کورتە باسێک لەسەر مێژووی شاری ههولێر+ڤیدیۆ:
هەندێ لە زانایانی هەولێر و هەرێمی كوردستان، شاری هەولێر بە لانكەی مرۆڤایەتی دەزانن، چونكە ئەشكەوتی شانەدەر باشترین بەڵگەی مێژوویی مرۆڤە بەوپێیەی كە ئەشكەویتێكە لە جیهان گرنگی تایبەتی هەیە و كەوتووەتە نزیک شاری هەولێر.
تەمەنی ئێسكبەندەكان بۆ زیاتر لە ٦۰ تاکوو ٨۰ هەزار ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە، بە رێگەی زانستی سەلمێندراوە بەدرێژایی مێژوو، تا ئێستا هیچ رۆژگارێكی ئەو ناوچەیە واتا ئەشكەوتەكە و شاری هەولێر بێ مرۆڤ و دانیشتوان نەبوونە. هەولێر كۆنترین شاری جیهانە کە تا ئێستا بە ئاوەدانی ماوەتەوە.
شاریش تا كۆنتر بێت مێژووەكەی ئاڵۆزتر دەبێت بە تایبەت شارێكی وەک هەولێر كە زۆرێک بۆچوونیان وایە ئەم شارە پێش پەیدابوونی نووسین دروستكراوە. كە خەت و نووسین لە داهێنانی سۆمەرییەكانە پاش ئەوەی سۆمەرییەكان لە هەولێر و كوردستان دەچنە خوارەوە لە ساڵی ۳۲۰۰ی پ.ز، خەت و نووسین لە هەولێر دادەهێنن. بە پێی زانیاری ئینسایكلۆپیدیای بەریتانیا بە شاری هەولێر گوتراوە (ئۆربل)، وە ئاماژەش بەوە كراوە كە شاری هەولێر لەلایەن باپیرانی سۆمەرییەكان دروستكراوە. هەروەها مێژووی شاری هەولێریش بۆ ٦۰۰۰ هەزار ساڵ پ.ز دەگەرێنێتەوە. لەو ئینسایكلۆپیدیایە جگە لە باسی كورد و سۆمەرییەكان لەو ناوچەیەدا ناوی هیچ میللەت و نەتەوەیەكی تری نەهێنراوە.
-كۆنترین ناوهێنانی ئەربیل واتە: هەولێر لە دەوری ۲۳۰۰ پ.ز بووە و لە دەقێكی مێخیدا بۆ یەكەمجار گووتیەكان لە سەردەمی پاشا (ئیریروپیزر) بە شێوەی ئۆربیلیۆم ناویان هێناوە.
– لە بەڵگەنامەیەكی سۆمەرییەكان:
– لەسەردەمی دەسەڵاتی ئاشوورییەكان هەروا ناوی هەولێر هەر ئەو ئۆربیل بووەوە و كە بەپێی هەندێ سەرچاوە ئۆربل ناوێكی سۆمەرییە و لە فەرهەنگی زمانەكەشیان (ئۆر) بە مانای وڵات، شار، پەرستگا، یان شوێن دەدات، وە (بل)یش ناوی خواوەندی زەوین واتە (شاری خواوەندی زەوین). لەگەڵ زمان و فۆنەتیكی زمانی ئاشووری رێكدەخرێت و بە كەمێک گۆڕانەوە مانایەكی تر بۆ خۆی پەیدا دەكات و دەبێت بە ( ئور-بائیل-ئاربا-ئیللو) كە لە زمانی ئاشووری بە مانای چوار خواوەند دێت.
