کورتە باسێک لەسەر مێژوویی شاری کۆیە:

کورتە باسێک لەسەر مێژوویی شاری کۆیە:


ئەم قەزایە لە ٥ ناحیە (شۆڕش، سكتان، ئاشتی، سێگردكان، تەق تەق) پێكدێت.

قەزایەی كۆیە خاوەن پێگەیەكی جیۆگرافی گرنگە لەسەر ئاستی عێراق و باشووری كوردستاندا.

ڕووبەرەكەی ٢٠٥٠م چوارگۆشەیە و بەرزیەكەی ٦٢٠م لە ڕووی ئاستی دەریاوە دەبێت و بە دوو چیای خنجیلانە دەورە دراوە. ئەوانیش چیای باواجی كە بەرزیەكەی ١٢٦٠م و چیای هەیبەت سوڵتان كە بەرزیەكەی ١٠٩٢م لە ڕووی ئاستی دەریاوە دەبێت.

مێژووی دروستبوونی شاری كۆیە، بۆ نزیكەی ٢٥٠٠ ساڵ بەر لە زاین دەگەڕێتەوە. كە سەرەتا لە گوندی ئاسكی كۆیە بووە و پێی گوتراوە ئەسكی كۆ، بەڵام دوواتر لە ژێر گوشاری هێزە شەرەنگێزیەكانی ناوچەكە خەڵكەكە ڕوویان لە حەمامۆک كردووە كە خاوەنی سەرچاوەی ئاوی زۆرە و بەو ناوچەیش گوتراوە كاولە كۆ. دوواتریش لە شوێنی ئێستای كۆیە جێگیربوون كە مێژویەكەی بۆ ١٦٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

كۆیە زیاتر لە ٨٠ شوێنەواری هەیە لەوانە: خرابە، كلێسە، قەڵای شیلە، ئەسكی كۆیە، گوبتەپە، سكتای، قەیسەری، باواجی، سماقۆڵی میر سەید، چنارۆک و حەمامۆک.

بۆیەكەمین جاریش بە فەرمی لە ساڵی ١٨٨٥ی.ز قوتابخانە لەو شارەدا دامەزراوە.

لەساڵی ١٩١٨ی.ز كۆیە كراوە بە قەزا. بەهۆی خەباتگێڕی كوردایەتی ناوچەكە ئەو شارۆچكەیە تووشی نەهامەتی و وێرانكاری كراوە لە لایەن رژێمی پێشووی بەعس و بەو هۆیەوە لەساڵی ١٩٨٨ی.ز رژێمی بەعس قەزای كۆیەی بچووک كردووەتەوە و كردوویەتی بە ناحیە، بەڵام دووای ڕاپەرینی گەلی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ی.ز جارێكی تر حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆیەی كردەوە قەزا.
لە خۆرهەڵاتی پایتەختی هەرێم (هەولێر) بەدووری (٧٠كم) دوورە. كۆیە لە بناری چەند چیایەک بنیادنراوە كە خۆرهەڵات و باكوور و خۆرئاوای شارەكەیان داپۆشیووە، وەک چیای هەورێ‌ و هەیبەت سوڵتان كە (١٢٠٦)م و باواجی (١٢٦٦)م لە سەر ئاستی رووی دەریاوە بەرزە. باشووری شاریش دەبێتە دەشتێكی فراوان و لە هەندێ‌ شوێندا خاكەكەی دەبێتە گردۆلە و هەلەت و پەلەت و شەپۆلاوی خۆی دەنوێنێت.

مێژووی دروستكردنی شاری كۆیە لە هیچ سەرچاوەیەكی مێژوویی نەهاتووە و باسی لێوە نەكراوە، بەڵام چەندین ڕای جیاواز هەن لە كۆتایی هەموویان یەک دەگرنەوە و بەڵگەیەكی بەهێز دروست دەكەن، كە ئەم شارە دوو هەزار ساڵ بەر لە زایین ژیانی تێدا بووە. چەندین پاشماوەی شوێنەواری كۆن كە هەندێكیان بە پاشماوەی گۆتییەكان ناسراوە، لەم شارۆچكەیە بە بەرچاو دەكەون (قەڵای شیلە-جل بەسەر-قازبەگی-كلێسە-ساتو قەڵا-گۆپتەپە-شێخەلوان-سكتان-حمامۆک-قەیسەری-خان-تاقی كۆن-مزگەوتی گەورە- زۆری گۆرستان). كویە بەسەر پێنج گەرەک دابەش بووە، گەڕەكی (باییز ئاغا-قەڵات-بەفر قەندی-سەرباغ-هەواو). رێژەی دانیشتوانی ئەم شارە (٩٥،٢٤٦ ) كەسن و لە دوو گەل پێكهاتوون (كورد-كلدان). كلدانەكان لە ناوچەی هەرمۆتە دەژین، كە لە باشووری شاری كۆیەنە. هەر لە كۆنەوە ئەم شوێنە ئاوەدان بووە و خەلكی لێ‌ ژیاوە. وشەی هەرمۆتە واتە جێگای مردووان (ارچ الموت) هەروەها ناوی كۆیە بە كۆهسار هاتووە كە وشەیەكی زەردەشتییە و بە واتای ناوچەی شاخ و بەردەڵان دێت. هەر لە كۆنەوە ئەمشارۆچكەیە شوێنی سەرهەڵدان و رۆشنبیری و زانست بووە و گەڵێک كەسایەتی بلیمەت و ناوداری تێدا هەلكەوتووە وەک (مەلای گەورە-حاجی قادری كۆیی-سامی عەبدال-تاییر تۆفیق-مامۆستا باكووری-سێوە-دڵداری شاعێر و چەندانی دیكە).

