ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی دووەمی بارزان بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی (۱۹٤۳-۱۹٤٥):-

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ شۆڕشی دووەمی بارزان بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی (۱۹٤۳-۱۹٤٥):- 


دوای ئەوەی مستەفا بارزانی و دوو کەس لە هەڤاڵەکانی توانیان بە یارمەتی حیزبی هیوا و بە هاوکاری (شێخ لەتیف)ی کوڕی شێخ مەحموودی حەفید ساڵی ۱۹٤۳ی.ز لە سلێمانی دەربازبن، لە ڕێگای ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەر ئەو ساڵە خۆیان گەیاندەوە ناوچەی بارزان و ژمارەیەکی زۆری خەڵک پەیوەندییان بەبارزانییەوە کرد و ئەویش لە ماوەیەکی کورتدا دەستی بەسەر ناوچەی بارزاندا گرت.

حکوومەتی عێراقی داگیرکەر زانی کە لە ڕێگای بەکارهێنانی هێزەوە ناگاتە هیچ ئاکامێک، پەنای بردەبەر گفتوگۆ، مستەفا بارزانیش گەڕانەوی شێخ ئەحمەد و سەرجەم دوورخراوەکانی تری کردە مەرجی گفتوگۆ، حکوومەت داواکەی بارزانی جێبەجێکرد و شەڕ ڕاوەستا و ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان بارزانی و حکوومەتی نووری سەعیددا مۆر کرا.

گرنگترین داواکارییەکانی بارزانی لەم ڕێککەوتنەدا بریتی بوو لە:-

۱- لادان و گواستنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی کە بە هەڵسوکەوتی خراپ و بەرتیلخۆری تاوانبار بوون.
۲- دامەزراندنی ویلایەتی کوردستان کە پێکهاتبێت لە لیواکانی (کەرکووک، هەولێر، سلێمانی، قەزا کوردنشینەکانی لیوای مووسڵ و لیوای دیالە و لیوای کوت).
۳- ناسینی زمانی کوردی بە زمانی فەرمی.
٤- دامەزراندنی وەزیرێکی کورد ببێتە بەرپرسی ویلایەتی کوردستان.
٥- دامەزراندنی یاریدەدەری وەزیری کورد لە هەر وەزارەتێکی دەوڵەتدا.
٦- بژاردنەوەی ئەو زیانانەی کەبەر خەڵک کەوتوون.
۷- دروستکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و کردنەوەی ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.
دوای ئەوەی ساڵی ۱۹٤٤ی.ز وەزارەتەکەی نووری سەعید دەستی لە کار کشایەوە، وەزارەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی (حەمدی پاچەچی) پێکهات.وزارەتی نوێی ڕاگەیاند کە پابەندی ئەو ڕێککەوتننامەیە نابێت کە وەزارەتەکەی نووری سەعید ئەنجامی داوە، هەموو ئەمانش شانۆگەرییەک بوو کە بەریتانیای داگیرکەر ڕێکیخستبوو، ئەنجامەکەشی سەر لە نوێ هەڵگرسانەوەی شۆڕش بوو ڵە ساڵی ۱۹٤٥ی.ز دا.

ئەمجارەیان ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیران و سەرباز و ئەفسەرانی کورد ڕیزەکانی سوپای عێراقی داگیرکەریان جێهێشت و چوونە پاڵ شۆڕش.

بارزانی لە زستانی ساڵی ۱۹٤٥ی.ز لەگەڵ ئەم ڕۆشنبیر و و ئەفسەرانەدا (لیژنەی ئازادی)یان دامەزراند بۆ داواکردنی مافەکانی گەلی کورد.

هەروەها بارزانی پەیوەندی بە عەشیرەتە کوردنشینەکانەوە کرد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، دوواتریش هەر لەبارەی مافەکانی گەلی کوردەوە یاداشتێکی ئاراستەی حکوومەتی عێراقی داگیرکەر و باڵیۆزی بەریتانیای خایین و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ترەوە کرد لە بەغداد.

حکوومەتی عێراق گوێی بە داواکانی بارزانی نەدا و لە هاوینی ساڵی ۱۹٤٥ی.ز لە نێو مەخفەرەی مێرگەسوور (وەلی بەگ)یان کوشت کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتیان ڕووی ڵە مەخفەرەکە کردبوو، ئەمەش بوو بە بێزاری و تووڕەی خەڵکی ناوچەکە چونکە (وەلی بەگ) ڕێز و پلە و پایەی لە نێو خەڵکدا زۆر بوو، هەرچەندە بارزانی هەوڵیدا بارودۆخەکە ئارام بکاتەوە، بەڵام حکوومەتی عێراقی داگیرکەر بۆ دەرفەتێکی تر دەگەڕا بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەی بارزاندا، لەم ڕوانگەیەشەوە ئینگلیزەکان هاندەرێکی سەرەکی حکوومەتی عێراق بوون، بۆیە جارێکی تر هێزی ئاسمانی بەریتانیای داگیرکەر ناوچەکەی بۆردوومان کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی کورد لە چەند شەڕێکدا کە گرنگترینیان شەڕی (مەیدان مۆریک) بوو لە پاییزی ساڵی ۱۹٤٥ی.ز دا زەبری کوشندەیان ڵە سوپای داگیرکەری عێراقیدا.

حکوومەتی عێراق توانی بە پارە و سامان چەند عەشیرەتێکی کورد بۆلای خۆی ڕابکێشێت و بیانخاتە سەنگەری دژی شۆڕشەوە.

بارزانی کاتێک هەستی کرد ناتوانێت لە بەرامبەر سوپای عێراق و فڕۆکەکانی بەریتانیادا تاسەر بەرگری بکات، بۆیە دووای وتووێژ و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ لیژنەی ئازادی و شێخ ئەحمەد بارزانی، بڕیاریدا پەنا ببەنە بەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەو کاتەدا خەریکی ڕێوڕەسمی دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوون لە مەهاباد.

بەمجۆرە بە دڕێژای ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانی، باشووری کوردستان لە خەباتێکی سیاسی و چەکداری بێپسانەوەدا بوو، تەنانەت پاش کۆتایی هاتنی جەنگیش ئەم خەباتە درێژەی هەبوو، باشترین نمونەش ڕاپەڕینی گاورباغی بوو لە ساڵ ۱۹٤٦ی.ز لەشاری کەرکووک، کە کرێکارانی نەفتی کەرکووک بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان لە دژی حکوومەتی عێراقی داگیرکەر و بەریتانیای داگیرکەردا بەرپایان کرد.

تعليقات