– بەپێی ئەو بۆچوونانەی کە بوونیان هەیە، مێژووی دروستبوونی شاری ئوربل/هەولێر لە سەرەوەی ٦۰۰۰ ساڵ پ.ز. ـیەو ئەم شارەش سۆمەرییەكان و باو باپیرانیان دروستیانكردوە هەر خۆشیان ناویان لێناوە. ناوەكەشی هەر بە ئۆربیلۆ – ئۆربیل یان بە شێوەیەكی نزیک لەم شێوانە بووە وەک (ئەربیرە، ئۆربیلیۆم، ئوربیلیۆن). زۆر نەتەوەی جیا و زمانی جیا و زۆر ئایینیش لەم شارە دەسەڵاتیان پەیدا كردووە، مێژوو و سەردەمی دیاریشیان هەیە، ئەمەش بەڵگەی رەسەنی و خۆڕاگری و كۆنی ئەم میللەت و ئەو شار و وڵاتەیە، هەر ئەمەش شارەكەی بە ئاوەدانی هێشتووەتەوە و ناوەكەشی وەک خۆی پاراستووە. (۱)
* لە ساڵەكانی (۲۳۷۱-۲۳۱٦ پ.ز) و بەمەستی دەست بەسەر داگرتنی داهات و فرە سامانێتی دەڤەرەكە، پەلاماری هێرشەكانی سەرگۆنی ئەكەدی گەیشتوونەتە هەولێر و دەستی بەسەرداگیراوە.
* لە ساڵانی (۲۱٥۰-۱۹٥۰ پ.ز) كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی سێهەمی ئیمپراتۆریەتی ئووری سۆمەرییەوە.
* لە ساڵی (۱٦۰۰ پ.ز) و دوواتر كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی كاشییەكانەوە، كە مەزەندە وایە لە هۆزە دێرینەكانی كورد بووبن.
* هاوكات دەوڵەتی ئاشووریش لە باكوور دامەزرا و چەند هۆزێكی تری وەک میتانی و خۆرییەكان دەسەڵاتیان لەو ناوەدا پەیدا كرد، کە ناوچەكانی ئاشوور و هەولێر و كەركووک لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی میتانییەكاندا بوون.
* لە رۆژگاری فەرمانڕەوایی ئاشوورییەكانەوە لە (۲٥۰۰-٦۱۲ پ.ز) هەولێر لەوپەڕی گەشەسەندن و پێشكەوتن دابوو، ئەوكاتە پایتەختی ئایینی ئاشوورییەكان بوو، ناوی هەولێر لە نووسراوە مێخیەكانەوە بەشێوەی (ئی-كشان-كلاما) هاتووە كە دەكاتە (ماڵی خانمەكەی هەرێم) كە سەرچاوە و هێمای سەركەوتن بووە و (عەشتاری نەینەوا)ش خوداوەندی ئەڤین و رابواردن بووە.
* ساڵانی (۷۰٥-٦٨۱ پ.ز)، سەنحاریب بووە بە فەرمانڕەوا، ئەو پادشایە لە دووری (۲۰) کیلۆمەترەوە لە رووباری بەستۆرەوە ئاوی بۆ شار و قەڵای هەولێر راكێشاوە، كە بەجۆگەی سەنحاریب ناسراوە و بۆ ئەو سەردەمە كارێكی دەگمەن و مەزن بووە.
* ساڵی (۷۰۰ی پ.ز) ئیمپراتۆریەتی میدیا دامەزرا و لە ساڵی ٦۱۲ی پ.ز دووای رووخانی دەوڵەتی ئاشووری، هەولێر كەوتە بەر دەستی دەوڵەتی میدیا، هەولێریش كەوتە نێو ئەو ئیمپراتۆرییەتەوە و بووە بەشێک لە بنكە و ناوەندی دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆرییە.
دووای ئەوە هەولێر بووە بە بەشێک لە دەوڵەتی هەخامەنشی، واتە: (هەخامەنی).
• لە ساڵی (۳۳۱ی پ.ز) و بە فەرماندەی ئەسكەندەری مەكدۆنی، لەشەڕی (ئەربیلا) ئیمپراتۆریەتی یۆنانی بەسەر هەخامەنییەكان زاڵبوون و هەولێر بووە بەشێک لە موڵكەكانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە.
