کۆتا بابەتی کتێبی مێژووی نوێ، بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپیی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا؛ کورتەیەک دەربارەی مەسەلەی فەڵەستین و شۆڕشەکانی:

کۆتا بابەتی کتێبی مێژووی نوێ، بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپیی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا؛ کورتەیەک دەربارەی مەسەلەی فەڵەستین و شۆڕشەکانی:


 فەڵەستین لە ساڵی ١٩١٧ی.ز داگیرکەرا لە لایەن هێزەکانی ئینگلیزەوە بەسەرکردایەتی جەنەڕاڵ (ئەللنبی) کە پێشتر بەشێک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی لە ئەنجامی هەوڵەکانی بزووتنەوەی سەهیۆنی (زایۆنیزم) کە جووڵانەوەیەکی ئایینی و ڕامیاری و فراوان بوون و ئامانجیان داگیرکردن بوو، هەردەم هەوڵی دەدا بۆ کۆکردنەوە جوولەکەکان و گواستەوەیان بۆ فەڵەستین بە مەبەستی دروست کردنی دەوڵەتێکی فراوان بۆ خزمەتی بەرژەوەندی ئیمپریالیزم لە ناوچەکە، توانی بەریتانیا قایل بکات بە دەرکردنی بەڵێنی (بلفۆر) لە تشرینی دووەمی ١٩١٧ی.ز دا، وە دوواتر هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا و ئیتاڵیاش پشتگیریان لێ کرد.

بەڵێنی (بلفۆر) کە لەلایەن ئارسەر جیمس بلفۆر (وەزیری دەرەوەی بەریتانیا) لە شێوەی نامەیەک دەرچوو لە دەقەکەی دا هاتووە ((دەوڵەتی پاشای خاوەن شکۆ بەچاوێکی سۆزەوە دەروانێتە دروستکردنی نیشتمانێکی نەتەوەی بۆ گەلی جوولەکە لە فەڵەستیندا، بۆ ئاسانکردن و بەجێ هێنانی ئەم ئامانجە هەوڵ دەدات، وە هیچ شتێکی وەهاش ناکرێت کە مافی موڵکی ئایینی ئەو تایەفانە بگۆڕێ کە جوولەکە نین و لە فەڵەستیندا دەژین)).

ساڵی ١٩٢٠ی.ز بەریتانیا ئینتیدابی خۆی سەپاند بەسەر فەڵەستین وەک ڕێگایەک بۆ بەدیهێنانی بەڵێنی بلفۆر، ئینتدابی بەریتانیا لەسەر فەڵەستین بەردەوام بوو تاساڵی ١٩٤٨ی.ز کاتێ کە دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر خاکی فەڵەستین دامەزرا.

* شۆڕشەکانی فەڵەستین لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و جەنگی جیهانی دووەمدا (١٩٢٠-١٩٣٩ی.ز):

١- شۆڕشی ١٩٢١ی.ز:-

لە مایسی ساڵی ١٩٢١ی.ز فەڵەستینییەکان هێرشیان کردە سەر داگیرگە جوولەکەییەکانی (رحبوت، الخضیرة، بتاح، تکفا، دیران، الیهودیة) هەروەها جوولەکەکانیش هێرشیان کردە سەر شاری (قەلقیلیە) و تاڵانیان کرد، بەڵام داگیرکەران خۆیان لە هێرشی جوولەکەکان گێل کرد، کەچی لەهەمان کاتدا بەرنگاری هێرشی فەڵەستینییەکان بوونەوە بە فڕۆکە و جۆرەها چەکیتر.

لە پاشاندا فەرمانڕەوای ئینگلیز لیژنەی (هایکرافت)ی دامەزراند و لیژنەکەش هۆی بە یەکدادانەکانی مایسی ساڵی ١٩٣١ی.ز وەها لێکدایەوە:

١- سیاسەتی میری دەیەوێیت وڵاتێکی نەتەوەیی بۆ جووڵەکە دامەزرێنێت.

٢- میری پرس و ڕای بە ڕێکخراوی سەهیۆنی جیهانی کرد و ئەو ڕێکخراوەش بوو بە میریەک لە ناو میرییەکدا، بەرامبەر بەمەش عەرەبەکان پشت گوێ خرابوون.

٣- ژمارەیەکی زۆر لە جوولەکەکان لە کاروباری میری دا دامەزرابوون.

٤- بە بێ هیچ تەگەرەیک کۆچکەرە جوولەکەکان بە لێشاو دەهاتنە فەڵەستینەوە.

