خەوننامەی کوردی بەشی چە؛ چەک-ئامێری شەڕ:

 خەوننامەی کوردی بەشی چە؛ چەک-ئامێری شەڕ:

ئەوە بزانە کە چەک بە تازی(عەرەبی) ، ئامێری شەڕ کردنە و ئەوەش نیشانەی هێز و دەسەڵات و گەورەییە.
ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر دیتی بە چەکی جەنگ، خۆی بەستبووەوە و لە ناو بێگانەدا بوو، نیشانەی ئەوەیە کە هەندێک ژن، زمانی ناڕەزاییان بەرامبەر بەو کەسە درێژ دەکەنەوە، بەڵام ناتوانن هیچ زیانێکی پێبگەینن.
بەڵام ئەگەر ئەو گرووپە ئاشنابوون بەو کەسەی خەوەکەی بینیوە، واتە دوژمنەکانی زیانی پێدەگەینن.
ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر کەسێک بە چەکەوە خۆی لەناو خێڵیکی نەناسراودا دیتەوە، ئەو گرووپەش هەمووی پیر بوو، نیشانەی دۆست و ئاشناکانی ئەو کەسەیە کە خەوەکەی دیتووە.
ئەگەر گرووپەکە گەنج و لاو بوون، نیشانەی دوژمنەکانیەتی، ئەگەر دیتی لەگەڵ چەک و شمشێردا-شیردا، تیروکەوان یان شتێکی تریشی پێبوو، نیشانەی ئەوەیە دەبێتە خاوەن پێگە و دەسەڵات.
ئەگەر دیتی ئامێرە جەنگییەکانی ون بوون و لەناوچوون، نیشانەی کەموکورتییە لە گەورەیی ئەو کەسەدا.
ئەگەر بینی لەگەڵ کەسێکدا جەنگی دەکرد و دوواتر بە تیر پێکایان و بریندار کرا، واتە کەسانێک لەگەڵی، شەڕ و دوژمنایەتی دەکەن.
ئەگەر بینی کەسێک لێیدا، نیشانەی ئەوەیە دەبێتە زمان درێژ و چەنەباز.
ئەگەر دیتی کەسێک بە تیر، برینداری کرد، نیشانەی ئەوەیە قسەی پێدەگوترێت، یان نامە یاخود پەیامێکی پێدەگات.
ئەگەر بینی کەسێک بە ڕم و نێزەک، لێیدا و بریندار کرا، واتە لەلایەن ئەو کەسەوە زیانی پێدەگات.
جابری مەغریبی دەڵی: ئەگەر دیتی کەسێک برینداری کرد و نەیزانی کە بریندار کراوە، واتە کەسێک زیانی پێدەگەینێت.
ئەگەر بینی کێم و زوخاو لە برینەکەی هات، ئەوا بەقەدەر ئەوە، ماڵ و سامانی حەرامی دەست دەکەوێت.
ئەگەر بینی ئەو برینەی، گۆSت و ئێسقانی بڕیبوو، واتە لەلایەن ئەو کەسەی خەوەکەی بینیوە، ماڵ و سامان و ڕزق و ڕۆزی دونیا دەگات بەو کەسەی برینداری کردووە.
ئەگەر بینی لە گۆڕەپانی جەنگدا، دەستی کەسێکی بڕیەوە، واتە قسەی ڕەق و خراپ بەو کەسە دەڵێت و دووبەرەکی جیابوونەوە لە نێوانیاندا ڕوو دەدات.
ئەگەر دیتی سەری ئەو کەسەی لە لاشەی کردەوە، واتە قسەی ناخۆش، بە پیاوماقوڵ و سەرکردەی لە خۆی گەورەتر دەڵێت.
ئەگەر قاچی بڕیەوە، واتە ئەو کەسەی قاچی بڕاوەتەوە، سەروەت و سامان و نیزامەکەی نامێنێت.
ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی چەک و سیلاح لەخەودا، شەش واتای هەیە.
یەکەم: هێز. دووەم: گەورەیی. سێیەم: دەوڵەت و دەسەڵات. چوارەم: ویلایەت. پێنجەم: سەرۆکایەتی. شەشەم: پەناگا.
وە هەروەها بەقەدەر بەهای چەکەکە و بینینی سیلاح لەخەودا، نیشانەی بینینی پاشایەکی دادگەر و خاوەن پایە و بەدەسەڵاتە.

تعليقات