لە پاش مردنی ئەسكەندەر لە ساڵی (۳۲۳ی پ.ز) لە شاری بابل، هەولێر (تێكڕای عێراق و سووریا)ش كەوتنە ژێر دەسەڵاتی (سلۆق) كە یەكێک بووە لە فەرماندەكانی ئەسكەندەر، ئەم فەرمانڕەوایە هەولێری زۆر ئاوەدانكردووەتەوە و خزمەتی كردووە.
لە ساڵانی (۱۲٦ی پ.ز -۲۲۷ی.ز) فارسەكان توانیان بەسەر سلۆقییەكاندا زاڵ بن كە بەر لەو كاتە حوكمڕانی هەولێر بوون، ئەم فارسانە دەوڵەتێكی فیدڕاڵییان دامەزراند كە لە چەند میرنشینێک پێكهاتبوو وەک میرنشینەكانی (رەها، تەدمور، شنگار، حەزەر، دوواتریش حەدیاب)، هەولێر گرنگترینی شارەكانی میرنشینی حەدیاب بووە. ئەم میرنشینە (لە نێوان هەردوو زێی گەورە و گچكە دامەزراوە) میرەكەی (ئیزات)ی ناو بووە، لە میرە بەناو و مەزنەكان بووە، مافی لەسەركردنی تاجی بەرز و خەوتنی نێو چوار پایەی زێڕینی هەبووە، ئەم پلە و پایەی بە خەڵات لە لایەن پادشا (ئورتەبانی سێیەم)، بە هاوكاریی پادشا پێدراوە.
ساڵی (٨۳ی پ.ز) و بۆ ماوەی (۱۰) ساڵێک لە رۆژگاری (نیگران شا)ی ئەرمەنی، هەولێر كەوتە ژێر ركێفی سوپای ئەرمەنەوە.
*لە دووای چەن پەلامار و هێرشێكی رۆمانەكان و بەناوبانگترینیان هێرشی پادشا (كەراكولا) بوو ساڵی (۲۱٦ی.ز) هەولێر داگیركرا، فارسەكانیشی هەڵتەكاندوون، لە ساڵی (۲۲٦ی.ز) لە رۆژگاری (شا ئەردە شێر)ی ساسانی، لە مەدائینەوە پەلاماری هەولێر دراوە، هەولێر كەوتە ژێر دەسەڵاتی ساسانییەكان و پەرستگای ئایینی زەردەشتیی لێ دروستكرا، هەندێ لە پادشاكانی ساسانی جەور و ستەمیان دەرحەق بە فەلەكان كردوون، لە دوایین ساڵەكانی فەرمانڕەوایی ئەم دەوڵەتە، هەولێر و زۆربەی ناوچەكانی دەور و بەر گۆڕەپانی شەڕ و پێكدادانی توند و خوێناوی بوون، تا هەڵكەوتنی بانگی پیرۆزی ئیسلام.
ساڵی (٦۱۲ی.ز) لە ترسی پەلاماری سوپای ئیسلام، ساسانییەكان مەدائین و هەولێر و زۆربەی ناوچەكەیان جێهێشتن.
* ساڵی (۱٦ی كۆچی، ۷٤۹ی.ز) و لە رۆژگاری (خەلیفە) جێنشین (عومەری كوڕی خەتاب) بە فەرماندەیی (عوقبەی كوڕی فەرقەد) لەشكری ئیسلام گەیشتنە ئەو هەرێمە و هەولێر و موسڵ و زۆربەی هەرە زۆری ناوچەكانی دەورووبەر كەوتنە ژێر ئاڵای دەوڵەتی ئیسلام.
* ساڵی(۱۳۲ی كۆچی) و لە نزیک هەولێر و لە شەڕی (زاب)ی یەكلاكەرەوە، عەباسییەكان سەركەوتن بەسەر ئەمەویەكاندا و هەولێر كەوتە ژێر ركێفی عەباسییەكانەوە.
