کێچ چ جۆر زیندەوەرێکە و دەرمان و چارەسەری چییە؟

کێچ چ جۆر زیندەوەرێکە و دەرمان و چارەسەری چییە؟ 


مردنی رەش یەکێک بووە لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان کە لە نێوان سالانی ١٣٤٧ی.ز بۆ ١٣٥١ی.ز کە نزیکەی ٣٠٪‏ بۆ ٥٠٪‏ دانیشتوانی ئەورووپای لە ناو بردووە.

تاکە زیندەوەرێکیش کە بەرپرسی ئەو کارەساتە مرۆییە دابنرێیت کێچ بووە.

بێگومان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان کێچ توانای لە ناو بردنی مرۆڤی نیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھۆکارێکە بۆ گواستنەوەی ھەندێک جۆری نەخۆشی، یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی کێچ ئەوەیە کە زۆر بە زەحمەت لە ناو دەبردرێن یا خود دەکوژرێن.

بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە کە کێچ یەکێکە لە مێرووە ھەرە بەتەمەنەکان کە لە کۆنەوە لەسەر زەوی و دایناسۆرەکان ژیاون.

لە رۆژگاری ئەمڕۆمان نزیکەی ٢٥٠٠ جۆر لە کێچ بوونی ھەیە ھەندێک جۆرێیان لەسەر مژینی خوێنی ئاژەڵە ماڵیەکان دەژین و ھەندێک جۆری تریشیان لەسەر مرۆڤ.
ئەو جۆرەی کە لەسەر مرۆڤ دەژی، ھێندە ھەستەوەرەکانی بەھێزە، کە دەتوانێ هەست بە بۆن و گەرمی لەشی مرۆڤ بکات و تەنانەت لە لەرەلەرەکان و جووڵانەوەکانی مرۆڤیش شارەزایە.

بۆیە زۆر بە ئاسانی دەتوانێ نێچیرەکەی خۆی بدۆزێیتەوە، تەنانەت ھەندێک جۆریان دەتوانن خۆیان ھەڵدەن (بازبدەن) بۆ زیاتر لە ١٠٠ ھێندەی درێژی خۆیان.

توانای خۆ بازدانیشی لە بوونی پرۆتینێکی لاستیکی بە ناوی (رازلین پاد)ەوە دەست دەکەوێیت کە لە کۆتایی قاچەکانیدایە.
کاتێک کێچ لەسەر نێچیرەکەی دەگیرسێتەوە چەند کردارێکی قێزەون ئەنجام دەدات.
سەرەتا پێستی نێچیرەکە بریندار دەکات پاشان پێکھاتەیەک دەرژێنێت بەسەری دا بە ناوی (ئەپەفێرێنکس) پاشان ھەڵدەستێت بە ھەڵمژینی پێکھاتەکە و خوێنی نێچیرەکە پێکەوە.
ھەروەھا کێچ خاوەنی جۆرێک پرۆتینە کە یارمەتی بەردەوامی دانی رۆیشتنی خوێن دەدا لەو شوێنەی کە برینداری کردووە ئەمەش بۆ ئەوەی بەردەوام خوێنی دەست کەوێیت، ھەر ئەمەشە پێستی نێچیرەکە دەست بە خوران دەکات چونکە تەنێکی نامۆیە لە ناو جەستەیدا.
جۆرێکی تایبەت ھەیە لە کێچ کە لەسەر مرۆڤ دەژی، بەناوی (تەنگا) ئەم جۆرەیان مێیینەکەی دەچێیتە ناو پێستی مرۆڤ و ھێلکە دادەنێیت بۆیە مرۆڤەکە تووشی ھەلئاوسانی پێست و ئازاری زۆر دەکاتەوە.
بە گشتی کێچ دەتوانێ مرۆڤ تووشی گرانەتا و تاعون و چەندین جۆری تری نەخۆشی بکاتەوە.
ئەگەر سەرچەف/چەرچەفی سیسەمەکەت سوورە، بەپەلە بیگۆڕە

سەرچەف/چەرچەف و لێفە و سەرینی خەوتن ژمارەیەکی زۆر لە زیندەوەری بچووک و میکرۆب و مێروو لە خۆ دەگرن، کە هەندێکیان بە چاوی ئاسایی نابیندرێن، بەشێک لەم زیندەوەرانە زیانبەخشن و دەبنە هۆی دروستکردنی کێشەی جۆراوجۆر بۆ تەندروستی مرۆڤ.

کەم کەس هەن کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تووشی هێرشی ئەم میکرۆب و زیندەوەرە زیانبەخشانە نەبووبێتن.

یەکێک لەو زیندەوەرانەی کە لەناو سەرچەف/چەرچەف و شوێنی خەوتندا بوونی هەیە بریتییە لە مێروویەک بە ناوی کێچ (Bedbug).

