ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشەکانی بارزان (شێخ ئەحمەدی بارزان) :-

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشەکانی بارزان (شێخ ئەحمەدی بارزان) :-


دوای لە سێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، شێخ ئەحمەدی برای پێشڕەوی سەرکردایەتی بارزانی گرتە دەست، کە ئەو کاتە تەمەنی ١٨ساڵان بوو.

شێخ ئەحمەد بە توندی پابەندی ڕێبازی شؤڕشگێڕانەی شێخ عەبدولسەلام و داب و نەریتە باشەکانی ناوچەکە بوو.

لە ئەنجامی بەهێزی هەستی نیشتمانپەروەریەوە شێخ ئەحمەد لەساڵی ١٩١٩ی.ز داهێزێکی بۆ یارمەتیدانی شۆڕشەکەی شێخ مەحموود نارد، بەڵام بەهۆی ڕێگری ئینگلیزەکانەوە کاتێک هێزەکە گەیشتە ناوچەکە شۆڕشەکەی شێخ مەحموود کپ کرابووەوە.

ئینگلیزە داگیرکەرەکان بڕیاریاندا زەبرێکی توند لە ناوچەی بارزان بدەن و خەڵکەکەشی دەربەدەر بکەن و لە جێگای ئەواندا ئاشوورییەکان نیشتەجێ بکەن.

لەمانگی تشرینی دووەمی ١٩١٩ی.ز دا (کۆلۆنێل بیل)ی حاکمی مووسڵ لەگەڵ (کابتن سکۆت)ی حاکمی ئاکرێ گەشتێکیان بەناوچەکانی سوورچی و زێباری و بارزاندا کرد و دەستیانکرد بە هەڕەشەکردن بە سزادانی شێخ ئەحمەد و سەپاندنی سزا و باجی گەورە بەسەر سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەکە، کاتێکیش چوونە بارزان شێخ ئەحمەد پێشوازی لێ نەکردن، زێبارییەکان و بارزانییەکانیش بۆسەیەکیان بۆ ئەم دوو حکامەی ئینگلیز نایەوە و هەردووکیان کوشتن، دواتریش دەستیان بەسەر شاری (ئاکرێ)دا گرت.لە بەهاری ساڵی ١٩٢٠ی.ز دا ئینگلیز هێزێکی زۆری (لیڤی) ئاشوورییەکانی ناردە سەر بارزان و چەند شەڕێکی خوێناوی لە نێوانیاندا ڕوویدا، بەڵام زۆری پێنەچوو کاتێک هەردوولا درکیان بەو نەخشە خراپەی ئینگلیز کرد و شەڕەکانیان کۆتایی پێهێناو پەیوەندەییەکانیشان ئاسایی کردەوە.ئینگلیز ئەمجارە ویستی بەهەر نرخێک بێت شێخ ئەحمەد بەلای خۆیدا ڕابکێشێت جارێک ویستی بەهەر نرخێک بێت شێخ ئەحمەد بەلای خۆیدا ڕابکێشێت جارێک بەهەڕەشە و جارێکی تر بە پارە و خەڵەتاندن، بەڵام شێخ ئەحمەد هەڵوێستی خۆی نەگۆڕی و ئامادە نەبوو مل بۆ داگیرکاران کەچ بکات.

شێخ ئەحمەد هەمیشە لەگەڵ بەرپرسە بەریتانییەکاندا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پارە و سامان و شوێنی بەرزی ناوێ، بەڵکوو دەیەوێ لەسەر زێدی باب و باپیرانی خۆیان بە ئازادی بژین،بەڵام ئینگلیزەکان بەردەوام مەترسی دەست پێکردنی شۆڕشیان هەبوو لە ناوچەکە.

بۆیە ئەمجارە دەسەڵاتدارنی حکوومەتی عێراق و ئینگلیز پەنایان بردە بەر هاندانی عەشیرەتەکانی تر بۆ لێدانی بارزانییەکان، بەڵام ئەم پیلانەشیان سەری نەگرت، بۆیە هێزەکانی حکوومەتی عێراقی خۆیان هێرشیان کردە سەر ناوچەی بارزان و لەشەڕی (بەرقی بەگ) لە ٩ کانونی یەکمی ١٩٣١ی.ز دا بارزانییەکان کە ژمارەیان لە (٨٠) کەس تێنەدەپەڕی توانیان فەوجێکی سەربازی حکوومەتی عێراقی، کە فڕۆکەیەکی جەنگیش پاڵپشتی دەکردن، تێک بشکێنن.