* لە رۆژگاری دەسەڵاتدارێتی بوەیهییەكان لە بەغدا (۳۳۳-٤٤۷ی كۆچی) / (۹٤٤-۱۰٥٥ی زایینی) كوردە هەزبانییەكان توانیان میرنشینێكی بەدەسەڵات لە هەولێر دابمەزرێنن، هەولێر لەم سەردەمەدا پێگە و بایەخی شایستەی خۆی وەرگرتەووە و پەیوەندی دۆستایەتی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی پتەوی لەگەڵ میرنشینەكانی حەمدانییەكان و عوقلییەكاندا لە موسڵ و شام هەبوون.
* ئەم میرنشینە درێژەی كێشا تا هەڵكەوتنی (عیمادەدینی زەنگی) لە موسڵ لە ساڵی (٥۱۲ی كۆچی /۱۱٤٤ی زایینی) زێنەدینی عەلی كوچک كوڕی بەكتەكین كە فەرمانداری قەڵای موسڵ بوو لە سایەی عیمادەدینی زەنگی، توانی میرنشینێكی سەربەخۆ لە هەولێر و ئاكرێ و ناوچەی هەكاری و تكریت و داقوق، دابمەزرێنێت و بە میرنشینی بەكتەكین ناسرا.
*ساڵی (٥٦۳ی كۆچی/۱۱٦٨ی زایینی)زێنەدینی عەلی كوچک لە هەولێر كۆچی دووایی كردووە و كوڕە بچووكەكەی (زێنەدین یوسف) دەسەڵاتی وەرگرت، پاشتر لە ساڵی (٥٦٨ی كۆچی/۱۱۹۰ی زایینی) لە شاری ناسرە لە خاكی فەلەستین بە خاک سپێردرا. (مزەفەرەدینی كوكبر)ی برای، بوو بە فەرمانڕەوای میرنشینی هەولێر، لە سایەی حوكمڕانی میر مزەفەری ئەتابەگ میرنشینی هەولێر بووە بە بەهێزترین و ناودارترینی میرنشینەكانی ئیسلامی و ئەوپەڕی پێشكەوتن و گەشەی زانستی و ئاوەدانی و دەسەڵاتی هەبوو. ماوەی حوكمڕانیەتی لە نێوان (٥٨٦ ک-٦۳۰ک/۱۱۹۰ی.ز-۱۲۳۳ی.ز)درێژەی كێشا، مزەفەرەدین بەیعەتی دا بە پێشەوای كوڕیی (سەلاحەدینی یوسف كوڕی ئەییوب) و پتر لێی نزیک بووەوە و بە خواستی (رەبیعە خاتوون)ی خوشكی سەلاحەدیین، لە رۆژگاری شا موزەفەرەدین فەرماندارێتی میرنشینی هەولێر گەیشتە ئەوپەڕی هێز و دەسەڵات و تەواوی ناوچەی شارەزوور كەوتنە نێو دەسەڵاتی ئەو میرنشینە كە هەر لە زێی گەورەوە تا شارەزوور و داقوق دەگرێتەوە.
سوڵتان موزەفەر پیاوێكی خێرخواز و زانست پەروەر و دادپەروەرێكی لە خواترس و خزمەتكار بووە، لە رۆژگاری ئەودا یادە ئاهەنگەكانی مەولوودی پێغەمبەر (د.خ)، كراوە و شەوانە تا بەرەبەیان چراخان هەڵكراون و ئاهەنگ و خێر و شادی بەردەوام بووە.
هەولێر بووە بە رووگەی زانا و دانا و هزرەوان و پیاوانی زانست و فەلسەفە و مێژوو و زۆر فێرگە و قوتابخانە و فەرمانگەی خزمەتگوزاری و چاودێری كۆمەڵایەتی لەو شارەدا كراوەتەوە، خزمەتێكی زۆری هەولێر كراوە و ئەو پەڕی ئاوەدانی و پێشكەوتنی بەخۆوە بینیووە، هەولێر لەو رۆژگارەدا لە چەرخی زێرینیدا بووە، دیارترین شوێنەوارەكانی ئەم سەردەمە، منارەی چۆلی واته: (مینارەی سوڵتان موزەفەر) و قوتابخانەی موزەفەرییە و بازاڕگەكانی قەیسەریەی هەولێرن.
