خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پاشا-فەرمانڕەوا:

خەوننامەی کوردی، بەشی پە؛ پاشا-فەرمانڕەوا:




ئیبن سیرین دەڵێ: دووازدە شت نیشانەی پاشایەتییە.

یەکەم: ئەگەر بینی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) ئەوی کردووە بە پێشەوا.

دووەم: ئەگەر بینی زانستی شەریعەتی دەخوێند و ئەنجامی دەدا.

سێیەم: ئەگەر لە خەویدا گوێی پێغەمبەری لە پێش خۆی بینی، واتە چاوەڕێی نوێژ دابەستن بوو.

چوارەم: ئەگەر بینی لەسەر مینبەرەکەی پێغەمبەر وتاری دەدا.

پێنجەم: ئەگەر بینی جلوبەرگەکانی پێغەمبەری (د.خ)لەسەربێت لەبەر دایە.

شەشەم: ئەگەر ئەنگوستیلەیەک ببینێ کە لە پەنجەیدایە.

حەفتەم: ئەگەر بینی بووە بە خۆر، یان بووە بە مانگ.

هەشتەم: ئەگەر بینی لەش و جەستەی بووە بە ڕووبار.

نۆیەم: ئەگەر بینی چاوەکانی بوون بە دیواری شار.

دەیەم: ئەگەر بینی چاوەکانی بوون بە میحرابی مزگەوت.

یازدەیەم: ئەگەر بینی فەرمانڕەوایی وڵات ئەنگوستیلەیەکی پێدا.

دووازدەیەم: ئەگەر بینی چاوەکانی وەکوو چاوەکانی مانگای لێ هات.

بینینی ئەم دووازدە شتە لە خەودا، نیشانەی بوون بە پاشایەتییە.

دانیاڵ پێغەمبەر دەفەرمێ: ئەگەر بینی حاکمی وڵات جلوبەرگ و کڵاوی پێدا، واتە دەبێتە سەرۆکی کەسەکان و خەڵکەکانی خۆی.

ئەگەر بینی حاکمی وڵات، کڵاوی خاوێنی لەسەردایە، نیشانەی شەرەف و ڕێز و چاکەکاری و تەمەن درێژی حاکمە.

ئەگەر بینی حاکمی وڵات میزەرە یان جامانەی بەسەرەوە بوو، وەکوو ئەوەی کە لە سەردەمی پێغەمبەردا (دروودی خوای لەسەر بێت)، واتە دەبێتە فەرمانڕەوایەکی دادپەروەر و بە ویژدان.

ئەگەر بینی دەستکەوت و داهاتی فەرمانڕەوایی وڵاتی گرت دەست و فەرمانڕەواش بووە گوێڕایەڵی، واتە وڵاتانی دونیا داگیر دەکات و فەرمانڕەوایەتیان بەسەردا دەکات.

ئەگەر بینی بووە حاکم و فەرمانڕەوا، بینەری خەوەکە دەوڵەمەند و بەهێز دەبێت.

ئەگەر بینی فەرمانڕەوای وڵات لە کۆڵان یان لە حەوشەی ماڵەکەیەوە بەدەرکەوت، بەشێوەیەک کە دەرکەوتنەکەی بووە هۆی ناڕەزایی خەڵک، واتە خەڵکی ئەو دەڤەرە تووشی خەم و مەینەتی دەبن بەهۆی ئەو حاکمەوە.

ئەگەر بینی وەدەرکەوتنی حاکم نەبووە ناڕەزایی هیچ کەسێک، واتە هیچ زەرەر و زیانێک بە خەڵکی ئەو دەڤەرە ناگات.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی فەرمانڕەوایەک مرد و نەیانشاردەوە و بۆی نەگریان و تەرمەکەیان هەڵنەگرت، واتە هەندێ لە سنوور و سەراکەی وێران دەبێت، کە پەرێشان و دڵ ڕەنجاو دەبێت بەهۆیەوە.

ئەگەر حاکمی وڵات دیتی کەعبە ماڵ و سەرای ئەوە، واتە هەرگیز هیچ زەواڵێک لە وڵاتەکەیدا نییە و لە دوژمن بەدوور و سەلامەت دەبێت.