لەم شەڕەدا ژمارەیەک سەرباز کوژران و ژمارەیەکیش بەدیل گیران، پێنج جەنگاوەری بارزانیش شەهید بوون.

لە ئەنجامی ئەم تێکشکانەدا ئەمجارەیان هێزەکانی حکوومەتی عێراق بە پاڵپشتی چەکی ئاسمانی بەریتانیا هێرشێکی گەورەیان کردە سەر گوندەکانی بارزان و دڕندانە بۆردوومانیان کردن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بارزانییەکان لە شەڕی (دۆلاڤاژی) لە نیسانی ١٩٣٢ی.ز داو بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی داستانێکی تریان تۆمار کرد.

بۆیە دوژمن داوای شەڕ وەستاندنی کرد و بۆ ماوەی دوو هەفتە شەڕ وەستا، بەڵام زۆری نەبرد هێزی ئاسمانی بەریتانیا دەستیان کردەوە بەهێرشکردن، شێخ ئەحمەد و هەڤاڵەکانی کاتێک زانیان ناتوانن لە بەرامبەر هێرشی چڕ و پڕی هێزە ئاسمانییەکانی بەریتانیا بوەستن، پەنایان بردە بەر خاکی باکووری کوردستان/کوردستانی تورکیا.

لە بەهاری ساڵی ١٩٣٣ی.ز دا دەسەڵاتدارانی تورکیای داگیرکەر شێخ ئەحمەدیان تەسلیم بە حکوومەتی عێراق کردەوە، شێخ ئەحمەد و مستەفا بارزانی و خێزانەکانی تر بۆ مووسڵ و لەوێوە بۆ بەغدا و دواتریش بۆ ناسریە گوازرانەوە، دوای ئەمەش ناوچەی بارزان بە تەواوی هێمن و ئارام نەبووەوە، چونکە ئەو لێبوردنە گشتییەی کە حکوومەتی عێراقی داگیرکەر و ئینگلیزەکان دەریانکردبوو بۆ بارزانییەکان ڕاست دەرنەچوو.

بۆیە (خەلیل خۆشەوی و ئەحمەد نادر و عەبدوڵڵا کرکەمویی) پەنایان بردە بەر چیای (گۆڤەند) و خۆیان بەدەستەوە نەدا.

ئەحمەد نادر لە ئەیلوولی ساڵی ١٩٣٥ی.ز لە شەڕێکی هێزەکانی تورکی داگیرکەردا کە هاوکاری هێزێکی عێراقیان دەکرد بۆ دەستگیرکردنی ئەم شۆڕشگێڕانە کوژرا، هەر لەو شەڕەدا (عەبدوڵڵا کرکەمویی) بە بەرینداری کەوتە دەست هێزەکانی حکوومەتی عێراق.

بەڵام خەلیل خۆسەوی و (٣٠) کەس لە هەڤاڵانی توانیان خۆیان لە ئابلۆقەی هێزەکانی عێراق و تورکیا ڕزگار بکەن و لە ئەشکەوتێکی ناوچەی (ڕێکان)دا مانەوە، بەڵام لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدران و پاش شەڕێکی قارەمانانە هەر هەموویان شەهید کران.

لە ساڵی ١٩٣٩ی.ز دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراق دوای ئەوەی ناوچەی بارزان ئارام بووەوە، شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا و خێزانە بارزانییەکانیان بۆ بەندیخانەی (سلێمانی) گوازرانەوە.

ئەمەش دەرفەتێکی لەباری بۆ ڕەخساندن تا پەیوەندی بکەن بە خەڵکی بارزان پاش ئەوەی دەسەڵاتداران ڕێگایاندا بە چەندین خێزان سەردانیان بکەن.

هەر لە سلێمانی پەیوەندی لەنێوان حیزبی هیوا و مستەفا بارزانی و چەند کەسایەتێکی نیشتیمانپەروەری تر دروستبوو.

بۆیە لە هاوینی ساڵی ١٩٤٣ی.ز مستەفا بارزانی و دوو کەس لە هەڤاڵانی بەیارمەتی حیزبی هیوا و چەند کەسێکی نیشتمانپەروەری کورد لە سلێمانی دەرباز بوو و بە خاکی ڕۆژهەڵاتی کودستاندا گەڕایەوە ناوچەی بارزان و سەر لە نوێ دژی حکوومەتی عێراقی داگیرکەر و ئینگلیزی داگیرکەردا دەستی بەشۆڕش کردەوە.

تعليقات