دووای وەفاتی سوڵتان موزەفەرەدین لە ساڵی (٦۳۰ی كۆچی/۱۲۳۳ی زایینی) میرنشینی هەولێر چووەوە ژێر سایەی خەلیفە (موستەنسیر بیللا)ی عەباسی و لە ساڵی (۱۲۳٥ی زایینی) لەشكرێكی بە فەرماندەیی (ئەبو فەزیل ئیقبالی شەرابی-ابو الفصل اقبال الشرابی) ناردە سەر هەولێر و داگیری كرد.
* هەولێر لە رۆژگاری موزەفەرەدین و لە دووای وەفاتیشی دوچاری پەلاماری مەغۆلەكان بووە و خۆڕاگرانە لە بەرامبەر ئەو دوو پەلامارەدا، خەڵكی هەولێر وەستاون و داكۆكی جوامێرانەیان لە شارەكە كردووە و نەبەزیون، هەر بۆیەش هەولێر بە شاری هۆلاكۆ بەزێن ناسراوە، كەچی سەركردەی مەغۆلەكان ناوی (ئەقنویان) بوو.
*دوواتر لە دووای رووخانی دەوڵەتی عەباسی بەدەست مەغۆلەكانەوە، لە ساڵی (٦٥٦ی كۆچی/۱۲٥٨ی زایینی) ئیتر هەولێر كەوتە ژێر فەرمانڕەوای مەغۆلەكان.
* لە ساڵی (۱۳۳۷ی زایینی) كەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیلخانییەكانەوە، دوواتریش جەلائیرییەكان.
* پاشان كەوتە ژێر ركێفی فەرمانڕاوایی دەوڵەتی بەرخەرەشی تورکمانی و ئینجا لەساڵی (۱٤۱۰ی زایینی) كەوتە ژێر دەستی دەوڵەتی بەرخەسپی تورکمانی.
*ساڵی (۱٥۰٨ی زایینی) كەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی سەفەوییەكان، تا شكانی سوپای فارس لە بەرامبەر هێرشی سوپای سوڵتان سەلیمی دووەمی عوسمانی.
*ساڵی (۱٥۱٤ی زایینی) لە دووای شەڕی چاڵدێران و سەركەوتنی لەشكری سوڵتان سەلیمی عوسمانی بەسەر سەفەوییەکاندا، لە سەردەمی عوسمانییەکان لە هەولێر دان بە نیمچە سەربەخۆیی میرنشینەكانی كورد نرابوو، لەوانە میرنشینی سۆران لە ناوچەی هەولێر، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم بەهێزترین و پێشكەوتووترینی میرنشینەكانی كورد بووە.
* لە دووای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم و لە پاش پەیمانی سایكس-پیكۆ و لە بەهاری ساڵی (۱۹۱٦ی زایینی) بە فەرماندەیی لیوا (پاراشۆف) هێزەكانی روسیایی هاوپەیمانی لە رێگەی خانەقین و ورمێ بە مەبەستی داگیركردنی بەغدا رەواندزیان داگیر كرد. پاشان بەهۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئۆكتۆبەر لە رووسیا لەو هەرێمە كشانەوە.
* لە ساڵی (۱۹۱٨ی زایین) و لە دووای داگیركردنی بەغدا لە لایەن ئینگلیزەوە هەولێر كەوتە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز و (كابتن های) بوو بە حوكمڕانی هەولێر.
