خەوننامەی کوردی، بەشی ئەلف؛ ئەسپ:

خەوننامەی کوردی، بەشی ئەلف؛ ئەسپ:


ئەگەر لە سەر ئەسپی ڕووت هاتە خوارەوە، واتە لە گوناە و تاوانکردن دەوەستێت.

دانیاڵ پێغەمبەر دەفەرمێ: بینینی ئەسپی عەرەبی لە خەودا (یان ئەسپەشێ)، واتای گەورەیی و پلە و پایە و ڕێزە، ئەگەر بینی لەسەر پشتی ئەسپەشێ دانیشتبوو، ئەسپەکەش گوێڕایەڵی ببوو، ئەوا بەقەدەر چاکی و باشی و نرخی ئەسپەکە، گەورەیی و پلە و پایەی دەوڵەتی دەست دەکەوێت.

ئەگەر بینی ئەسپی ڕاگرتووە، یان کەسێک پێیدا و لەسەر پشتی دانیشت، واتە شەرەف و گەورەیی پەیدا دەکات، بەڵام کەمتر لەوەی کە لە ئەسپەشێدا باسمان کرد.

ئەگەر بینی ئەو ئەسپە، شتێکی کەم بوو، وەکوو زین یان لباد (نەوو-نەووگ)، یان لغاق و هەوسار-هۆسار، یان شتێکی تر، واتە بەقەدەر ئەو شتانە، کەموکورتی لە گەورەیی و پلە و پایەکەیدا پەیدا دەبێت.

ئەگەر بینی کلکی ئەسپەکەی پڕ و درێژ بوو، واتە بە ئەندازەی پڕی و درێژی کلکی ئەسپەکە، خزمەتکار و نۆکەری دەبێ.

ئەگەریش کلکی ئەسپەکەی بڕابوو، ئەوا خزمەتکار و نۆکەری نابێ، ئەگەر یەکێ لە ئەندامەکانی ئەسپەکەی کەم بوو، ئەوا بە ئەندازەی ئەو کەموکورتییە، کەموکورتی لە گەورەیی و شەرەف و شان و شکۆکەیدا پەیدا دەبێ.

ئەگەر بە ئەسپەکەی شەڕی دەکرد و ئەسپەکەی گۆێرایەڵی نەدەکرد، گوناە و تاوان ئەنجام دەدات.

ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر بینی لەسەر ئەسپی ڕووت دانیشتبوو، واتە مەینەتی و گوناە و تاوانی زیاتر دەبێ.

ئەگەر ئەو ئەسپە هی کەسێکی تر بوو، ئەوانەی کە باسمان کرد، تووشی خاوەن ئەسپەکە دەبێ.

ئەگەر بینی ئەسپەکە ڕووت بوو، بەڵام دەستەمۆی ببوو، نیشانەی گەورەیی و شەرەفی ئەو کەسەیە.

ئەگەر بینی لەسەر پشتی ئەسپێک دانیشتبوو، ئەسپەکەش لەسەر سەربان بوو، یان لەسەر دیوارێک وەستابوو، واتە ئەوەی کە گوتمان لە ڕووی گوناە و تاوانەوە، زیاتر و قورستر دەبێ بۆ کەسەکە.

ئەگەر لەسەر ئەسپێک دانیشتبوو و ئەسپەکەش هەڵدەفڕی لە هەوادا، یان بینی ئەسپەکە پەڕ و باڵی هەبوو و وەکوو باڵندە دەفڕێ، واتای شەرەف و کەرامەت و گەورەیی ئیمانە لە دونیادا، یان ڕەنگە خاوەنەکەی گەشتێک بکات.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر بینی لەسەر پشتی بەڵەک دانیشتبوو، واتای ئەوەیە کارێک دەکات، کە لە دژی ئەو شاهێدی بدەن.

ئەگەر بینی لەسەر پشتی ئەسپی ڕەش دانیشتبوو، واتای ئەوەیە کارێک دەکات، کە ماڵ و سامان و گەورەیی بەدەست بێنێ.

ئەگەر لەسەر(ئەسپی سوور) بوو، واتە لە لایەن فەرمانڕەوای وڵاتەوە، هێز و پلە و پایەی دەست دەکەوێ.

ئەگەر لەسەر ئەسپی مارۆنی( موو سوور) بوو، واتە لەسایەی فەرمانڕەوای وڵاتەوە، چاکە و ئیمان و ڕێزی زیاتر دەبێ، ئەگەر لەسەر ئەسپی زەرد بوو، واتای ئەوەیە کەمێک نەخۆش دەکەوێت، ئەگەر لەسەر ئەسپی سەمەند(جۆرێکە لە ئەسپی زەرد و کوردی) بوو هەر ئەو مانایەی هەیە.

