خەوننامەی کوردی بەشی خە؛ خوان-سفرە:

خەوننامەی کوردی بەشی خە؛ خوان-سفرە:


 بینینی سفرە لەخەودا، دەستکەوتی حازرە.

ئیبن سیرین دەڵێ: بینینی خوان لەخەودا، نیشانەی ئیمانی خەڵکە.

ئەگەر دیتی سفرەیەکیان بۆ ئەو ڕاخستووە و زانی کە بۆ خۆیەتی، ئەوا بەقەدەر ئەو خوانە، تەمەنێکی زۆری بە خوشگوزەرانی بەسەر دەبات.

ئەگەر دیتی لە شوێنی بێگانەیەکدا ڕایانخستووە و نەیزانی جێگەی کێیە، نیشانەی ئەوەیە بارودۆخ و گوزەرانی دەگۆڕێت و لە غوربەت و دووریدا دەمرێت.

ئەگەر دیتی سفرەی دەفرۆشت یان دەیبەخشییەوە، نیشانەی مەترسییە.

ئەگەر دیتی سفرەیەکی هەیە و نان و خۆراکی لەسەر بوو و لێی دەخواردن، ئەوا بە ئەندازەی ئەو خوانە، دەستکەوتی وەچەنگ دەکەوێ.

ئەگەر کەسێک بینی سفرەی تازەی هەبوو، نیشانەی ئەوەیە پارە و ڕزق و رۆزی پەیدا دەکات و کەنیزەکێکی شۆخ و شەنگ دەکڕێ.

ئەگەر بینی سفرە و خوانێکی پڕ لە ناز و نیعمەتی هەبوو، واتە سوود لە کەنیزەکەکەی دەبینێت.

دانیاڵ پێغەمبەر دەفەرمێ: ئەگەر سفرەیەکی ڕاخراوی فراوانی بینی، نیشانەی تەمەن درێژییە و هەرچەند سفرەکە بە گەورەیی ببینێت، ئەوا نیشانەی باشتری هەیە.

جابری مەغریبی دەڵێ: خوانی ڕازاوە لەخەودا، باشی و پتەوی بیروباوەڕی ئاینەکەیەتی و ئەگەر خواردنی نەخوراوی سەر سفرەیان وەلا نا، نیشانەی خەم و مەینەتییە و زۆر خواردنی خۆراکی سەر سفرە، نیشانەی تەمەن درێژییە.

ئەگەر بینی سێ جۆرە خواردن لەسەر سفرە هەبوو، نیشانەی ڕزق و ڕۆزی ئەوە، کە بە خۆی و منداڵەکانی دەگات.

هەندێک دەڵێن: ڕێز و حورمەت و شادومانییە و کارەکانی بە ڕێکوپێکی بەڕێوە دەچن.

ئەگەر سفرەی کۆن و دڕاوی بینی، ئەوا ژیانی سەخت و دژوار دەبێت.

ئەگەر سفرەی سووری بینی، نیشانەی خوشگوزەرانییە.

ئەگەر سفرەی ڕەش و بۆر و تاریکی بینی، نیشانەی خەم و مەینەتییە.

ئەگەر زەرد بوو، نەخۆشیە و ئەگەر سپی بوو، نیشانەی ڕزق و رۆزی حەڵاڵە.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: بینینی سفرە و خوان لەخەودا، نیشانەی گەشتێکی بەسووە و هەرچەندە لە خەویدا سفرەکەی بە باشتر و گەورەتر بینی، ئەوا سوودەکەی زیاترە.

ئەگەر خوانەکەی هەڵگرت و لێی نەخواردبوو، واتە تووشبوونە بەنەخۆشی و بێکاری.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی سفرە و خوان، چوار واتای هەیە. یەکەم: تەمەنی درێژ. دووەم: سوود و قازانج. سێیەم: ڕزق و ڕۆزی حەڵاڵ. چوارەم: ژیان و گوزەران.

هەروەها دەفەرمێ: خوانی ڕازاوە، پێنج واتای هەیە. یەکەم: دەستکەوتی حازر. دووەم: پیاوێکی بەڕێز. سێیەم: پتەوی دین. چوارەم: ڕێکوپێکی کار و فرمان. پێنجەم: ڕێز و حورمەت و شادومانی.

تعليقات