* ساڵی (۱۹۲۱ی زایین) لە دووای دروستبوونی حكوومەتی عێراق و لكاندنی كوردستانی باشوور بە دەوڵەتی عێراق، واتە باشووری کوردستان، هەولێر كرایە پارێزگا و (ئەحمەد ئەفەندی عوسمان) یەكەم (پارێزگار)ی هەولێر بووە.* ساڵی (۱٨٥٨ی زایینی) شارەوانی هەولێر دامەزراوە و یەكەم سەرۆكی شارەوانی (حاجی ئەحمەد ئاغای عەبدولوەهاب) بووە.
* ساڵی (۱۹۱۳ی زایینی) یەكەم شەقام لە نێو شاری هەولێر قیرتاو كراوە.
* ساڵی (۱۹۲٨ی زایینی) یەكەم یانەی فەرمانبەران لە هەولێر كراوەتەوە.
* ساڵی (۱۹۳۲ی زایینی) و بۆ یەكەمجار كارەبا گەیشتە شاری هەولێر.
* ساڵی (۱۷۷٥ی زایینی) گەرماوی قەڵاتی هەولێر درووستكراوە و خەڵكی هەولێر لەم گەرماوەدا خۆیان شۆشتوووە-شۆردووە و بۆ ئەم مەبەستە بیرێک لە قەڵات لێدراوە كە قووڵییەكەی (٦۰) مەتر و كەمەرەكەی (٥) مەتر بووە.
هەولێر كەی بووەتە پارێزگا؟
لە سەردەمی عوسمانییەكان، هەولێر قەزایەک بووە سەر بە لیوای موسڵ، بەڵام دووای نەمانی ئەوان و هاتنی ئینگلیز بۆ ناوچەكە، ئاڵوگۆڕ بەسەر شێوەی فەرمانداری دام و دەزگاكان هاتووە و جۆرێ بەڕێوەبەربردنی نوێ هاتووەتە ئاراوە. دیارە هەولێریش سەردەستەی ئەم گۆڕانكاریانە بوو، لە سەردەمی ئینگلیزەكان (حاكم سیاسی) لە لیواكان كاریان كردووە، یاریدەدەری دادوەری ڕامیاریش واتە (مساعد لحاكم السیاسی) لە قەزایەكان دانیشتوون (دەبلیو- ئار-ئێچ) كە ئەفسەرێكی ئینگلیزە، یەكەم یاریدەدەری دادوەری رامیاری بووە لە هەولێر، پاشان كە هەولێر بووەتە پارێزگا هەر بۆ خۆی بووە بە دادوەری ڕامیاری ئەم شارە، لە پەرتووكی (دوو ساڵ لە كوردستان) كە بیرەوەرییەكانی خۆیەتی بەمجۆرە باس لەم گۆڕانە دەكات: كاتێ سوپای ئینگلیز عێراق و كوردستانی داگیركرد، لە ۲۷/١٠/١٩١٨ی.ز شاری كەركووكی گرت، لە كۆتایی هەمان مانگ(پردێ)شی كۆنتڕۆڵ كرد پاشان لە ٣٠/١٠/١٩١٨ ئاگربەست لە نێوان هاوپەیمانەكان و توركیا مۆركرا. بڕیارەكەش لە (٣١)ی هەمان مانگ كاری پێ دەكرێ، ئەوكاتە (دەبلیۆ- ئار ئێچ) لە مەندەڵی دەبێت، فەرمانی ئەوە دەردەچێت بكرێتە یاریدەردەی دادوەری ڕامیاری لە پردێ. ڕۆژی ٠٣/١١/١٩١٨ دەگاتە پردێ و دەست بە كاری خۆی دەكات. لە ٠٧/١١/١٩١٨ برووسكەی بۆ دەكرێ بچێتە كەركووک بۆ لای (مێجەر نوئێل) كە دادوەری رامیاری كەركووک و هەڵسوڕێنەری ڕێنمایی سیاسەت دەبێ، لە