بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپیی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا؛ ئیستعماری فەڕەنسی لە تونس و بەرهەڵستی گەلی عەرەب:-

بزووتنەوەی ئیستعیماری نوێی ئەورووپیی لە نیشتمانی عەرەب لە سەدەی نۆزدە و بەرهەڵستی عەرەب لەسەدەی (١٩) و سەرەتایی سەدەی (٢٠)دا؛ ئیستعماری فەڕەنسی لە تونس و بەرهەڵستی گەلی عەرەب:- 


سەرتای بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسییەکان لە تونسدا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدەهەم، تا لە ساڵی ١٨٦١ی.ز دا فەڕەنسییەکان چەند دەستکەوتێکی ئابوورییان دەستکەوت وەک فراوانکردنی بەندەری تونس و ڕاکێشانی هێڵەکانی ئاسن و هیڵەکانی بروسکە و تەلگراف لەو وڵاتدا، پاشان چەند کۆمپانیایەکی فەڕەنسی کەوتنە کڕینی هەندێ زەوی تونسی، لەوانە پارچە زەوییەک کە پێی دەگوترا (النفیضة) نێوان شاری تونس و سووسە ڕووبەرەکەی (١٠٠) هەزار هکتار بوو کاتێکیش (بای محەممەد سادق) ویستی بەرهەڵستی چوونە ناوەوەی ئابووری فەڕەنسا بکات (روستان) داوای لە حکوومەتەکەی کرد کە هەڵوێستێکی توندی هەبێت بەرامبەر بە بای و ناچاری بکات ئاسانکاری دارایی نوێ بدات بە فەڕەنسییەکان.

دووای داگیرکردنی جەزائیر فەڕەنسییەکان هەوڵیان دا تونس بگرن، کۆچکردنی هەندێک لە هۆزەکانی عەرەبی تونس بەسەر جەزائیردا کرا بەبیانوو بە ناوی ئەوەی یارمەتی شۆڕشگێڕە جەزائیرییەکان دەدەن و لەساڵی ١٨٨١ی.ز دا هێزەکانی داگیرکەرانی فەڕەنسی سنووری تونسیان بڕی داگیریان کرد و پەیمانی (بۆردۆ)ی بەسەردا سەپاند، کە لە پێشتر ئەم پەیمانە ئامادە کرابوو و ماوەی (٥) کاتژمێریان دا بە (بای محەممەد سادق) تا پەسەندی بکات ئەویش دووای (٢) کاتژمێر پەیمانەکەی مۆر کرد.

دەقی پەیمانەکە ئەوە بوو کە داگیرکردنەکە کاتییە و هێزەکانی فەڕەنسا تەنیا لە سەر سنوور و کەناری دەریا دەبێت و هەر کاتێک ئیدارەی تونس توانی ئاسایش و یاسا بپارێزێت ئەمان وڵات بەجێدەهێڵن و هەروەها بۆیان نییە پەیمان لەگەڵ هیچ دەوڵەتێکی بێگانە ببەستێت بە ڕەزامەندی فەڕەنسا نەبێت، هەروەها حکوومەتی بای نابێت بهێڵێت چەک و کەرەستەی سوپایی بچێتە ناو جەزائیر و وەزیرێکی فەڕەنسی نیشتەجێ لە جێی حکوومەتی فەڕەنسا چاوێری بەجێ هێنانی پەیمانەکە دەکات، بەرامبەر بەمە فەڕەنسا بەڵێنی پاراستنی بای و خێزانەکەیدا.

بەڵام گەلی تونس بە توندی بەرهەڵستی ئەم پەیمانەیان کرد و لە ئەنجامی تێکۆشانی دژبە داگیرکردنی فەڕەنسی دوو هەڵوێست گەڵاڵە بوو:-

١- هەڵوێستی خۆ بەدستەوەدان بوو لە لایەن بای و دەست و پێوەندەکانییەوە.

٢- بەرەی بەرهەڵستی پاڵەوانانەی میللی دژ بە داگیرکەران.

لەساڵی ١٨٨٣ی.ز دا فەڕەنسا پەیمانێکی تری نوێی سەپاند بەسەر تونسدا کە ئەویش پەیمانی (مرسی)بوو بەپێی ئەم پەیمانە توانای ئابووری تونس خرایە ژێر دەستی داگیرکەرە فەڕەنسییەکان، بەڵام گەلی تونس بەچەند شێوەیەک بەرهەڵستی ئەم پەیمانەیان کرد لەوانە:-

١- لەساڵی ١٨٨٤ی.زدا کۆبوونەوەیکی میللی گشتییان بەست و ئەنجامەکەی مۆرکردنی بڕوانامەیەکی بێزاری بوو درایە بای، بەڵام دەسەڵاتەکانی فەڕەنسا دەستیان کرد بە ڕاونانی ئەوانەی ئەم بڕوانامەیان مۆر کردبوو.