سەرا یان(قشڵە) لەگەڵ گەیشتنت بەشارۆچكەی كۆیە لەسەر بەرزایێكدا قەڵایەكی كۆن دێتە بەرچاو كە پێی دەڵێن سەرا. ئەم قەڵایە مێژووی دروستكردنی بۆ سەردەمی ئاشورییەكان دەگەڕێتەوە و لە سەر دەمی میر محەمەد پاشای ڕەواندوز لەسەر شوێنەواری قەڵای ئاشووریەكاندا قەڵایەكی دروست كرد، لە سەردەمی عوسمانیشدا كرا بە قشلە كە تا ئێستا پشكنینی ئەوتۆی بۆ نەكراوە. ئەم قەڵایە لە چەندین ژووری گەورە و بچووک پێكهاتووە لە ناوەڕاستیدا گۆڕەپانێكی گەورە هەیە كە لە سەردەمی زوودا بۆ مەشقی سەربازی بەكار دەهات.

قەیسەری كۆیە بازاڕێكی سەرداپۆشراوی هونەری سەرنجراكێشی كۆنی ئەم شارەیە كە لە دوو بەش پێكهاتووە، ئەم بازاڕە لە ناوەڕاستی شاری كۆیە و رووبەرێكی مامناوەندی داگیر كردووە. قەیسەری كۆیە لەم دووایانەدا كاری نۆژەن كاری بۆ كراوە لەسەر شێوازی كۆنی خۆی كە چەندان دووكان و فرۆشگای تێدایە.

مزگەوتی گەورەی كۆیە دەكەوێتە ناوەڕاستی شارۆچكە، مێژووی دروستكردنی بۆ ساڵی ١٣٦٠ كۆچی دەگەڕێتەوە و لە لایەن حاجی مەلا بەكری ئاغا حەوێزی دروست كراوە و نزیكەی ساڵێک بەردی مەڕمەڕی بۆ تاشراوە. رووبەری هۆڵی نوێژكردنی نزیكەی ٦٠٠م چوار گۆشەیە، یەكێكە لە مزگەوتە جوانەكان، كە چەندین جۆر نەخشی تێدایە.

خانە كۆنەكەی كۆیە دەكەوێتە ناوەڕاستی شارۆچكەی كۆیە مێژووی دروستكردنی دیار نییە، بەڵام تەمەنی ئەم خانە لە سەرووی سەد و پەنجا ساڵ دەبێت. خانەكە لە (٦٥-٧٠ )ژوور و لە دوو نهۆم پێكهاتووە و بەشێكی لێ‌ داڕماوە. بەبوونی ئەمخانە لەم ناوچەیەدا ئەوە دەگەێنێت كە شارۆچكەی كۆیە هەر لە كۆنەوە مەڵبەندی بازرگانی و بنكەیەک بووە بۆ حەسانەوە و مانەوەی ئەو كەسانەی كە گەشتیان دەكرد بەو رێگایەوە.