باشووری كوردستان، بەمەبەستی ئامۆژگاریكردنی دەربارەی ئەو سیاسەتەی كە پەیڕەوی دەكەن، لەم كاتەی لە كەركووک دەبێ برووسكەیەكی پێدەگات بۆ ئەوەی ئەفسەرێكی سیاسی لە گەڵ هێزێكی بچووک ڕەوانەی هەولێر بكەن، تا بەگوێرەی بەندەكانی ئاگربەست هەولێر دەستبەجێ لە توركەكانی وەربگرنەوە، ئەم كارەی (نوئێل) بە (دەبلیۆ-ئار-ئێچ) دەسپێردرێ و بەم جۆرە نامەیەكی سەرپێی لە فەرماندەری هێزی كەركووک وەردەگرێ و بەرەو هەولێر دەچێت. ڕۆژی ۱۰/۱۱/۱۹۱٨ كاتژمێر(۱) ی دووای نیوەڕۆ دەگاتە هەولێر، دووای پێشوازیكردن نیوەڕۆ لای (ئەحمەد ئەفەندی) میوان دەبێ، دووای نانخواردن كاتژمێر (۳) ی نیوەڕۆ دەچێتە ئۆردووگای توركەكان لە ڕۆژئاوای هەولێر، نامەكە دەداتە فەرماندەی هێزی توركەكان كە پیاوێكی كورتە باڵای قەفقازی دەبێت ئەمیش دووای خوێندنەوەی نامەكە ڕەزامەندی دەردەبڕی كەوا بەیانی هەولێر جێبێلێ، بەڵام پێشنیاز دەكات كەوا نەخۆشخانەكانیان لە هەولێر بمێننەوە، لە وەڵامدا(ئێچ)دەڵێ: “منیش مكوڕ بووم لەسەر ئەوەی كەوا پزیشكێكیان لەگەڵ بەجێ بێڵێ، بەڵام فەرماندە توركەكە ئەمەی رەتكردەوە و بەڵێنیدا كەوا نەخۆشەكان لەگەڵ خۆیان بەرن” پاشان دەركەوت كەوا هەموویان بەسەر ماڵە هەولێرییەكان دابەش كراوە، ئینجا (ئێچ) دەڵێ: ئەفسەرێكی توركم لەگەڵ خۆدا هێنا بۆ ئەوەی كۆگاكانم تەسلیم بكات”، لە پاشان ئێوارە لە دیوەخانی ئەحمەد ئەفەندی میوان دەبێتەوە و بەیانی دەچێت فەرماندە توركەكە بەڕێ دەكات و دووایی چاوی بە پیاو ماقوڵ و ڕیش سپییەكانی هەولێر دەكەوێت و دەربارەی بارودۆخەكە قسەیان بۆ دەكات، لەم ماوەیەدا كە (ئێچ) لە هەولێر دەبێت. برووسكەیەک دەكرێ كەوا (نەقیب موری) لە هەولێر دامەزراوە و پێویستە (ئێچ) بگەڕێتەوە بۆ پردێ بەم پێیە ڕۆژی (١٣/١١/١٩١٨) نەقیب (موری) دەگاتە هەولێر و (ئێچ) جڵەوی كاروباری دەداتە دەست و دەستبەجێ دەگەڕێتەوە پردێ. لە ڕۆژی (۱٥/٠٢/١٩١٨) جڵەوی كاروباری ئەم ناوچەیە بەڕێوە دەبات، پاشان مۆڵەت وەردەگرێ و دەچێتەوە لەندەن، تا لە ڕۆژی (۳۰/٠٦/١٩١٩) لە ڕێگای حەلەب دەگاتەوە موسڵ، لەوێ یەكسەر فەرمانی پێدەدەن بگەڕێتەوە هەولێر بۆ ئەوەی پلەی یاریدەدەری لە دادوەری رامیاری لە (مۆر) وەربگرێتەوە. لە رۆژی ٠٣/٠٧/١٩١٩ دەگاتەوە هەولێر و دەست بە ئیش و كاری خۆی دەكات، لەم ماوەیەدا چەندین