٢- شۆڕشی بوراق ساڵی ١٩٢٩ی.ز:-

لە ١٤ی ئابی ١٩٢٩ی.ز دا (٦٠٠٠) جوولەکە زۆربەیان لە ڕێکخراوی (الهکانة)ی ترسێنەری سەهیۆنی بوون لە (تەل ئەبیب)دا خۆپیشاندانێکی دژ بە عەرەبیان کرد، لە ڕۆژی دووایدا کە ڕێککەوتی هەینی و لە دایکبوونی پێغمبەر (د.خ) دەکرد و سەهیۆنییەکان بەشێوەیەکی گەورەتر و شەڕ فرۆشتنێکی بەرزتر قودسیان بڕی ڕووە و (البراق) ڕۆیشتن و بە یەکدادانێک لە نێوان عەرەبەکان و جوولەکەکاندا ڕوویدا، هەرچەندە پۆلیس توانی لێکیان بکاتەوە، بەڵام چەند جارێکی تر شەڕ و پێکدادان ڕووی دایەوە و پاشان شەڕ زۆربەی شارەکانی قودس و نابلوس و خەلیلی گرتەوە تا گەیشتە شارەکانی حەیفا و یافا.

دووای کۆتایی هاتنی شۆڕشەکە دەوڵەتی ئینگلیز وەک نەریتی خۆی لیژنەیەکی نارد بەناوی لیژنەی (شۆ) بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆیەکانی شۆڕش، بەڵام کەس گوێی لە ڕاسپاردەکانی نەگرت، چونکە ڕاسپاردەکانی بریتی بوون لە: سنووردانان بۆ کۆچ کردنی جوولەکە بۆ فەڵەستین و وەستاندنی گواستنەوەی زەوی و زار بۆ جوولەکە، دابین کردنی مافی عەرەبەکان.

هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشی بوراق ساڵ (١٩٢٩):-

١- نەبوونی سەرکردایەتییەکی شۆڕشگێڕ لە نێو جووڵانەوەی نیشتمانیدا.

٢- شۆڕش کە لاوازبوو، چونکە پەرت پەرت بوو و سیمایەکی جوتیارانەشی پێوە دیاربوو.

٣- نەبوونی نەخشە و بەباش زانینی کاری بێ نەخشە و گوێنەدان بە ڕێکخستنی جەماوەر.

٤- سەرکردایەتی جووڵانەوەی نیشتمانی، ئینگلیزی بە دوژمنی سەرەکی نەدەزانی.

٥- نەبوونی ڕێکخستنێکی شۆرشگێڕانە.

٦- بار و هەڵوێستی جیهانی ئەو سەردەمە رێگای سەرکەوتنی جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکانی لە وڵاتە داگیرکراوکاندا نەئەدا، لە هەمان کاتدا ئیستعمار و سەهیۆنیەت لە قۆناغی گوڕ و هێز دابوون.

٣- ڕاپەڕینی ساڵ ١٩٣٣ی.ز:-

لە ئەنجامی بە جوولەکە کردنی فەڵەستین چەند خۆپیشاندانێکی بەتین لە ساڵی ١٩٣٣ی.ز شاری قودسی گرتەوە پاشان تەنیەوە بۆ یافا و خۆپیشاندەرەکان چەند داخوازییەکان هەبوو لەوانە:

١- وەستاندنی کۆچی جوولەکە بۆ فەڵەستین.

٢- دانانی یاسایەک کە بە هیچ شێوەیەک نەهێڵێت مۆڵکایەتی زەوی لە عەرەبەوە بگوازرێتەوە بۆ جوولەکەکان.

٣- دامەرزاندنی حکوومەتێکی نیشتمانی بەرپرسیار بەرامبەر بە کۆمیتەیەکی هەڵبژێردراو، کە بە ڕێژەی خەڵکی وڵاتەکە هاوبەشی تێدا بکەن.

٤- جوڵانەوەی قەسام:-

دووای ئەوەی کە ( عیزەدین وەسام) لە سووریا بریاری لە سێدارەدانی درا بەسەردا، چونکە کە سەرکردایەتی شۆڕشە ژێر کەوتووەکەی (الشیخ صالح العلی)دا هاوبەشی کردبوو پەنای هێنا بۆ فەڵەستین و پێی وابوو ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت بەبێ:

١- یەکێتی بەڕێوەبردنی شۆڕش.

٢- دامەرزاندنی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانەی بەهێز.

٣- ڕێکخستنی جەماوەر و خستنە کاری.

٤- دانانی نەخشەی زانستی لە کاری شۆڕشگێڕیدا لە ڕووی ڕامیاری و سەربازییەوە.

٥- ڕوونی بیروڕا.

