بۆچی خەڵکانێک دەکەونە گاڵتەپێکردنی ئەو کەسانەی کە لە گڵەزەردە عەوداڵی بینینی مانگن؟

بۆچی خەڵکانێک دەکەونە گاڵتەپێکردنی ئەو کەسانەی کە لە گڵەزەردە عەوداڵی بینینی مانگن؟


 
گڵەزەردە و هەوڵی بینینی مانگ لە پێش جەژندا، پاشماوەی فەرهەنگێکی دێرینی زانستی یان نەریتێک مایەی گاڵتەجاڕی؟

هەموو ساڵێک کە بابەتی دیاریکردنی ڕۆژی جەژن دێتە ئاراوە، گڵەزەردە لە نزیک سلێمانی دەکەوێتە ناو باسەوە.

ئەوەش بەهۆی ئەو شوێنەوەیە کە نزیکی سێ سەد ساڵ لەمەوبەر تێیدا شێخ حەسەنی گڵەزەردە کە سۆفی و ئەستێرەناس بووە، بەکاریهێناوە بۆ چاودێریکردنی مانگ و دیاریکردنی ڕۆژی جەژن. لەگەڵ ئەو بابەتەدا لە ناو سۆشیال میدیادا خەڵکانێک دەکەونە گاڵتەپێکردنی ئەو کەسانەی کە لەو شوێنەوە عەوداڵی بینینی مانگن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەو نەریتە بەردەوامی کەلەپوورێکی زانستی دێرینی کوردییە لە بواری ئەستێرەناسیدا یان شایەنی گاڵتەجاڕیە؟

ئەو شوێنەی گڵەزەردە کە ساڵانە لیژنەکە لەوێیەوە لە هەوڵی بینینی مانگدان، لە هەمان شوێندا زانا و سۆفییەکی کورد بە ناوی شێخ حەسەنی گڵە زەردە (کۆچکردووی ١٧٦١ی.ز)، ساڵانە هەوڵی بینینی مانگی داوە. شێخ حەسەن لە سەر دیواری مزگەوتی گڵەزەردەش هەندێک پاشماوەی ئەستێرەناسی لێ بەجێماوە و ئەو زانایەکی ئەستێرەناسی بووە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لە سەردەمی شێخ حەسەندا دروستکراوە، نزیکی هەزار ساڵ پێشتر لە کوردستاندا و لەلایەن کوردەوە، زۆر ئاڵۆزتر و پسپۆڕانەتر بووە و کورد لەو بوارەدا پسپۆڕیەتییەکی باشی هەبووە.

زانای مەزنی کورد، ئەبوو حەنیفەی دینەوەری (٠٨٢٨-٨٩٨ی.ز)، کە خەڵکی دینەوەری کرماشانە و کۆنترین مێژوونوسە کە هەتاوەکوو ئێستا بزانرێت مێژووی کوردی نووسیبێت، دەزگایەکی زۆر ئاڵۆزتری هەبووە بۆ ئەو بوارە. دینەوەری بیرمەند و زانا و ئەستێرەناس، دەریای زانین و زانست بووە و کتێبی لە بوارەکانی ئەستێرەناسی، کەشناسی، ماتماتیک، مێژوو، زمان، ڕووەکناسیدا هەبووە. نزیکی پەنجا ساڵ دووای مردنی دینەوەری، زانای ئەستێرەناس عەبدولڕەحمان سۆفی شیرازی (٩٠٣-٩٨٦ی.ز) کاتێک کە سەردانی شاری دینەوەری کوردستان دەکات، ئەو ئاماژە بە دەزگا ئەستێرەناسییەکانی دینەوەری دەکات. شیرازی دەڵێت کە کاتێک ئەو سەردانی دینەوەری کردووە، هێشتا دەزگا ئەستێرەناسییەکانی دینەوەری لەلایەن قوتابییەکانی دینەوەریەوە هەر بەکاردەهاتن و جگە لەوەش، کاتێک کە لە کتێبخانەکەیدا کتێبەکەی دینەوەری لە بواری کەشناسیدا دەبینێت، وەک باشترین کاری تەواو لەو بوارەدا ئاماژەی پێکردووە. ڕاستیەکەی دەزگا ئەستێرەناسییەکانی دینەوەری تا نزیکی (سێ سەد ساڵ) دووای ئەوەش مایەوە و بەکاردەهات، هاتنی مەغۆلەکان بووە هۆی وێرانکردنی ئەو شارە و دەزگا ئەستێرەناسییەکانی دینەوەری. لە ڕاستیدا ئێمە تەنها سەرچاوەمان لەسەر زانای کورد دینەوەری هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە دەیان شوێنی کوردستان زانا و شوێنی زانستی لەو جۆرە هەبووە.

ئەو ڕوخسارەی کورد کە ئەمڕۆ لە هزری کورد خۆیدا چەسپێنراوە، ئەوە ڕوخسارێک نیە کە کورد خۆی لە ئەنجامی ناسینی خۆی لەلای دروست بووبێت، ئەوە ئەنجامی ئەو هەوڵەیە کە تورک و عەرەب و فارس لە منداڵیەوە منداڵی کوردیان پێ گۆش کردووە و دوواتریش کە ئەو منداڵە دەبێتە کەسێکی گەورە، بەو پاشخانە تێگەیشتنە شێواوە لەسەر خۆیەوە، خۆی دەبینێت و ئەم کۆمەڵگەیەی لێ پێک دێت کە ئەمڕۆ دەیبینین. من نزیکی ٣٠ ساڵی تەمەنم پێویست بوو، هەتاوەکوو توانیم ئەو ڕوخسارە درۆینە لە هزرمدا بسڕمەوە.

جا لەم سەردەمی پێشکەوتنەی بواری ئەستێرە ناسیدا، هەرچەندە گڵەزەردە و هەوڵی بینینی مانگ لێوەی وەک ڕووداوێکی سادە خۆی دەنوێنێت، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە پاشماوەی کلتوور-فەرهنگێکی دەوڵەمەندی زانستی کوردیە کە تەنها بە تێگەیشتن لە خۆ، دەتوانین مانا دروستەکە بە خۆمان و نەریتە سادەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی بدەینەوە.

نووسینی سۆران حەمەڕەش

تێبینی:

– وێنەکەی لای ڕاست کاتی هەوڵی بینینی مانگە لەو شوێنەی کە شێخ حەسەنی گڵە زەردە بەکاری هێناوە بۆ بینینی مانگ. وێنەکەی دەستی ڕاست، وێنەیەکە کە لە ئەورووپادا لە ساڵی ١٥١٣ی.ز دا لەسەر ئەستێرەناسانی ڕۆژهەڵاتی کێشراوە.

– بابەتی فەرهەنگ و مێژوو و زانستی کورد بە قوڵی لە کتێبە نوێکەمدا کە بەم زووانە چاپ دەکرێت، دەکەوێتە ڕوو.

– بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود لە وتارێکی پرۆفیسۆر میهرداد ئیزەدی وەرگیراوە کە لە یادی هەزار و سەد ساڵەی کۆچ دووایی زانای کورد دینەوەریدا نووسیویەتی.

– تکایە بێ هیچ مۆڵەتێک دەتوانن ئەم بابەتە شەیر بکەن، بەڵام بردنی و بڵاوکردنەوەی لە هەر ماڵپەڕێک، بێ پرسی پێش وەختە، من وەک دزی سەیری دەکەم و ماڵپەڕ و دەزگاکەش وەک دز (هۆکارەکەش ئەوەیە کە نامەوێت پەیجی سیاسی بۆ مەرامی سیاسی خۆی بەکاری بهێنێت).



تعليقات