کورتە مێژوویەک لەسەر قەڵای دێرێ+ڤیدیۆ:
ئەم قەڵايە دەكەوێتە بەشی رۆژئاوای داوێنی زنجیرە چیای پیرمام و بە دووری ٣٨كم لە ناوەندی شاری هەولێر دوورە، بە دووری ٢كم لە لای چەپی ڕێگای هەولێر و دارەبزمارە و گوندی سەروكانی هەڵكەوتووە.
قەڵاكە لە سەر گردێكی بەرز دروستکراوە و پێک هاتووە لە شورایەكی پتەوی قایمكاری سەربازی كە بە چوار دەوری گردەكە درووستكراوە، لە قوڵە و دیوارەكانی، كونی مەتەرێزی بەرگری هەیە.
پاشماوەی دیوارەكانی لە ( ١تاكوو ٦م) بە بەرزی ماوە، ٥ژوور و هۆڵێک و حەوشەیەكی گەورە بە پێوانەی ٢٣×٢١,٧٠م و بیرە ئاوێک دەبیندرێ.
قەڵای دێرێ لە پارێزگای هەولێر سەردەمانێک قەڵایەكی گەورەی پاراستنی دەسەڵاتی میری میرنشینی سۆران بووە، ئێستا بووەتە وێرانە و جگە لەوەی وەک ئاسەوارێكی كۆنی سەردەمی پاشایەتی میری سۆران ماوەتەوە، لە قەڵایەک ناچێت كە بەشێک بێت لە كلتوور و شوێنەواری كوردستان.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان درووستكردنی قەڵای دێرێ دەگەڕێـتەوە بۆ هەزارەی یەكەمی پێش زاین، واتە سەردەمی ئاشوورییەكان، دوواتریش لە سەردەمی میر مستەفای باوكی میر محممەد پاشای ڕەواندز ئاوەدان كراوەتەوە، قەڵاكە لە سەردەمی خۆیدا لە ماوەی ساڵانی ١٨٠٠ تا ١٨٣٨ی.ز بە مەبەستی چاودێریكردنی ڕێگا بازرگانییەكانی نێو میرنشینی سۆران لەگەڵ میرنشینە هاوسێكانی وڵاتانی وەک قاجارییەکانی ئێران و توركیای عوسمانی بەكارهاتووە، بەپێی گێڕانەوەكانی خەڵكی ناوچەكە، تا ساڵانی سەدەی بیستەم خەڵكی تێدا ژیاوە و وەک حەسارێک وابووە، دوواتر چۆڵكراوە و كراوە بە سەربازگەیەكی حكوومەتی عێراقی و دوواتر ئەم وێرانەیەی ئێستای لێ ماوەتەوە.
قەڵاكە بیرێک و خەزانێكی ئاوی تێدا ماوە كە ئێستا پڕكراوەتەوە، شەش قولـلەی بۆ چاودێریكردنی ڕێگەی بازرگانی و خەڵک لە نێوان موسڵ و ئێران و توركیا هەبووە، كە خەڵک و بازرگانەكان لە شارەكانی كەركووک و هەولێر بە ڕۆیشتن بەڕێگای گوندەكانی بەحركە و بەستۆرە دەگەیشتنە ئەم قەڵایە.
لە پەڕاوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێم بۆ ناساندنی شوێنە شوێنەوارییەكانی هەرێمی كوردستان، قەڵای دێرێ بەم شێوەیە پێناسە كراوە، “ئەم قەڵایە دەكەوێتە دووریی ‘٤٠ كم’ لە باكووری شاری هەولێر لەسەر ڕێگای هەولێر دارە بزمارە لە نزیگ گوندی دێرێ، كە هەر بە ناوی ئەم گوندەشەوە ناونراوە، ئەم قەڵایە لەسەر گردێكی توورەگەڕێژ درووستكراوە و بەرزیەكەی ٣٩ مەتر دەبێت”.
لە قەڵایەكی شەش لایەنی ناڕێک پێكهاتووە و شەش بورجیشی هەیە، بەلای باشووری ڕۆژهەڵاتی قەڵاكەدا پاشماوەی مزگەوتێک و ژمارەیەک خانووی لێ دیارە، بەهۆی لێكچوونی شێوازی دیوارەكان و ئەو كەرەستانەی قەڵاكەیان پێ درووستكراوە، مەزندە دەكرێت لەگەڵ قەڵاكە هاوسەردەم بن، بەشێوەیەكی گشتی قەڵاكە لە بەردی ناڕێک و ماددەی قسڵ درووستكراوە، كە جگە لە بوورجەكانی ژمارەیەک ژووری هەیە كە بەسەر حەوشێكی گەورەدا دەكرێنەوە، لە ناوەڕاستی قەڵاكەدا بیرێكی ئاوی تێدایە كە لە كانیاوەكانی دەوروبەری بەكارێز ئاویان بۆ ڕاكێشاوە، تا حەفتاكانی سەدەی ڕابردوو ئاوی هەر تێدا بووە.
قەڵاكە پەراوێزخراوە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و ناساندنی زیاتر هەیە، لە وەرزی بەهاردا خەڵكانێكی زۆر سەردانی ئەم شوێنە دەكەن و بووەتە ناوچەیەكی گەشتیاریی، بەتایبەت لە دوو مانگی یەكەمی وەرزی بەهاردا.
لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە پێی ڕووپێویی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر، زیاتر لە هەزار شوێنی شوێنەواری هەن و تاكوو ئێستاش گەڕان و ڕووپێوی بەردەوامە، بەناوبانگترین شوێنە شوێنەواریەكانی هەولێر، قەڵای خانزاد و دوین، قەڵای دێرێ و بانەمانن، كە ئێستا هەرهەموویان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە.
Comments
Post a Comment