٦- هەوڵدان بۆ ئامادەکردنی بارودۆخ بەمەبەستی تەقاندنەوەی شۆڕش.

قەسام دووای فراوانکردنی ڕێکخراوەکەی و دەست خستنی چەند پارچە چەکێک دەستی کرد بە کوشتنی هەندێک لە ئەفسەرەکانی ئینگلیز و هەندێ لە گومان لێکراوانی عەرەب کە یارمەتی دەزگا داگیرکارییەکان و سەهیۆنییەکانیان دەدا.

لە ١٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٥ی.زدا لە نێوانی شۆڕشگێڕەکان و پۆلیسدا پێکدادانێک ڕوویدا لە نزیک دێی (السبارد) شێخ (محمد الحلولي- محەممەد حلوولی) کە یەکێک بوو لە ئەندامەکانی ئەو ڕێکخراوە شەهید کرا.

دوواتر لە ئێوارەی ١٨تشرینی دووەم دا نزیکەی ٥٠٠سەربازی ئینگلیزی ئابڵۆقەی قەزای (جەنین)یان دا و لە شەڕێکی نابەرامبەردا عیزەدین قەسام و چەند هاوڕێیەکی شەهید کران.

* ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی جووڵانەوەی قەسام:-

١- ئەو شۆڕشە وەک مەشخەڵێک ڕووناک بوو، بەڵام بەخێرایی دامرکێندرایەوە لەگەڵ ئەوەشدا سەرەتای تێکۆشان بوو لە شێوەی ڕێکخستندا.

٢- جووڵانەوەی (قەسام) لاوازی و دوو دڵی سەرکردایەتی جووڵانەوەی نیشتمانی نیمچە دەرەبەگی ئاشکرا کرد.

٣- جووڵانەوەکە دەرگای بۆ جەماوەر خستە سەر پشت کە پێشڕەوی سەرکردایەتی لە سەر کردە کۆنەکان بسەننەوە.

٤- ڕێکخراوەکەی (قەسام) لەبەر ئەوەی کە چاودێرێکردنی سیخوری بەسەردا سەپا، قەبارەکەی ڕووە و کەمبوون ڕۆیشت و تەنیا ژمارەیەکی باوەڕ پێکراوی مایەوە.

٥- (قەسام) کەوتە هەڵەیەکی سەربازی سەرەکییەوە چونکە گورج و گۆڵیە ڕامیاری و سەربازییەکانی خزاندە یەک ناوچەوە کە سەرووی فەڵەستینەوە (قەزای جەنین)، ئەمەش ڕێگای لەناوبردنی ئاسان کرد لەبەردەم داگیرکەراندا و نەیانهێشت پریشکەکان بگاتە شوێنەکانی تر.

٥- شۆڕشی ساڵی ١٩٣٦ی.ز:-

هۆیەکانی:-

١- زیادبوونی ناڕەزایی فەڵەستینییەکان دژی سیاسەتی حکوومەتی بەریتانیا، بۆ ئەوەی فەڵەستین بکاتە دەوڵەتێکی جوولەکە لەسەر حیسابی دانیشتووە ڕاستەقینەکانی.

٢- پاشگەزبوونەوەی ئینگلیز لەو گفتوگۆ و پەیماننامەی کە دابووی لەمەڕ سەربەستی فەڵەستین و دانانی یەک دەوڵەتی عەرەبی سەربەخۆ.

٣- ڕەشبینی سەرکردە و ڕۆڵەکانی گەلی فەڵەستین لەمەڕ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان بە رێگای گفتووگۆ لەگەڵ لیژنەکانی ئینگلیزدا-بڕواشیان وابوو تەنها ڕێگا خەباتی چەکدارانەیە.

٤- خراپی ئینگلیز لەگەڵ فەڵەستینییەکان و ڕێککەوتن لەگەڵ جوولەلەکاندا.

٥- پایە ئیداریە گرنگەکان بەسەر جوولەکەکاندا دابەش کرابوون و فەڵيستینییەکان لێی بێبەش کرابوون.

٦- لەسەربازگەکانی ئینگلیز لە فەڵەستینیدا و لە دەرەوەی فەڵەستینیشدا چەک دەڕۆیشت بۆ جوولەکەکان.

٧- لەسەر دەستی شەهید (قەسام) جۆریک لە رێکخستن هاتە کایەوە بە ئاسانی هانی دان بۆ فەرمانی یەکەم شەڕکردن.

٨- دەست خستنی چەند پارچە چەکێک.

٩- پشتگیریکردنی شۆڕش لە دەرەوە و ناوەوەی فەڵەستین.

