خەوننامەی کوردی بەشی خە؛ خانوو-خانی-ماڵ:

 خەوننامەی کوردی بەشی خە؛ خانوو-خانی-ماڵ:

دانیاڵ پێغەمبەر دەفەرمێ: ئەگەر چووە نێو ماڵێکی بێگانەوە و کەسی تێدا نەدەناسی و مردووی لەو ماڵەدا بینی، نیشانەی ئەوەیە کە ئەوە، ماڵی دوواڕۆژ و قیامەتە و لەوانەیە کاتی مردنی نزیک بووبێتەوە.
ئەگەر دیتی چووە نێو ماڵەکەوە و هاتە دەرەوە، واتە نەخۆش دەکەوێت و لە سەرەمەرگدا شیفای بۆ دێت و نامرێت.
ئەگەر چووە نێو ماڵێکی باشەوە و خانووەکەی بە گڵ دروست کرابوو، واتە ڕزق و ڕۆزی حەڵاڵی دەست دەکەوێت.
ئەگەر بینی خانووەکە بە خشتی سوور و گەچ-گێچ دروست کرابوو، واتە بەدووای ماڵ و سامانی حەرامدا دەگەڕێت.
ئەگەر بینی لە خانووە خشتەکە هاتە دەرەوە، واتە لە حەرامخواردن، تەوبە دەکات و داوای لێخۆشبوون دەکات.
ئەگەر بینی چووە نێو خانووەیەکی گەورە و فراوانەوە، واتە ڕزق و ڕۆزی فراوان دەبێت.
ئەگەر خانووەیەکی بچووک و تەنگەبەری بینی، نیشانەکەی بەپێچەوانەوەیە.
ئیبن سیرین دەڵێ: خانووی تاک لەخەودا، ژنە.
ئەگەر کەسێک لەخەویدا خانوویەکی گەورە و فراوانی بینی، کە لەناو ئەو خانووەدا، کۆشک و هەیوانی زۆری تێدا بوو، واتە لە ماڵی دوواڕۆژ و قیامەتدا رێز و پێگەیەکی زۆری دەبێت.
ئەگەر دیتی دەرگای خانووەکەی تێک شکا یان سووتا، واتە خاوەن ماڵەکە، تووشی کێشە و بەڵا دەبێتەوە.
ئەگەر دیتی زەوی خانووەکەی گەورە و فراوانتر بوو، ئەوا بەقەدەر ئەو فراوانبوونە، ژیانی خۆشتر و بژێوی زیاتر دەبێت.
ئەگەر بەپێچەوانەوە خەوەکەی بینی، ئەوا واتە ژیانی ناخۆش و بژێوی کەم دەبێتەوە.
ئەگەر دیتی خانووەکەی لە بنڕا هەڵدەکەند، واتە ڕێگای چاکە لە خۆی دادەخات و نوێژ و ڕۆژوو کەم دەکاتەوە.
ئەگەر بینی کە دەرگای کۆنی ماڵەکەی لا دا و هەڵی کەند، واتە دەرگای خێر و چاکەی بەڕوودا دەکرێتەوە و خۆش دەژی.
ئەگەر بینی چووە نێو خانوویەکی پاک و خاوێنەوە، ئەوا ئەگەر بینەری خەوەکە دەوڵەمەند بوو، ماڵ و سامانەکەی زیاتر دەبێت، ئەگەریش هەژارە، دەوڵەمەند دەبێت.
ئەگەر بینی خانووەکە، یان پایەکانی خانووەکەی لە جێگایەک هەڵکەند، واتە ژنێک دێنێ کە هەستی مرۆڤایەتی و بەخشەندەیی هەیە و هاودەمی و هاوسەرێتییەکەی ڕادەگرێت و دوواتر ژنەکەی سکی پڕ دەبێت.
ئەگەر بینی چووە نێو خانوویەکی تازەوە، واتە ژنێک دێنێت و دەوڵەمەند دەبێت.
ئەگەر تاقە خانوویەکی دیت، لە کونجێکی تەنگ و تەسک و ناڕەحەتدا بوو، نەیشیزانی خانووەکە هی کێیە، واتە لە دونیا دەردەچێت و دەمرێت.
ئەگەر بینی لە خانوو چووە دەرەوە و دەرگای خانووەکەی دانەخستبوو، خانووەکەش بە تەنیشت خانوویەکی ترەوە بوو، واتە لەخەم و خەفەت ڕزگاری دەبێت.
ئەگەر دیتی نەخۆشە، لەش ساغ و تەندروست دەبێت.
ئەگەر بینی دەرگای خانووەکەی خۆی شکاند، واتە لەلایەن کەسێکەوە، پارە و سامانی دەست دەکەوێت.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی چووە نێو خانوویەکی تازەوە، واتە یان کچێک یان خوشکێکی دێتە دونیاوە و هەروەها دەشڵێ، کە هەیوان و داڵانی ماڵ نیشانەی دایک و باوکە.
ئەگەر دیتی هەیوان و داڵانی ماڵەکەی خاوێن و تازەیە، نیشانەی تەندروستی و لەشساغی دایک و باوکییەتی.
ئەگەر دیتی خانوویەک بەسەردا کەوت، واتە ماڵ و سامانێکی زۆری دەست دەکەوێت.
ئەگەر دیتی خانووەکە گەورە و فراوان بوو، لەوەی کە هەبوو، زیاتر گەورەتر و فراوانتر بوو، واتە ڕزق و ڕۆزییە زۆرەکەی کەم دەبێتەوە.
ئەگەر دیتی دەرگای خانووەکەی ئاسنینە، واتە دەوڵەمەند دەبێت.
ئەگەر دەرگای ماڵەکەی زیوینە، واتە دەبێ لە گوناه و تاوان پاشگەز بێتەوە و تەوبە بکات.
ئەگەر دیتی دەوڵەمەند بوو، رزق و ڕۆزییەکەی زیاتر دەبێت.
ئەگەر دیتی هیچ خانوویەکی تر لە تەنیشت خانووەکەی ئەواندا نەبوو، حاڵ و گوزرەانی خراپ دەبێت.
جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر کەسێک چووە نێو ماڵێکی تازە و خاوێنەوە و زانی کە ئەو ماڵە هی خۆیەتی، واتە ڕزق و ڕۆزی زۆر دەبێت و ڕێز و پێگەی دەبێت و ژنێکی جوان دێنێت و دەوڵەمەند دەبێت و دەسەڵات پەیدا دەکات.
ئەگەر ژنێک ئەم خەوەی بینی، ئەوا مێردێکی دەوڵەمەندی دەبێت.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی خانوو لەخەودا، هەشت واتای هەیە.
یەکەم: بۆ پیاو، نیشانەی ژنە و بۆ ژینیش نیشانەی شووە-مێردکردنە.
دووەم: دەوڵەمەندی، سێیەم: ئاسایش و ئارامی. چوارەم: ژیانی خۆش. پێنجەم: ماڵ و سامان. شەشەم: دەسەڵات. حەوتەم: رێز و شکۆ. هەشتەم: ئەمانەت.

تعليقات