چەپ)یش، منداڵەکانی برایە (برازا)، هەندێ لە لێکدەرەوانی خەو گوتوویانە: پەنجە گەورە (پەنجەی ئەسپێ کوژە)، واتە نوێژی بەیانیان و پەنجەی شایەتومان (دۆشاو مژە) نوێژی نیوەڕۆیە و پەنجەی (هەڵمە لووتە)، نوێژی خۆرئاوابوونە و پەنجەی هاوکاری یان پەنجەی ئەڵقە(برای توتە) نوێژی شێوان و پەنجەی بچووک(پەنجە توتە) نوێژی خەوتن و خێر و چاکە و شەونوێژە.
ئەگەر بینی پەنجەی دەستی راستی نییە، منداڵ یان براکەی دەمرێ، هەندێک دەڵێن: مەینەتی و ئازار یەخەی برازاکەی دەگرێت.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی لە نێوان پەنجەکانی درهەم و پارەی لێدانابوون، واتە لەمپەر و بەربەستێک لە ڕێگەیدا دروست دەبێت.
ئەگەر پەنجەکانی پێکەوە کۆ کردەوە و دەستی نوقاند، واتە کاری برادەرانی منداڵەکەی بە باشی ڕادەپەڕێنێ.
ئەگەر پەنجەکانی وەکوو ئامادەکردنی مشت و بۆکس خڕ کردبوو، کارەکانی بە رووی خۆی و ئەندامانی ماڵەکەیدا دادەخرێن.
جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی پەنجەی گەورەی بڕابوو، واتای ئەوەیە بژێوی ژیانی دەبڕێت و نانبڕاو دەبێت.
ئەگەر پەنجەی شایەتومانی بڕابوو، ئەوا لە بەجێهێنانی نوێژەکاندا، کەمتەرخەمی دەنوێنێ.
ئەگەر پەنجەی نێوەندی بڕابوویەوە، لە شارێکدا پیاوێکی گەورە، یان حاکم و فەرمانڕەوایەک دەمرێت.
ئەگەر پەنجەی ئەڵقە (برای توتە) بڕابوویەوە، واتە زیان لە ماڵ و داراییەکەی دەکەوێت.
ئەگەر پەنجە توتەی (پەنجە بچووکەکەی) بڕابوویەوە، واتە منداڵە لە دایکبووەکەی دەمرێ.
ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: بینینی پەنجەکانی پێ لە خەودا، جوانی و ئارایشتە.
ئەگەر بینی پەنجەکانی پێی، قەڵەو و گەورە بوو، واتای ئەوەیە کاری هاوسەرگیرییەکەی ساز دەبێ.
ئەگەر بەپێچەوانەوە خەوەکە ببینێت، کارەکەی سەرناگرێت.
ئەگەر بینی پەنجەکانی قاچی تووشی دەردێک بوو، بەشێوەیەک کە نەیتوانی رێ بکات، خەمێکی قورسی تووش دەبێ.
ئەگەر بینی پەنجەی دەست و قاچەکانی کەمە، واتە کاری ئەو کەسە سەرەوژێر دەبێتەوە.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی پەنجەکان لە خەودا، شەش جۆر لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. یەکەم: منداڵ. دوووەم: برا و برازاکان. سێیەم: خزمەتکاران. چوارەم: دۆست و یاران. پێنجەم: هێز. شەشەم: پێنج فەرزەی نوێژ.
ئەگەر بینی پەنجەکانی هەڵوەرین یان بڕانەوە، واتە لەوانەی کە باسمان کرد، جیاوازی دەکەوێتە نێوانیانەوە.
ئەگەر پەنجەی شکا، واتە یەکێ لە ئەندامانی خێزانەکەی دەمرێت.
خەڵەف ئەسفەهانی دەڵێ: ئەگەر لە پەنجە گەورەی ئەو کەسەوە، شەڕی لێ دەچۆڕا، یان خوێن لە پەنجەی شایتومانیەوە دەهات، واتە ئەو کەسە لەگەڵ دایکی خۆی کاری خراپ دەکات.
ئەگەر لە پەنجەی ئەو کەسەوە، دەنگی ئاواز و گۆرانی دەهات، واتە ناکۆکی دەخاتە نێوان خزمەکانییەوە.
تێبینی: لێرەدا باسی نوێژی عەسر نەکراوە، ئەوەش هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئایینزای شیعە نوێژی عەسر لە پێنج فەرزەی ڕۆژانە فەرامۆش دەکەن، بۆیە بە بڕوای وەرگێڕی کوردی، بۆ ئایینزای سوننە، دەکرێ نوێژەکان بەپێی زنجیرەی ئاسایی خۆی لەگەڵ پەنجەکان ڕێک بخرێتەوە. (و.کوردی).
وشەی (و. کوردی)ش بە واتای وەرگێڕی کوردی دێت.

تعليقات