ئیستعماری ئەورووپی و فراوانخوازی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەدەی شانزدەیەم تا کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەیەم:

ئیستعماری ئەورووپی و فراوانخوازی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەدەی شانزدەیەم تا کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەیەم: 


لە کۆتایی سەدەی پانزدەوە گەلی عەرەب لە خۆرهەڵاتی نیشتمانی عەرەبییەوە تا بەشی خۆرئاوا ڕووبەڕووی شاڵاوی داگیرکارانەی ئیستیعماری ئەورووپی بووە، ئەورووپییەکان لەم هێرش و پەلامارانەیاندا چەندین بیانووی جیاجیایان هەبوو، لەوانە:

١- بیانووی ئایینی: بەم بیانووەوە دەسەڵاتی موسڵمانەکانیان لە ساڵی ١٤٩٢ی.ز لە ئەندەلوس (غەرناتە) کۆتایی پێهێنا و وڵاتەکەیان ڕزگار کرد.

٢- بیانووی ئابووری: ئەورووپییەکان مەبەستیان بوو چالاکی بازرگانی موسڵمانان لە دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسی و کەنداو تێکبشکێنن.

٣- بیانووی ڕامیاری (سیاسی): ئەورووپییەکان بۆ فراوانترکردنی ڕووبەری دەسەڵاتیان دەیانویست دەست بەسەر نیشتیمانی عەرەبیدا بگرن.

قۆناغەکانی داگیرکردن:

پورتوگالییەکان و ئیسپانییەکان پێشەنگی وڵاتانی دونیا بوون لە پرۆسەی دۆزینەوە جوگرافییەکاندا و پێش وڵاتانی تری دونیاش ڕوویانکردە نیشتمانی عەرەب و لەگەڵ عەرەبە موسڵمانەکاندا ڕووبەڕوو بوونەوە.

ئەلف- داگیرکردنی خورئاوای دوور لە لایەن پورتوگالییەکانەوە:

ئەو کاتەی خۆرئاوای عەرەبی خاوەنی یەکێتیەکی سیاسی بوون، وڵاتەکانیان ڕوو لە گەشەکردن و بووژاندنەوە بوو، بەڵام سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوانیاندا ڕێگای بۆ پورتەگاکییەکان ئاسانتر کرد، تا ڕوو بکەنە ئەو ناوچانە و داگیریان بکەن، لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە یەکێتی و تەبایی سیاسی و کۆمەڵایەتی چەند بنچینەیەکی گرنگی پاراستنی گەل و نیشتمانە لە داگیرکەران.

لە ماوەی نێوان سەدەی یازدە بۆ سەدەی سێزدەی زایینی دوو دەوڵەتی عەرەبی بەشی خۆرئاوای نیشتمانی عەرەبییان بەڕێوە دەبرد:

ئەلف- دەوڵەتی مرابتین:

مرابتین لە سەدەی یازدەدا پەیدا بووە، یەکێک لەو بزووتنەوە ئیسلامیانە بوو کە بەشێکی گەورەی کیشوەری ئەفریقیای گرتەوە، ئەمانە توانیان لەبەشی خۆرئاوای عەرەبیدا دەوڵەتێک بۆ خۆیان دابمەزرێنن، لەسەردەمی ئەم دەوڵەتەدا خۆرئاوای عەرەبی لە ڕووی ئابووری و ڕۆشنبیرییەوە لە بووژاندنەوەدا بوو.

ب- دەوڵەتی موەحدین:

دوای لەناوچوونی دەوڵەتی مرابتین، دەوڵەتی موەحدین دامەزرێندرا، لەسەردەمی دەسەڵاتی موەحدیەکاندا خۆرئاوای عەرەبی یەکێتی سیاسی و بووژاندنەوەی ئابووری بەخۆییەوە بینی، بەڵام ئەم باری گەشەکردن و بووژاندنەوەیە زۆری نەخایاند، چونکە ناکۆکی و دووبەرەکی ناوخۆ لە نێوانیاندا سەریهەڵدا و وڵاتەکەی بەرەو لاوازی و پارچە پارچەی برد و ڕێگاشی بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکان خۆشکرد تا دەست بخەنە نێو کاروباری ناوخۆی دەوڵەتەکەیانەوە.

پورتوگالییەکان بەهۆی نزیکیانەوە لە خۆرئاوای عەرەبی پێش وڵاتانی تری ئەورووپا بە مەبەستی داگیرکردن ڕوویانکردە ناوچەکە، ئەوەبوو توانیان لە ساڵی ١٤١٥ی.ز شاری (سەبتە) لە لێوارەکانی باکووری مەغریبی عەرەبی داگیر بکەن، وێڕای بەرگری عەرەب پورتوگالییەکان توانیان زۆر ناوچە و شاریتر داگیر بکەن لەوانەش شارەکانی (ئەرزمور و ئەسیلا و تەنجە) بوون.

گەلی مەغریب بەردەوام بوو لەبەرگریکردن و بەربەرەکانێتی داگیرکاران بەسەر کردایەتی (عەلی کوڕی ڕاشد و مەندەری) پەلاماری چەندین بنکەی سەربازی پورتوگالییەکانیاندا، هەردوو بنەماڵەکی (سەعدییەکان و عەلەوییەکان)یش بۆ ماوەیەک ئەرکی بەربەرەکانێتی داگیرکارانیان گرتە ئەستۆ، پورتەگالییەکان تاکە هێزی ئەورووپی نەبوون کە چاویان لە خۆرئاوای دوور بڕیبوو، بەڵکوو ئیسپانییەکانیش لەم چاوتێبڕین و پەلامارانەدا بەشداربوون و شارەکانی (تەتوان و مەلیلە)یان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە.

تعليقات