پێشنیاز دەكرێ بۆ ئەوەی هەولێر بكرێتە پارێزگایەكی سەربەخۆی جیاواز لە موسڵ، كە قەزای كۆیە( تا ئەو وەختە سەر بە سڵێمانی بوو) لە گەڵ رەواندز بگرێتە خۆ، دیارە ئەم جۆرە پێكهاتەش سوودی زۆر بووە، چونكە تاكە ڕێگایەكی لە بار و گونجاوە بڕوات بۆ رەواندز بە هەولێرا تێبەپەڕێ، كۆیەش ئاسانتر دەیتوانی پەیوەندی بە هەولێرەوە بكات وەک لە سلێمانی، (دەبلیو-ئار-ئێچ) دەڵێ: ” لە ڕۆژی ۲۹/١٠/۱۹۱۹ لەگەڵ (ئەحمەد ئەفەندی) سەرۆكی شارەوانی هەولێر بە شەمەندەفەر لە ڕێگای شەڕگاتەوە چووین بۆ بەغداد بۆ ئەوەی لە گەڵ(عەقید ویلسون)، دادوەری گشتی مەلەكی لە عێراق گفتوگۆ لە سەر ئەم پێشنیارانە بكەین و بگەینە بڕیارێک. ئینجا گوتی:” (ویلسون گێولی) مەیلی لە وەرگرتنی پڕۆژە نوێكە نەبوو بەر بە وەرگرتنیشی تا دەرفەتی بۆ بڕەخسێ سەردانی (مستەر بل) بكات لە هەولێر و ئامۆژگارییەكانی پێشكەش بكات”. هەروەها دەڵێ:” چوار پێنج رۆژ لە بەغدا ماینەوە لە ئێوارەی ڕۆژی (۳۱/١١/١٩١٩) یەک دووكاتژمێر پێش ئەوەی بگەڕێمەوە، عەقید ویلسون جیای كردمەوە و پێی ڕاگەیاندنم كەوا لە بارەگای گشتی هەواڵێكی پێگەیشتووە كەوا (مستەر بل) دادوەری رامیاری موسڵ لە گەڵ نەقیب( كی. سكوت) یاریدەدەری دادوەری رامیاری لە ئاكرێ هەردووكیان لە( بیرە كەپرا) لە ناوچەی زێبارەتی كوژراون” بەمجۆرە دەڵێ:” بەدڵێكی پڕ لەژان و كەسەرەوە ئەم رووداوە چاوەڕوان نەكراوەمان پێگەیشت”. لە پاشان دەڵێ:” لەرۆژی (۰٤/٠١/١٩١٩) گەیشتمەوە هەولێر، ئەم رووداوە لەناو خەڵک بڵاو نەبووبووەوە، پاش چەند رۆژێک نەبێ نەكەوتنە سەرزاری خەڵكی شار. رۆژی (٠٥/١١/١٩١٩) برووسكەیەكم پێگەیشت كە بە دادوەری رامیاری پارێزگای نوێی هەولێر دامەزراوم كە لە ڕۆژی (۰۱/٠١/١٩١٩) بڕیاری بوونی بە پارێزگا دەرچوو بوو”. بەم پێیە هەولێر لەو ڕۆژەوە بووە بە پارێزگا واتە رۆژی (٠١/١١/١٩١٩) بەگوێرەی ئەم قسانەش بێ (دەبلیۆ-ئار-ئێچ) یەكەم پارێزگاری هەولێر بووە لە پاش نەمانی دەسەڵاتی عوسمانییەكان، بەڵام دووای پێكەوەنانی دەوڵەتی عێراق و لكاندنی باشووری كوردستان بە عێراقەوە، ئەم جۆرە پلە و پایانە دەدرانەوە خەڵكی وڵاتەكە، ئەوەندەی من ئاگاداربم.
ئامادەكردنی نووسین : ئەحمەد حەیران.
سەرچاوەی بابەت: ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر.
Comments
Post a Comment