سەرەتاکانی شۆڕش لە یافاوە دەستی پێکرد بە مانگرتنێکی گشتی دەستی پێکرد و دوواتر قودس و حەیفا و شارەکانی تری گرتەوە لە سنووری (یافا-تەل ئەبیب)دا پێکدادانێک لە نێوان جوولەکە و فەڵەستینیەکاندا ڕوویدا و میریش هاتووچۆی قەدەغکرد و باری نائاسایی ڕاگەیاند.

ئەوەی کە یارمەتی سەرکەوتنی مانگرتنە گشتییەکی فەڵەستینی دا ئەو مانگرتنە گشتییە بوو کە لە میسر ڕوویدا لە ساڵی ١٩٣٦ی.زدا بۆ دەکردنی ئینگلیزەکان و لە سووریا لە ساڵی ١٩٣٦ی.ز دا بۆ دەرکردنی فەڕەنسییەکان.

هەروەها ڕۆژنامەگەری دەورێکی دیاری هەبوو لە هاندانی مانگرتن و درێژەدان بەو مانگرتنە، سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین خۆپیشاندان لە شارەکانی عەمان-دیمەشق-تەرابلوس-سەیدا-بەغداد-موسڵ و قاهیرە بۆ پشتگیرکردنی گەلی فەڵەستین، پاشان لە ٢٥ی نیسانی ساڵی ١٩٣٦ی.زدا بەرەیک بەناوی (لیژنەی عەرەبی باڵا)دروست بوو بریاری درێژە پێدانی مانگرتنیدا.

دوواتر ئینگلیزەکان بۆ لەناو بردنی شۆڕش دوو ڕێگایان گرتە بەر:-

یەکەم:

ڕیگای سەرکوتکردن و داپلۆسینی جەماوەری شۆڕشگێڕی عەرەب و سەرکردایەتییە ناوچەییەکانی ڕێکخراوەکانیان.

دووەم:

ڕێگای ئابڵۆقەدان و فرت و فێڵی سیاسی، بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی گەورەیان لای سەرۆکەکانی ڕژێمە عەرەبییەکان.

ئینگلیز توانی بەهاوکاری پاشاکانی عەرەب شۆڕشەکە لەناو بەرێت و دوواتر لیژنەی (بیل)ی نارد بۆ لیکۆڵینەوە لە هۆیەکانی شۆڕش و هۆیەکانی بەرپابوونی شۆڕش، بەم شێوەیەی لێک دایەوە کە (عەرەبەکان دەیانەوێت سەربەستی نەتەوایەتی بەدی بهینن و دەترسن و ڕقیشیان لەبیری دروستکردنی نیشتمانی نەتەوەیی جوولەکەیە) لیژنەکە پێشنیاری دابەشکردنی فەڵەستینی کرد لە نێوان عەرەب و جوولەکەدا، بەڵام عەرەبەکان لە کۆنگرەی بلودان کە لە سووریا بەسترا لەساڵی ١٩٣٧ی.ز دا ئەم پێشنیارەی ڕەتکردەوە.

هۆیەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕشی ساڵی ١٩٣٦ی.ز:-

١- ناهاوتایی لە نێوان هێزی شۆڕشگێڕەکان و هێزی جوولەکەکان و ئینگلیزەکانەوە لە ڕووی هونەری و بەڕێوەبردن و ڕێکخستنەوە.

٢- باری پارچە پارچەیی و دوواکەوتن و پاشکۆیەتی بێگانە لە وڵاتە عەرەبییەکاندا ڕۆڵێکی خراپی بینی بەتایبەتی ئەو ڕۆڵە خراپەی کە پاشا و ئەمیر و کاربەدەستانی عەرەب گێڕایان بۆ لەناوبردنی شۆڕش.

٣- سەرکردایەتی فەڵەستینی کە بریتی بوو لە دەرەبەگ و بۆرجوازی-بۆرژوازی گەورە نەیتوانی بچێتە ئاستی ڕووداوەکانەوە.

٤- دوواکەوتوویی کۆمەڵ و سەرکردەکان بووە هۆی نەبوونی بیرکردنەوەیەکی شۆڕشگیڕانە و ڕێکخراوێکی جەماوەری فراوان و نەگۆڕ.

٥- سرووشتی چینایەتی و ڕامیاری سەرکردایەتی فەڵەستینیییەکان نەیتوانی پەیوەندییەکی نەپساوی بەرهەم هێن دروست بکات لەگەڵ ئەو هێزە جیهانیانەی کە دژی ئیستعمار و داگیرکردن و چەوسانەوە دەجەنگان.

تعليقات