ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ یەکەم: ڕاپەڕینی (١٩٤٨ی.ز) لە عێراق و ڕۆڵی کورد تیایدا:-

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ یەکەم: ڕاپەڕینی (١٩٤٨ی.ز) لە عێراق و ڕۆڵی کورد تیایدا:-


 گەلی عێراق پاش دوایی هاتنی شەڕی دووەمی جیهانی و دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان سەیری کرد پەیمانی ساڵی ١٩٣٠ی نێوان عێراق و بەریتانیاش دەبێ بە پێی بەندەکانی بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت بە تایبەتی کە هەر دوو دەوڵەت هاو ماف و هاو ئەرکن، بەڵام چینی کار بەدەستی عێراق ملکەچی ئیستعیماری بەریتانیا واتە نەخشەی ئەنگلو-ئەمریکایی دەربارەی بەرگریی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکەڵبوونی شەڕی ساردی نێوان کۆمەڵە دەوڵەتە گەورەکانی پەسەند کرد.

بەریتانیاش ویستی سیفەتی ڕەوایی پەیمانەکەی عێراقی بەریتانی نوێ بکاتەوە و مافی سوپای بەریتانیا لە عێراق فراوانتر بکات بە مەرجێ هەموو عێراق نەک هەر دوو بنکەکەی حەبانیە و بەسرە بکات بە فڕۆکەخانەی هێزەکانی خۆی.

نووری سەعید ڕێگەی بۆ ساڵح جەبر خۆش کرد کە لە ٢٩ی ئاداری ١٩٤٧ی.ز وەزارەتی پێکهێنا، وتووێژ لە نێوان عێراق و بەریتانیا لە بەغداد و لەندەن دەستی پێکرد و کۆبوونەوەیەکی زۆریان کرد کە لە بەشێکیاندا (وەصی) خۆیشی بەشدار بوو، پاشان لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران ساڵح جەبر و وەزیری بەرگری نووری سەعید و (فازل جەمالی-فاضل الجمالي) وەزیری دەرەوە چوونە ئینگلتەرا بۆ مۆرکردنی پەیمانی (پۆرتسموس-پورتسموث) کە بە ناوی بەندەری پۆرتسمۆس لە باشووری ئینگلتەرا ناونرابوو گەلێ کۆتی تازەی بۆ عێراق تێدابوو، وەکوو هاوبەشیکردنی عێراق لە دانی خەرجی هێزەکانی بەریتانیا و بەکارهێنانی هێزەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات بۆ یاریدەدانی بەریتانیا، بەریتانیا دەسەڵاتی جارانی لە سیاسەتی دەرەوەی عێراقدا بمێنێ.

ئەوە بوو نیشتمانپەروەرانی کورد هەر لە سەرەتاوە شان بە شانی جەماوەری ڕاپەڕیوی بەغدا ڕژانە سەر شەقەماکان، لە بەغداد پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی عێراقی و حیزبی (الشعب) کۆمەیتەیەکی سێ قۆڵی تایبەتیان دامەزراند، کە ئەرکی سەرپەرشتی و ڕێکخستنی خەباتی گەل و دیارکردنی درووشمەکانی خەباتی ئەو قۆناغەی لە ئەستۆ گرت لە پووچ کردنەوەی پەیمانەکە و ڕووخاندنی وەزارەتەکەی ساڵح جەبر و جگە لە هەندێ درووشمی تر، کە بەشێکیان پەیوەندیدار بوون بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردەوە.

لە کەرکووکیش نیتشمانپەروەران هێرشیان کردە سەر کنسوڵخانەی بەریتانی و لە سلێمانیش هێرشیان کردە سەر مەڵبەندی ڕۆشنبیری بەریتانی، هەر بۆ بەشداریکردن لە ڕاپەڕینەکە لە شوباتی ئەو ساڵەدا نوێنەرانی شارەکانی هەولێر و کۆیە تێکڕا ڕژانە سەر شەقامەکانی بەغداد و پاشان لەگەڵ جەماروەری شاری بەغداد سەردانی گۆڕی کوژراوانی (٢٧)ی کانوونی دووەمیان کرد و بەشداری ناشتنی نیشتمانپەروەری کورد (حوسێن عەلی)یان کرد، کە لە ڕاپەڕینەکەدا شەهید ببوو.