٢- کۆبوونەوە لە دەوری رۆژنامەکان لەوانە ڕۆژنامەی (الحاضرة) و (الزهرة) و (سبیل الرشاد)، دەوری ئەم ڕۆژنامانە دەورێکی گەورە بوو لە بڵاوکردنەوەی هەستی نیشتمانی و بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ئیسعماری.

٣- دامەزراندنی کۆمەڵی (تونس الفتاة) لە ساڵی ١٩٠٩ی.ز دا ئەم کۆمەڵە دەورێکی گەوەری بوو لە بەرهەڵستی عەرب دژ بە داگیرکەرە فەڕەنسییەکان و گەلیان لەپشت بوو.

پێش هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهان بەربەرەکانێی گەلی تونس بەرامبەر فەڕەنسییەکان کە لە ساڵی (١٨٨١ی.ز)ەوە تونسیان داگیر کردبوو، چووە قۆناغی رووبەڕووبوونەوە و بە یەکدادانی راستەوخۆ لەگەڵ داگیرکەراندا، لەم ڕووەوە چەند ڕاپەڕینێک ڕوویدا لەوانە:

ئەلف- ڕاپەرینی جەللاز:

ئەم ڕاپەڕینە ساڵی ١٩١١ی.ز ڕوویدا کاتێک جەماوەر لە گۆرستانی جەللاز کۆ بوونەوە بۆ ئەوەی نەهێڵن هێڵی ئاسن بۆ تراموای بەناو گۆڕستاندا ڕابکێشرێت، چونکە بەشوێنێکی پیرۆزی ئایینی ئیسلام دادەنرا، بۆیە بەیەکدادان ڕوویدا و هێزەکانی پۆلیس نەیانتوانی جەماوەر لە گۆرستانەکە بکەنە دەرێ و لەگەڵ خەڵکەکەدا بە گژیەکداچوون و (١٤) کەسیان کوشت.

سەرنجام دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا هاتووچۆیان قەدەغەکرد، ڕۆژنامەی نیشتمانپەروەری (التونسی)یان داخست، ژمارەیەکی زۆر لە تونسییەکان گیران لەوانە (٧١) کەسیان دران بە دادگا و (٧) کەسیان لە سێدارە دران.

بە- راپەڕینی بەکار نەهێنانی تراموای:-

ئەم ڕاپەڕینەش هەر لە شاری (تونس)ی پایتەختدا دووای تێپەڕپوونی سێ ڕۆژ بەسەر ڕاپەڕینی جەللازدا ڕوویداو، نزیکەی دوو مانگی خایاند.

هۆیەکیش بریتی بوو لە بێزاربوون و تووڕەیی گەل لە کۆمپانیایی تراموای فەڕەنسی و ڕەوشتی خراپی بەرامبەر کرێکارە تونسییەکان و ئازاردانی کرێکارەکان بە وشەی بریندارکەر و گاڵتە پێکردن و پەستکردنی دانیشتوانی گەڕەکەکان…هتد.

سەرکردەکانی بزوووتنەوەی نیشتمانی تونس بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەم ڕەفتارە دزێوانە، چەند داخوازییەکیان بەزر کردەوە، بەڵام فەڕەنسییەکان سەرکردەکانیان گرتن و دووریان خستنەوە، بەمە بزووتنەوەکە دانەمرکایەوە تا سەرکردەکانیان لە دەست بەسەری نەگەڕاندەوە.

دووای جەنگی یەکەمی جیهانیش نیشتمانپەروەرانی تونس بە سەرکردایەتی (عبدالعزیز الثعالبي) توانیان حیزبی (الدستور) لەساڵی ١٩٢٠ی.ز دابمەزرێنن، کە ئامانجی ڕزگاری و سەربەخۆی تونس بوو لە ژێر دەستی فەڕەنسییەکان.

لە سییەکانیشدا حیزبی (الدستور الجدید) بە سەرکردایەتی (حبیب بورقیبە) بۆ خەبات دژی فەڕەنسییەکان پێکهات.

تعليقات