بەپێ راپۆرتێکی ماڵپەڕی (webmd)، ئەم مێرووە قەبارەی هێندەی تۆوی سێوێکی بچووک دەبێت و لەناو سەرچەف/چەرچەف و سەرین و سەرقەنەفە و جلوبەرگ و پەردە و قوماش و …هتد دەژین.

ئەم مێرووانە گاز لە مرۆڤ دەگرن لە کاتی خەوتندا و بۆ ماوەی ٣-١٠ خولەک خوێن لە پێستی مرۆڤەوە هەڵدەمژن و دواتر دەبنە هۆی سووربوونەوەی ئەو شوێنەی گازەکەی لێگرتووە.

بەشێک لە زانایان رێگەیەکیان دۆزییەوە بۆ رێگریکردن لە گازی ئەم مێرووە لەڕێگەی لێکۆڵینەوە لەوە رەنگانەی کە ئەم مێرووە حەز بە بینینیان دەکات.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ماڵپەڕی (yourhealthtoday)دا بڵاو کراوەتەوە، کۆمەڵێک لە زانایانی زانکۆی فلۆریدا هەستان بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەک لەسەر ئەم مێرووە، لە تاقیکردنەوەکەدا ژمارەیەک لەو مێرووانە خرانە ناو شوشەیەکەوە کە چەند ڕەنگێکی جۆراوجۆری تێدا بوو، تاقیکردنەوەکان چەند جارێک دووبارە کرانەوە بۆ دڵنیایی، ئەنجامی تاقیکردنەوەکان ئەوەی سەلماند کە گشت مێرووەکان بەرەو ڕەنگی سوور و ڕەش دەڕۆن لەناو شووشەکاندا، بەڵام خۆیان لە ڕەنگی زەرد و سەوز دەپارێزن.

هۆکاری هەڵبژاردنی ڕەنگی سوور لەلایەن ئەم مێرووانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم مێرووانە خۆیان ڕەنگیان سوورە، بۆیە حەز بە شوێنی سوور دەکەن و دەیانەوێت بەو شێوەیە لەگەڵ مێرووەکانی تردا بن و پارێزراو بن و نەبیندرێن.

دکتۆر مکنیل کە یەکێکە لە ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە، داوا دەکات خەڵکی لە پێناو پاێزراوبوون لەم مێرووانە، بەتانی و سەرین و سەرچەفەکانیان/چەرچەفەکانیان بگۆڕن گەر ڕەنگەکەی سوور یان رەشە.

دەرمان و چارەسەری کێچ:

– هەر کات چوونە ناو کولێنی مریشک و هۆڵی چێلان و ئەو شوێنانەی کە گومانتان لێ هەیە، پووتین بەکار بێنن بۆ ئەوەی نەتوانێت بازداتە سەر قاچ و پانتۆر و شەڕواڵەکانتاندا.

-شوشتنی ناو ماڵ و ئاوەدەست و شوێنی خۆشۆشتن و سەرچەف و بەتانی و پژاندنی دەرمانی مێشوولەکوژ بۆ ماوەی ٢٠ خولەک لە شوێنی مانەوەی خۆتان.

– دەرمانی پوودری مێرووستان بەکاربێنن لە گۆشە و کەناری شوێنی خەوتنەکانی خۆتان و ئەو شوێنانەی کە هێلکەیان لێ داناوەتەوە، وەک شوێنی ئاژەڵ و پەلەورە ماڵییەکان و پژاندنی دەرمانی تایبەت بۆ ئەو ئاژەڵ و پەلەورەانە.

– بەکار هێنانی بەتانی عەسکەری بەجێگەی بەتانی تووک درێژ، چونکە بەتانی تووک درێژ شوێنێکی باشە بۆ مانەوەی ئەو مێرووانە.

– هەر کاتێکیش ویستتان بە دەست بیگانگرن دەستی خۆتان تەڕ بکەن بۆ ئەوەی هەڵ نەیەن و خۆیان نەشارنەوە.

هەروەها بەردەوام، لە ماڵەوە جلی سپی و شتی سپی بەکار بێنن بۆ ئەوەی کە نەتوانن خۆیان بشارنەوە و بە چاو ببیندرێن.

– بەردەوام لە هەندێک شوێنا چەن قاپێک و سینییەک پڕ بکەن لە ئاو کە خۆی فڕە داتە ناوی و نەتوانێت باز بدات و تێدا بخێنکێت، بۆ خۆیشتان گیراوەیەک لە ئاو و پوودری مێرووستان بگرنەوە، گەر هات و گرتان لە ناو ئەو گیراوەدا بیخنێکێنن.

سەرچاوەکان:
پەیجی هەواڵی زانستی پەیجی گەنج و کشتوکاڵ هەمیشە پێشەنگ
وێستگە ستایل
هەندێکیش بابەتی پێ زیاد کراوە: لە لایەن خودی ماڵپەڕی کورد زانستەوە.

تعليقات