هەر لەو مانگەدا وەفدی زاخۆ و ڕانیە و سلێمانی گەیشتنە بەغدا و خۆپیشاندانێکی گەورەیان ڕێکخست، ئەمانە گشتیان بە جلی کوردی و بە چەپکە گوڵ و بە لافیتەی جۆراوجۆرەوە بەشداریان کرد و درووشمی هەر شارێکیش بەرز کرابووەوە.

دانیشتووانی شاری سلێمانی، لە نامەیەکی تایبەتدا ئەم داخوازییانەی لای خوارەوەیان خستە بەردەمی وەزارتی ساڵح جەبر:

١- دانی مافە دمۆکراسییەکانی گەل.٢- ڕێگەدان بە ژیانی پارتایەتی سەربەخۆ.٣- ڕێگەدان بە دامەزراندنی جڤاتی کرێکاران.٤- ئازادکردنی هەموو گیراوە سیاسییەکانی عێراق. ٥- لابردنی پەیمانی ١٩٣٠.

هەرچەندە پەیمانی پۆرتسمۆس هەڵوەشایەوە و وەزارەتەکەی (ساڵح جەبر) لە کار خرا، ژمارەیەک لە وەزیرەکان و جێگری وەزیر دەستیان لە کار کشایەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا ڕاپەڕینەکەی ١٩٤٨ی.ز چەندین دەستکەوتی باشی بۆ کورد تێدابوو لەوانە:

١- ڕێگە درا بە دەرچوونی گۆڤارێکی سیاسی بە زمانی کوردی ئەویش گۆڤاری (نزار) بوو، کە (عەلائەدین سەجادی) سەر نووسەری بوو.

٢- ڕۆژی ٢١ی ئازرای ١٩٤٨ بۆ یەکەمجار کورد بە شێوەیەکی فراوان و ئاشکرا یادی نەورۆزی لە باشووری کوردستان کردەوە.

بەڵام زۆری نەخایاند وەزارەتەکەی (محەممەد سەدر) کە لە جیاتی وەزارەتەکەی (ساڵح جەبر) دامەزرا بوو، لە ڕێڕەوی دیموکراتی لایدا و لە زۆر شار و ناوچە و دەزگاکانی میری دەستیان وەردایە کاری هەڵبژاردن و لە ئەنجامدا چەند بە یەکدادانێک لە نێوان نیشتمانپەروەران و پولیسی داگیرکەری عێراقیدا ڕوویدا، لە هەمان کاتدا پۆلیس لە چەند شوێنێک لە کرێکارانیان دا، مانگرتنی کرێکارانی شەمەندەفەری هەولێریان سەرکوتکرد، هەر بەمەشەوە نەوەستان، بەڵکوو ژمارەیەکی لە نیشتمانپەروەرانیان خستە زیندانەکانەوە، ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیانی سلێمانی لە کاتی تاقیکردنەوەدا دەستگیر کران.

ئەم ڕاپەڕینە ڕێگای خۆش کرد بۆ سەر هەڵدانی بزووتنەوە و ڕاپەڕینی جوووتیارانی کورد هەر وەک ساڵی ١٩٤٨ی.ز لە ناوچەی عەربەت (لە دەشتی شارەزوور) و ساڵی ١٩٥٣ی.ز لە دەشتی دزەیی (هەولێر)دا روویدا دژی چەوساندنەوەی دەرەبەگایەتی، هەر لە هەمان ساڵدا جووتیارانی هۆرین شێخان (لە باکووری خانەقین) و جووتیارانی (وارماوە) لە هەڵەبجە ڕاپەڕین.

تعليقات