١-شۆڕش؛
٢-سكتان؛ رووبەر: ١٧٠،٢٣كم دووجا ٥۱ گوند: ٣- ئاشتی؛ رووبەر: ١٥٠،٧٠ كم دووجا ۱۲ گوند: باری ڕووی زەوی: دەشت: ٢٣٪ گرد: ٢٣٪ چیا: ٥٤٪ ٤- سێگردكان؛ رووبەر: ٢٠٢كم دووجا، ۲۲ گوند: باری رووی زەوی: دەشت: ٨٠٪ گرد: ١٠٪ چیا: ١٠٪ ٥- تەق تەق؛ ڕووبەر: ٢٢٤،٣٦كم دووجا گوند: ١١ بەڕێوەبەری ناحیە: كاكەخان نەسرەدین رووبەر: ٤٧٤كم دووجا گوند: ٢٦ باری ڕووی زەوی: دەشت: ٣٥٪ گرد: ٦٤،٥ چیا: ٠،٥

تەقتەق:

ناحیەی تەق تەق، یەكێكە لە شارۆچكە خۆش و دڵگیرەكانی دەڤەری باكووری خۆرهەڵاتی كەركووک و سەر بە قەزای كۆیەیە گەر گرنگی پێبدرێ‌ دەبێتە شوێنێكی گەشتیاری بەتایبەتی كەناری زێیەكە. كەوتووەتە باكووری خۆرهەڵاتی شاری كەركووک بەدووری ٥٧كم و سەر بەباژێری كۆییە و كەوتووەتە باشووریەوە بە دووری ٢٣كم، و كە لەناری خۆرئاوای زێی بچووكە.

بەهۆی گرنگی هەڵكەوتەی شوێنەكەی و پردەكەیەوە بووەتە رایەڵەی بەیەک گەیاندنی ناوچەكانی كەركووک و كۆیە و پشدەر و بیتوێن و قەڵادزێ‌ تا سەر سنوور گرنگیەی تری ئەم شارۆچكەیە ئەوەیە بووەتە خاڵی یەكتر بڕو تێكەڵ بوونی شێوە ئاخاوتنەكانی هەولێری و كەركووكی و سلێمانی و كۆیی و لوڕییەكانی خۆرئاوای تەق تەق شێوە ئاخاوتنێكی تایبەت بە دانیشتوانی تەقتەقییان، پێكهێناوە، دەكرێ‌ ناوی لێبنرێت پەلكە زێڕینەی زمانی كوردی.

لەبەر ئەوەی ئەم شارۆچكەیە پێشترو لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتە یەک لە دووای یەكەكانی عێراق بووە، بەرپرسانی یەكە كارگێڕییەكانی عەرەب و سەر بەڕژێمەكان بوونە، هیچ گرنگیان پێ‌ نەداوە، بەتایبەتی لە كاتی رژێمی بەعس، بێبەش بووە لە بچووكترین خزمەتگوزاری، لێ‌ لە ساڵی دووهەزار و قۆناغی ٢٠٠٥ بەتایبەتی لە هەموو بوارەكانی هەنگاوی باش نراوە بۆ پێشكەوتن و گەشە كردنی. گەڕەكەكانی تەق تەق: رزگاری، سەربەستی، ڕووناكی، شەهیدان، گۆڕقەرەج، بەختیاری، ئاشتی، ژمارەی دانیشتوانەكەیشی پتر لە ١٦٠٠٠ كەسە، و ٢٦ (ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر) گوندی بەسەرەوەیە، گرنگترین و گەورەترینیان هەردوو گوندی ئیلنجاغ و باغەچنێرە.

مێژووی دامەزراندنی تەق تەق، وەكوو گوند نەزانراوە، شیمانە دەكرێ‌ وەكوو زۆربەی گوندەكانی تری كوردستان لە سەدەكانی پانزدە و شانزدە و بەتایبەتی لە كاتی حوكمڕانی عوسمانییەكان لە ژیانی كۆچەرییەوە بووین بە گوندنشین و بەر لەساڵی ١٩٠٠ تەنها فەرمانگەیەكی گومركی باج كۆكردنەوەی لێبووە بۆ گومرک كردنی بەروبوومی كشتوكاڵی وەک توتن و خەڵووز و دانەوێڵە و ئاژەڵی زیندو. مێژووی بەشارۆچكە بوونیشی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی سەدەی بیستەم، بەریتانیەكان پێش ئەوەی عێراق داگیركەن لە ڕێی سیخوڕەكانیاوە رووپێوێكی ناوچەكانی عێراق دەكەن، لە پاش لێكۆڵینەوەی زۆر بۆیان دەردەكەوێت. ئەوەبوو لە پاش بەباژێری كردنی كۆیە، لەڕێکكەوتی ١١-١٩١٩ دەكرێ‌ بە شارۆچكە و مەلا حەوێزئاغای غەفووری كراوە بەرێوەبەری ناحیە، سەرەتا تەنها بەڕێوەبەرایەتی ناحیە و بنكەیەكی پۆلیسی لێ‌ دەبێ‌ دوواتر یەكە كارگێڕییەكانی تر دێنە دامەزراندن و لە پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ی.ز سەرۆكایەتی شارەوانی لێ‌ دادەمەزرێنن.