ئەگەر بینی سڵاو لە کەسێک دەکات، یان کەسێک سڵاو لەو دەکات، واتە لە خەم و مەینەتی بە دوور دەبێت.

ئەگەر فەرمانڕەوای وڵات دیتی کە پەت و گوریسی بەدەستەوەیە، یان دەستی لە گوریس و ڕێسمان داوە، واتە بۆ ڕێگەی ڕاست دەڕوات و لەسەر ڕێگای دادپەرەوەری و ویژدان دەمێنێتەوە.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی لەلای فەرمانڕەوای گەوەری وڵات بوو، واتە لە لایەن فەرمانڕەواوە، بەهرە و قازانجی پێدەگات.

ئەگەر فەرمانڕەوای لەناو جلوبەرگی باشدا بینی لە حەوشە و ماڵێکدا، یان لە کۆڵانێدا کە موڵکی ئەوە، نیشانەی زۆری و گەورەیی فەرمانڕەوا و ویلایەت و جێگە و پێگەی ئەو خزمەتکار و دەست پێوەند و ماڵ و منداڵ و خەزێنەکانیەتی.

ئەگەر بینی کەموکورتییەک لە فەرمانڕەوادا هەیە، ئەوا لێکدانەوەکەی بەپێچەوانەی ئەمەیە.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی فەرمانڕەوای وڵات لەسەر دەم خەوتووە، واتە فەرمانڕەوایەتییەکەی بۆ دەمێنێتەوە.

ئەگەر فەرمانڕەوا دیتی بە زەویدا ڕووچوو، واتە پیاوێک ڕێز و پلە و پایەی فەرمانڕەوا بەرزتر دەکاتەوە.

ئیمام جەعفەر سادق دەفەرمێ: ئەگەر کەسێک فەرمانڕەوای بە ڕوو گەشی و خۆشحاڵی و کراوەیی بینی، واتە کاری ئەو کەسە ئاسان و فراوان دەبێت.

ئەگەر کەسێک وەزیری فەرمانڕەوای لە خەودا بینی، واتە کارێک دەکات کە زوو بە چاکە بۆی دەگەڕێتەوە.

ئەگەر پاسەوانی پاشای بینی، واتە لە ئیش و کارەکاندا ڕوودەچێت و دوواجار بە ئاوات و مرازی خۆی دەگات.

ئەگەر هاوسەر و ژنی پاشا و فەرمانڕەوای دیت، واتە لەلایەن کەسێکەوە لۆمە و سەرزەنشت دەکرێت.

ئەگەر ئەفسەرەکانی فەرمانڕەوای بینی، ئەوا ئیش و کارەکەی بە چاکە بۆ دەگەڕێتەوە.

ئەگەر دەستیار و ژنەکانی فەرمانڕەوای بینی، واتە کارەکەی بەڕوودا بۆ فراوان و ئاسان دەبێت.

ئەگەر وەزیرەکان و شالیارەکانی فەرمانڕەوای بینی، واتە کەسێک سەرزەنشتی دەکات و ڕەخنەی لێدەگرێت و ئەو شتەی کە لە دەستی چووە، دیسان بەدەستی دێنێتەوە.

ئەگەر خزمەتکارەکان و حاکم و فەرمانڕەوای بینی، واتە کەسێک سەرزەنشتی دەکات، کە لە کارە ئاست نزم و پیسەکەی ناڕەحەت دەبێت.

ئەگەر پەردەدارەکانی فەرمانڕەوای بینی، واتە ئەو کارەی کە لێی بێبەش کراوە، بەڕوویدا دەکرێتەوە.

ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: ئەگەر بینی فەرمانڕەوایەک لە شارێکی ترەوە هات و بەسەر فەرمانڕەوای ئەو شارەدا زاڵ بوو، واتە کاروباری ئەو شارە، کەموکورتی تێدەکەوێت و ئیفلیج دەبێ.

ئەگەر بینی فەرمانڕەوا لە شارەکەی ئەودا یان لە ماڵەکەیدا نووست، واتە فەرمانڕەوا پێویستی بەو کەسە دەبێت و ئیش و کاری پێدەسپێرێت.

تعليقات