ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ پێنجەم، بە- شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ی.ز لە باشووری کوردستان:-

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ پێنجەم، بە- شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ی.ز لە باشووری کوردستان:- 


هەرچەندە گەلی کورد پشتیوانییەکی گەوەرەی لە شۆڕشی ١٤ی تەمووزدا کرد و توانی فاکتەرێکی سەرەکی ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی و هێنانە سەرکاری ڕژێمی کۆماری، تەنانەت بارزانی و هەڤاڵانی دووای گەڕانەوەیان لە یەکێتی سۆڤیەت دڵسۆزی و پشتگیری خۆیان و گەلی کوردیان جارێکی تر پیشان دا، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو کۆنەپەرستان و ڕەگەز پەرستان سەریان بەرزکردەوە و کەوتنە دژایەتی گەلی کورد و بانگەوازی تواندنەوەی گەلی کوردیان بڵاو کردەوە، حکوومەتی عەبدولکەریم قاسمیش کەوتە پیادەکردنی سیاسەتێکی دوور لە ڕێبازی شۆرشی ١٤ی تەمووز، وەک کار نەکردن بە ماددەی سێیەمی دەستووری کاتی عێراق و هەوڵدان بۆ بێ بەشکردنی کورد لە گەیشتن بە مافەڕەواکانی خۆی.

سەرەتا حکوومەت ئەفسەر و پلەدارەکانی کوردی لە سوپا دوور خستەوە، فەرمانبەرە کوردەکانی لە شوێنە گرنگ و دام و دەزگاکانی حکوومەتدا لابرد، هەروەها پشتی ئەو خێڵانەی گرت کە لەگەڵ بارزانیدا ناکۆک بوون و پڕچەکی کردن، ئەمانە هەمووی بوونە ئاڵۆز بوونی پەیوەندی نێوان بارزانی و عەبدولکەریم قاسم.

بارزانی هەوڵێکی زۆریدا، کە پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتدا بەگشتی و لەگەڵ عەبدولکەریم قاسم بەتایبەتی ئاسایی بکاتەوە، بەڵام بێ سوود بوو، چونکە عەبدولکەریم قاسم سوور بوو لەسەر سیاسەتی خۆی، بۆیە سەرەتای مانگی مارتی ساڵی ١٩٦١ی.ز بارزانی بەغدای بەجێ هێشت و گەڕایەوە (بارزان).

عەبدولکەریم قاسم سەندیکا پیشەیی و قوتابیان و لاوان و ئافرەتان و دەزگاکانی بڵاو کردنەوەی زمانی کوردی و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی داخست، لەوانە ڕۆژنامەی (خەبات) کە زمان حاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، هەروەها پارتی کە پارتێکی موڵەت پێدراوی ڕەسمی بوو، چالاکییەکانی قەدەغەکرا و بارەگاکانی داخران.

عێراق لە سەروەوە بۆ خوراەوە بە ئاگری فیتنە و هاندانی وڵاتانی دەرەوە سەری لێ شێواو بوو، حکوومەت کەوتە گرتنی کادێر و ئەندامانی پارتی، پارتیش بە ناچاری خەبات و تێکۆشانی لەباری ئاشکراییەوە گواستەوە بۆ نهێنی و کەوتە وشیارکردنەوە جەماوەر، دەست کرا بە کڕین و کۆ کردنەوەی چەک، حکوومەتیش ئەو هێز و خێڵ و کەسانەی پڕ چەک کرد، کە ئامادەبوون بە گژ شۆڕشگێڕاندا بچنەوە، پاشان پارتی پەیوەندی بە هیزە نیشتمانییەکانەوە چ لە ناو عێراق و چ لە دەرەوە کرد بۆ ئەوەی گشت لایەک هەوڵ بدەن کە شەڕ لە کوردستان هەڵ نەگیرسێت.

لە (٢٠)ی تەمووزی ساڵی ١٩٦١ی.ز مەکتەبی سیاسی پارتی یاداشتێکی مێژوویدا بە قاسم و داوای لێکرد پێش ئەوەی کا لە کار بترازێ بە گیانێکی برایانەوە چارەسەری بارودۆخی کوردستان بکرێت، بەڵام یاداشتەکە بایەخی پێ نەدرا.

لە ٦ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ی.ز لە شارەکانی کوردستان بڕیاری مانگرتنێکی گشتی درا بە بۆنەی ڕۆژە ڕەشەکەی (٦)ی ئەیلوولی ساڵی (١٩٣٠)ی.ز لە سلێمانی کە بە ڕاپەڕینی بەر دەرکەی سەرا بەناوبانگە.

لە ڕۆژی ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ی.ز لە هەموو ناوچەی کوردستان لە نیوان هێزی حکوومەت و عەشایر و حیزی بوو بە شەڕ.

پێشمەرگەش چوونە ناو سەنگەرەکانی خاکی کوردستان، هیزی میری بە تانک و فڕۆکە و تۆپ و چەکی تازە پەلاماری سەنگەرەکانی داو و بۆ ئەوەی ڕێگا بکاتەوە کە هیزی میری پێدا بروات چەند کاتژمێر بەم ئاگر بارانە بە ناپاڵم و تانک و تۆپ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە شەڕ خایاندی لە ئاکامدا لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە و حکوومەت وەک یەک نەوبوون لە ڕووی چەکەوە ناچار لە ناوجەی دەربەندی بازیان و دەربەندیخان ئەو رێگایە بەرەڵڵا کەن و بکشێنەوە.

هەر وەها لە ناوچەی هەولێر لەبەر ناشارەزایی و نەبوونی هەواڵگری نەیانزانی بوو کە میری بەرەو کوێ دێ چ لە هەولێر و چ لە قۆڵی کەرکووکەوە تەنیا بەوە ڕاگەیشتن کە بکشێنە دوواوە و خۆیان دەرباز کەن.

لە قۆڵی بارزانیشەوە پەلاماری مەلا مستەفا درا بە پاڵپشتی فڕۆکەوە ناوچەی بارزانیان هەموو ئاگردا.

شەڕ هەموو ناوچەیەکی کوردستانی گرتەوە و پێکدادان بە درێژایی ساڵانی ساڵی ١٩٦٢ی.ز بەردەوام بوو هەر هەلێکیان بۆ هەڵ کەوتایە پەلاماری هێزی حکوومەتیان دەدا لە دێ و قەزا و ناحیە و زیانیان لێ دەدان.

تعليقات