ئەگەر لەسەر ئەسپی مەیلە و شین بوو، نیشانەی خێر و چاکەیە.

ئەگەر سواری ئەسپی ڕام ببوو، واتە ژن دێنێ، ئەگەر بینی لەسەر ئەسپەکە دێتە خوارەوە، واتە لە گەورەیی و ڕێز پلە و پایە دەکەوێ.

ئەگەر لە سەر ئەسپی ڕووت هاتە خوارەوە، واتە لە گوناە و تاوانکردن دەوەستێت.

ئەگەر لەسەر ئەسپ دانیشتبوو و چەک و تفاقی تەواوی پۆشیبوو، واتای بەدەستهێنانی گەورەیی و پلە و پایەیە، بەجۆرێک کە کەس ڕێی لێ نەگرێ و دوژمن بەسەریدا زاڵ نەبێ.

ئەگەر ئەسپی تاو دا تاکوو شەڕ بکات، واتە گوناهێکی لێ سەرهەڵدەدات، لەگەڵ تووشبوونی بە ترس و دڵەڕاوکێ، بە ئەندازەی تاودان و غاردانی ئەسپەکە.

ئەگەر لەسەر پشتی ئەسپ دانیشتبوو و ئەسپەکە بۆ مزگەوتی دەبرد، هیچ خێرێکی تیادا نابینێ، مەگەر ببینێ کە ئەسپەکە لەوێ بیهێنێتە دەرەوە کە خەڵک سەرسام ببن پێی.

ئەگەر بینی ئەسپی بێگانەیەک لە حەوشە و سەرای ئەوەوە، یان لە کۆڵانەکەیاندا دەرکەوت، واتە بە ئەندازەی قەدر و قیمەتی ئەسپەکە، پیاوێکی بەڕێز و بەناوبانگ، لە حەوشە و سەرا یان لە کۆڵانەکەیاندا دەردەکەوێت و لەوێ نیشتەجێ دەبێ.

ئەگەر بینی ئەسپێک لە کۆڵانەکەیاندا چووە دەرەوە، واتە پیاوێکی بەڕێز لە کۆڵانەکەیاندا نامێنێت، یان دەمرێت.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی(مایین)ی کڕی یان گرتی، یان کەسێک پێیدا و سواری بوو، واتە ژن دەخوازێ و لێی پیرۆز دەبێ.

ئەگەر ئەو مایینە مەیلە و ڕەش بوو، واتە ئەو ژنە شەریف و ناودار نییە.

ئەگەر ئەو مایینە بەڵەک بوو، واتە ژنەکە، دایک و باوکی خزم نین، یان یەک پشت نین.

ئەگەر مایینەکە مەیلە و شین بوو، واتە ئەو ژنە، خوێن شیرین و جوان دەبێت.

ئەگەر مایینەکە سەوز بوو، واتە ئەو ژنە، ئیماندار و خۆپارێز دەبێت، ئەگەر مایینەکە ماڕۆنی بوو، واتە ئەو ژنە شاژن و خاوەن پایە دەبێ، ئەگەر مایینەکە سوور بوو، ئەو ژنە بەزەوق و جنسییە، ئەگەر ئەو مایینە جوانووی هەبوو، ئەو ژنە منداڵی هەیە، ئەگەر جووانووەکەی نێر بوو، منداڵی ژنەکە کوڕ دەبێ، ئەگەریش جوانووی ماینەکە مێ بوو، منداڵی ژنەکە کچ دەبێ.

ئەگەر بینی گۆشتی ئەسپی دەخوارد، فەرمانڕەوای وڵات داوای دەکات و دەیکاتە دۆست و نزیکی خۆی.

ئەگەر بینی لەدوای کەسێکەوە لەسەر پشتی ئەسپ دانیشتبوو، ئەوا ئەو پیاوەی کە لە پشتیەوە دانیشتووە، دەبێتە گوێڕایەڵی ئەوی پێشەوە.

ئەگەر بینی ئەسپێکی زۆر لەناو حەوشە و سەرا، یان لە کۆڵانەکایاندا بوون، لەو شوێن و ناوچەیەدا باران دەبارێت و لافاو دروست دەکات.

ئیسماعیلی کوڕی ئەشعەس دەڵێ: ئەگەر بینی لەسەر ئەسپی خۆشڕۆ و ڕەهواڵ و لێهاتوو سوار بوو، ئەوا ژنێکی بەتوانا و چاکەکار دەکا بە ژنی خۆی و ئەگەریش ئەهلی ئەوە نەبێت، ئەوا لەگەڵ ژنێکی ئاوا دەبێتە هاودەم و دۆست و سوود و چاکە لەو ژنە وەردەگرێ، ئەگەر گوێی ئەسپەکەی بڕابوو، ئەوا گەوران و بەرپرس و خاوەن شکۆکانی لێ دەپچڕێ.

