ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ چوارەم، ڕۆڵی کورد لە شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ی.ز:-

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی عێراق و ڕۆڵی کورد تیایاندا؛ چوارەم، ڕۆڵی کورد لە شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ی.ز:-


هێز و یاسا بە تەوژمی پاشایەتی عێراق، بە ئەندازەیەکی زۆر گەلی عێراقی هێنا بۆ ژێر ئازارەوە، دەسەڵاتی یاسایی کۆنەپەرستی و دەرەبەگ کارێکی وەهای کردبوو کە کرێکار و ڕەنجدەر بیر لە ڕزگاری خۆیان بکەنەوە.

حوکمی دەوڵەتی (نووری سەعید) و (وەسی عەبدولئیلا) و (مەلیک فەیسەڵ) پەردەیەکی ڕەشی زۆرداری بەسەر عێراقدا هەڵکێشابوو، زیندانەکان پڕکرابوون لە ئازادیخوازانی کورد و عەرەب.

بۆ چارەکردنی ئەو زۆردارییە (پارتی دیموکراتی کوردستان)، (حیزبی شیوعی)، (حیزبی ئیتسقلال) لە هەموو لایکەوە کەوتبوونە تێکۆشانی نهێنی، بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی (نووری سەعید)، بەڵام ئەوەی کە هەستی پێ نەکرا وریابوونەوەی سوپا بوو کە لە لایەن سەرکردەی سوپای (عەبدولکەریم قاسم) پێکهاتبوو.

لە بەرەبەیانی ١٤ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ی.ز ڕژێمی پاشایەتی لە عێراق ڕووخێنرا و ڕژێمی کۆماری بەسەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم جێگای گرتەوە، گەلی کورد شان بە شانی عەرەب ڕۆڵێکی گرنگی لە شۆڕشەکەدا بینی، چونکە ڕێکخراوی ئەفسەرانی ئازادیخواز لە عێراقدا کە نەخشەی بەرپاکردنی شۆڕشەکەیان دانابوو ژمارەیک لە ئەفسەرانی ئازادیخوازی کوردی تێدا بەشدار بوون، هەروەها ژمارەیەک لە ئەفسەرانی ئازادیخوازی کورد لە بەرەبەیانی هەڵگیرساندنی شۆڕشەکەدا بەشداری چالاکییەکانی شۆڕشیان کردووە، لە هێرشکردن بۆ سەر بەغدا و دەست بەسەرداگرتنی دام و دەزگاکانی دەوڵەت و هەردوو کۆشکی پاشایەتی (الرحاب) و (الزهور) لەوانە (رەئیس مستەفا عەبدوڵڵا) و (عەبدولفەتاح شالی)، کە ئەندامی دادگای تایبەتی بوو، پاشان کورد بەیەک ئەندام، کە عەقید (خالید نەقشبەندی) بوو بەشداری لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کرد، کە لەسێ ئەندام پێکاتبوو، هەروەها وەزیرێکیشان هەبوو، کە (باب عەلی حەفید زادە) یان کرد بە وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی وەزیران کە لە (١٠) وەزیر پێکهاتبوو.

هەروەها لە ماددەی (سێیەم)یی دەستووری کاتی کۆماریدا هاتووە: (عەرەب و کورد هاوبەشن لەم نیشتمانەدا-واتە لە عێراق) پاشان شۆڕش لێبوردنی گشتی دەرکرد، بۆ هەموو ئەوانەی کە عێراقیان لە سەردەمی پاشایەتی جێهێشتبوو، ئەوەبوو بارزانی و هەڤاڵانی گەیشتنەوە عێراق پاش ئەوەی (١١) ساڵیان لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دوور لە وڵات بردە سەر، هەروەها شۆڕش ڕێزی لەو چوار ئەفسەرە کوردە نا، کە ڕژێمی پاشایەتی لە ١٩ حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧ی.ز لە سێدارەی دان، ئەوانیش چوار شەهیدەکەی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان (خەیرۆڵڵا عەبدولکەریم و مستەفا خۆشناو و عیززەت عەبدولعەیز و محمەد مەحموود قودسی)، بوون.

تعليقات