ناوی تەق تەق لە كاتی درووستبوونی گوندەكە چەندین ماڵ لە چەندین تیرە و هۆزێكی جیاوازەوە هاتوون و هەركەیان دوور لە یەكتر و هەركەسێ‌ بۆ خۆی تاک تاک خانوو دروست دەكەن، پێیان گوتوون تاک تاک، لە پاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و لە یەكەم سەرژمێری و ناونووسیندا، لەبەر ئەوەی ناونووس و سەرژمێرەكان عەرەب بوونە لە جیاتی ئەوەی بنووسن تاک تاک نووسیویانە(ط ق طاق)و لە زمانی كوردیش وشەی(تاق) هەیە.

ئاراس عومەر فەتحوڵلا ناسراو بە ئاراس ئیلنجاغی نووسەر و ڕاگەیاندنكار و نووسەری كتێبی (تەق تەق پەلكە زێڕینەی كەناری زێی بچووک) لە بارەی ناوی تەق تەق لە چیەوە هاتووە و چ مانایەک دەبەخشێ‌، گوتی: بیر و بۆ چوون و باڵۆرەی جیاواز هەیە لە بارەی ناوەكەیەوە دیارترینیان چیرۆكێكی كۆنی ئەفسانە ئاسانە هەیە باس لە لافاوێكی زێی بچووک دەكات چۆن گوندی كەڵەكچنی بردووە، و دانیشتوانەكەی ئاوارەی گوندەكان قەرەنا و و جگیلە و كانی ڕەش و تەق تەقی ئیمڕۆ دەبن، دیارترین كەسایەتی ناو چیرۆكەكە ( نەنە حەلومەیە) پیرەژنێكی بەساڵاچووی ئازابووە، لافاوەكە هێناویەتی و لە كەندڕێک گیرساوەتەوە و پێی دەڵێن: كەندڕی نەنە حەلومە، ئەو كەندڕە ئێستا لە نێوان هەردوو بینای لقی كشتوكاڵی و ئۆرزدی تەق تەقە، و تاكوو ئەمڕۆش دەگێڕنەوە و دەڵێن: نەنە حەلومە گوتوویەتی: ئەوە چی بوو تەقەتەقی بەرد كاسی كردین، گوایە ناوی تەق تەق لەو قسەیەی نەنە حەلومەوە هاتووە.

لە بارەی مێژووی دروست كردنی پردەكەشەوە وتی: لە ساڵی ١٩٥٤ی.ز لەلایەن كۆمپانیایەكی عەرەبی و بەسەرپەرشتی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی سەردەمی (مەلیک فەیسەڵ) ی بچووک رووپێوێكی ناوچەی تەق تەق دەكەن و دوواتر لەلایەن كۆمپانیای (بیتۆن مونیر باو)ی ئەڵمانی بە بڕی ٧٥٠،٠٠٠هەزار دینار دروست كردنەكەی جێبەجێ‌ دەكات، پردەكە لە دووانزدە دینگە پێكهاتووە، و بە چواردە كەوانەی كەمەرەییەوە بەیەكەوە گرێدراوە. لە ١١-١٩٥٨ و بە ئامادەبوونی: د. فەخری دەباغ مەحموود زیاد ئاغا، عەلی مەولود (یاریدەری بنكەی پۆلیسی كۆیە، هادی رەشید چاوشلی قایمقامی كۆیە، شەفیق سابیر كاكە زیاد ئاغا، حاكم بایز ئاغای دزەیی، سوعاد تاڵەبانی (بەڕێوەبەری ناحیەی تەق تەق)، عەبدولمەجید حاجی مەلا تۆفیق مستەفا بەگ، نوێنەری موتەسەریفی كەركووک، ئەندازیار مەجید عومەر و لە ئاهەنگێكدا پردی تەق تەق دەكرێتەوە.

بەزۆری هۆزەكانی شێخ بزێنی و شوان و ساڵەیی لێرە نیشتەجێن و لە ساڵانی ١٩٤٩-١٩٥٢ دوو خێزانی جوولەكەی لێ‌ بووە، (عەزرە) قەڕاشی بەڕێوەبەری ناحیە بووە و (خواجە برایم)یش بازرگان و كوتاڵ فرۆش بووە، چەندین بنەماڵەی بەڕەگەز عەرەبی لێیە وەک: كاكە ڕەش، حاجی تەللوب، عەبد جاسم، كە كاریان كەڵەكەوانی بووە، بە كەڵەک و لە زێی بچووكەوە بەروبوومی كشتوكاڵیان بردووە بۆ بەغدا.

سەرچاوە: گۆڤاری مێرگ



تعليقات