ئەو پەیکەرە ٤ ھەزار ساڵەی ھەفتەیەک لەمەو پێش دۆزرایەوە تێک شکێندرا.

بۆ یەکەم جار دۆزینەوەی نەخشێکی پڕ ڕاز و نھێنی ٤ ھەزار ساڵە ڕادەگەیەنین کە یەکێک لە کۆنترین پەیکەرەکانی جیھانە و پەیوەندی بە مێژووی باوباپیرانمانەوە ھەیەو یەکێکە لە پادشا بەھێزەکانی کوردستان.


وەک پێشتر باسمان کردووە کورد مێژوویەکی پڕ سەروەری ھەیە و ھەزاران ساڵ پێش ئێستا کاتێک شارستانیەت لەسەر ڕووی زەوی بوونی نەبووە ئێمە خاوەن دەوڵەت و فەرمان ڕەوایی و ھونەری خۆمان بووین، ئەوەتا باوباپیرانمان پەیکەرێکیان بە شێوازێکی ھونەری بەرز بۆ بەجێ ھێشتووین کە هی ٤ ھەزار ساڵ پێش ئێستایە.
لە ناوچە شاخاویەکانی سەلاسی باوەجانی لە سنووری ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان نزیک شارۆچکەی دەربەندیخان ھاووڵاتیەک تێبینی نەخشێک دەکات و وێنەی دەگرێت، لێرەوە ڕاز و نھێنی پادشایەکی بەھێزی کوردستان دوبارە سەر ھەڵدەداتەوە .
نەخشەکە چیە؟
نەخشەکە پێک ھاتووە لە پەیکەری پیاوێک کە لەسەر بەرد ھەڵکۆڵێندراوە و دوژمنێک لە ژێر پێیدا کەوتووە بە ئەستەم دەناسرێتەوە لەبەر کاریگەری سرووشت و زیان پێ گەشتنی بەھۆی بوومەلەرزەکەی چەن ساڵی ڕابردوو .
ناسنامە و مێژووی ھەڵکۆڵێندراوەکە؟
ھەرچەندە نەخشەکە ھیچ نووسینێکی لەسەر نیە، بەڵام شێوەی جلوبەرگ و ھونەری ھەڵکۆڵینەکەی و ئەو نەخشانەی پێشتر دۆزراوەتەوە دەری دەخەن کە بۆ ھەزارەی دووەمی پێش زاین دەگەڕێتەوە بەتایبەت پێ دەچێت بۆ سەردەمی پادشا “ئیدی سین” لە شانشینی” سیموروم ” کە ناوچەکانی قەرەداغ و دەربەندیخان و شەمێران و دەڤەری ڕاپەڕین مەرکەزی فەرمان ڕەوایی بووە، ڕەنگە ناوی ناوچەی “شەمێران” لە نزیک دەربەندیخان ھەر لە شیموروم یان “سیموروم”ەوە مابێتەوە کە دەوڵەتێکی بەھێزی کوردستان بووە بە تایبەت لە سەردەمی پادشا ئیدی سین و باوکی کە ھاوسەردەمی ئەکەدیەکان بووە.
تێبینی: پێشتر پادشا ئیدی سین بەردەنووسێکی لێ بەجێ ماوە کە ئێستا لە مۆزەخانەی سلێمانیە و پەیکەرێکیشی لە ناوچەی پشدەر دۆزرایەوە ئێستا لە وڵاتی ئیسڕائیلە.
سەرچاوە: شوێنەوارەکانی کوردستان

تعليقات