ئەگەر ئەسپەکە لەخۆەوە بەدەمدا کەوت و زوو هەستایەوە واتە هەندێ لە کارەکەی کێشەی تێدکەوێت و جارێکی تر بەرەو خێر و چاکبوونەوە دەچێتەوە، ئەگەر ئەسپێکی بێ کلکی کڕێ و سواری بوو، ئەوا ژنێکی بێ پشت و بنەماڵە دەهێنێت.

ئەگەر بینی بە ئەسپەوە بە هەوادا فڕی و پاشان هاتەوە خوارەوە، واتای ئەوەیە بەدەستی فەرمانڕوای وڵات دەکوژرێ

ئەگەر بینی ئەسپەکەیان دزی، نیشانەی مەترسییەکە، کە خزم و خوێشەکانی لەناو دەبات، ئەگەر ئەسپەکەی ون بوو، ژنەکەی تەڵاق دەدات.

ئەگەر ئەسپەکەی دەفرۆشت، واتای ئەوەیە پلە و پایە و گەورەییەکەی کەم دەبێتەوە، یان خزم و خوێشەکانی لێی جیا دەبنەوە.

ئەگەر بینی لەسەر ئەسپی شێوە بازدا دانیشتبوو، واتە بە مەبەستی کارێک، ناڕەواییەکی لێ سەرهەڵدەدات، کە مەینەتی و ماڵوێرانی بۆ دێنێت.

جاحز دەڵێ: ئەسپ لە خەودا، حەز و ئارەزووی بینەری خەوەکەیە و ئەگەر بینی ئەسپەکەی سەرکەش و بزێوە، ئەوا حەز و ئارەزووی ئەو کەسە، سەرکەشەییە و ئەگەر ئەسپەکەی گوێڕایەڵ و دەستەمۆی بوو، واتە حەز و ئارەزووەکانی کەسەکە، قورستر و سەرکەشترە بۆ خراپە و بزانە کە هەریەک لە ئەندامەکانی ئەسپ لە خەودا، نیشانەیەکە لە فەرمانڕەوای وڵاتی ئەو سەردەمەیە.

ئەگەر خوێنی فەرمانڕەای وڵاتی بەسەر جەستەی ئەسپەوە بینی، نیشانەی گەورەیی و شکۆی ئەوە و ئەگەر هی خەڵکی ئاسایی بوو، نیشانەی گەورەیی و بەختە.

ئەگەر بینی ئەسپێکی خراپ لە شوێنەکەوە هاتە دەرەوە، یەکێ لە گەورە و خاوەن شکۆکانی ئەو شوێنە، لە دونیا دەردەچێت و دەمرێ.

خالیدی ئەسفەهانی دەڵێ: بینینی ئەسپی کورتاندار (بارەبەر) لە خەودا، بەختی پیاوە و هەرچەندە گوێڕایەڵ و فەرمانبەرداتر بێ، بەختی ئەو کەسە باشتر و بەدڵخوازتر دەبێ.

ئەگەر بینی ئەسپێکی کورتانداری بارەبەر، چووە شارێک یان گوند، یان سەرا و حەوشەیەک، واتای ئەوەیە پیاوێکی نەدیو و نەناس و غەریب لەو شوێنە پەیدا دەبێ.

ئەگەر بینی سواری ئەسپێکی کلک درێژ ببوو، ئەوا بە ئەندازەی درێژی کلکی ئەسپەکە، پەیڕەوکار و شوێنکەوتووی زۆر دەبێت.

ئەگەر بە پێچەوانەی ئەوەی بینی، حاڵ و بارودۆخی خراپ دەبێت و ژین و ژیاری تەسک دەبێتەوە.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینی ئەسپ لە خەودا، پێنج لێکدانەوەی هەیە.

یەکەم: شکۆ. دووەم: پلە و پایە. سێیەم: فەرمانڕەوایی. چوارەم: گەورەیی. پێنجەم: خێر و بەرەکەت.

ئەگەر بینی تاژی (تانجی) لەسەر ئەسپەکەیەوە دانیشتووە، واتای ئەوەییە جوولەکەیەک لەگەڵ ژنەکەیدا دەست تێکەڵ دەکات.

ئەگەر بینی سەگێک لەسەر ئەسپەکەی دانیشتووە، واتە عەرەبێک لەگەڵ ژنەکەی دەست تێکەڵ دەکات.



تعليقات