ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی شێخ ڕەزا دەرسیم:

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی شێخ ڕەزا دەرسیم: 


دوای جەنگی یەکەمی جیهانیش خەڵکی هەرێمەکە بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆییان ڕاپەڕینێکیان دژی کەمالییە داگیرکەرەکان بەناوی ڕاپەڕینی (کۆچگیری)یەوە بەرپاکرد، بەڵام ڕاپەڕینەکە دڕندانە سەرکوتکرا و ژمارەیەکی زۆریش ژن و منداڵ و خەڵکی ناوچەکە کوژران و گوندێکی زۆر سووتێندران و خەڵکێکی زۆریش ڕاگوێزران و دەربەدەر کران.

ئەم سیاسەتە پڕ لە زەبر و زەنگەی کەمالییە داگیرکەرەکان دژی گەلی کورد بەکاریان دەهێنا لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم، وەک پیشتر باسمان کردبوو بەهۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆرشی ئاگری داغ و دواتریش ڕاپەڕینی دەرسیم بە ڕێبەرایەتی سەید ڕەزای دەرسیمەوە دەستی پێکرد.

لەگەڵ سەرەتای هاوینی ۱۹۳٦ی.ز بارودۆخی هەرێمی دەرسیم تێکچوو، بەهۆی ئەو هەموو هێزە سەربازیی و دام و دەزگا سەرکوتکەرانەی کە تورکیای داگیرکەر لە ناوچەکەدا دایمەزراندبوو، دواتریش ئەو گەماروە سەختەی کە سەرکردەی هێزەکانی تورکیای داگیرکەر لە ناوچەکە (ئالب دۆغان) سەپاندبووی بەسەر دانیشتووانی ئەو هەرێمە، ئەم هۆیانە و زۆری تریش کە پەیوەندی بە سیاسەتی شۆڤینیانەی/ڕەگەزپەرستانەی کەمالییەکانەوە هەبوو، بەهۆی بێزاری و ڕق و قینی کوردەکان بەرامبەر کەمالییەکان و بە ئاشکرا خەڵک ڕووبەڕووی کەمالییەکان دەبوونەووە و ناڕازایەتییان دەردەبڕی، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی (مستەفا کەمال ئەتاتورک)ی گۆڕبەگۆڕ بە ڕاشکاوی لە کۆبوونەوی بەناو ئەنجوومەنی گەورەی نانیشتمانی تورکیای داگیرکەردا، لە ساڵی ۱۹۳٦ی.ز دا بڵێت: (گرنگترین بابەت باری ناوخۆی ئێمە گیروگرفتی شاری دەرسیمە، لەبەر ئەوە بۆ بنبڕکردنی ئەو کوانە کوشندەیە، بۆ ئەوەی بتوانین خێراتر بڕیاربدەین، پێویستە حکوومەتە داگیرکەرەکەمان دەسەڵاتێکی بەرفراوان و بێسنووری بدرێتێ، بۆ سەرکوتکردنی کوردان و شۆڕشگێڕانی شاری دەرسیم).

هەروەها ئەو گرانی و برسێتی و بێکاریەی کە لە ئەنجامی قەیرانی ئابووری جیهانی لە نێوان ساڵانی (۱۹۲۹-۱۹۳۲ی.ز)دا دروستببوو، کوردستانیشی گرتبووەوە.

سەید ڕەزا بۆ ئەوەی ناوچەکە لە شەڕ دووربخاتەوە چەند جارێک نامەی بۆ (ئالب دۆغان)ی فێڵباز نارد، تەنانەت سەید ڕەزا جارێکیان کوڕێکی خۆی نارد بۆ وتووێژ، بەڵام بە فێڵ گرتیان و دواتر کوشتیان، بۆیە شۆڕش لە زستانی ساڵی ۱۹۳۷ی.ز دا دەستی پێکرد و شۆڕشگێڕان چەندین سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر هێزەکانی تورکی داگیرکەردا بەدەست هێنا، بۆیە تورکیای داگیرکەر بڕیاریدا هێزێکی گەورەی ڕاهێنراو و پشت ئەستوور بەچەکی قورس و فڕۆکەی جەنگی کڕدراوی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕەوانەی دەرسیم بکات، تەنانەت سەرۆک وەزیران (عیسمەت ئینۆنۆ) خۆی سەرکردایەتی سوپای تورکیای گرتە ئەستۆ، لە پەلامارێکی گەورەدا ڕووبەرێکی فراوان لە دارستان و کێڵگە و گوندەکانی دەرسیم ئاگریان تێبەردرا، بەو بیانووەی شوێنی خۆحەشاردانی شۆڕشگێڕانی کوردە.

ئینجا چەندین شەڕی قورسی ناهاوتا/نابەرامبەر لە نێوان هەردوولادا هەڵگیرسا کە تیایدا کوردەکان ئازایانە بەرگریان کرد، بەڵام لە بەرامبەر لەشکری گەورە و پڕچەک و ڕاهێنراو و فڕۆکەی شەڕکەری تورکیای داگیرکەردا نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن و تەنانەت لە شەڕێکیاندا سەید ڕەزا بۆ خۆی کە تەمەنی (۷٥)ساڵ بوو بەقورسی برینداربوو.

زستانی ساڵی ۱۹۳۷ی.ز ساڵێکی سەخت بوو، خەڵکێکی زۆریش ئاوارە و دربەدەر ببوون، بێ جێگا و شوێنی پشوودان بوون و شۆڕشگێڕانیش خارووبار و تەقەمەنیان زۆر کەم ببوو، لە چیا سەختەکانی (دەرسیم)دا دەمانەوە.

لەو کاتانەدا (ئالب دۆغان)ی فێڵباز نامەیەکی بۆ سەید ڕەزا دەرسیم نارد و بەناوی حکوومەتی فێڵباز و داگیرکەری تورکیاوە ئامادەی خۆی بۆ گفتوگۆ دەربڕی، بۆیە سەید ڕەزا بۆ گفتوگۆ چوو بۆ شاری (ئەرزنجان) لەو پەڕی باکووری کوردستان، بەڵام لەوێ یەکسەر دەستگیریان کرد و دوای دادگاییەکی ڕووکەشانە خۆی و (یازدە) لە هاوڕێیەکانی بە خیانەت و فێڵ و تەڵەکەی تورکیای داگیرکەر لە سێدارە دران.

تعليقات