ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ بارودۆخی دامەزارندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد:-

ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد لە نێوان نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە تا کۆتایی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست؛ بارودۆخی دامەزارندنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد:- 


لە ٢٥ ئابی ساڵی ١٩٤١ی.ز دا واتە لە گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانیدا هاوپەیمان بەشی هەرە گەوەری وڵاتی ئێرانیان داگیر کرد.

بەریتانیا و ئەمریکا لە باشوورەوە، یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە باکوورەوە هاتنە ناو خاکی ئێرانەوە، لە ئەنجامدا ڕەزا شای پەهلەوی لەسەر کار لادرا و لە ١٦ی ئەیلووی هەمان ساڵدا (محەممەد ڕەزا شا)ی کوڕە گەورەیان لە جێگای دانا.

لە ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانیدا بە هاتنە ناوەوەی هاوپەیمانان و نەمانی دەسەڵاتی ڕەزا شا، ڕێ لەبەر دەوم کاری سیاسی لە کوردستاندا هاتە کایەوە، هەلومەرجی پێکهێنانی ڕێکخراوی نەتەوەیی کوردی لە مەهاباد بەناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژێ کاف) لە ساڵی ١٦/ئابی ١٩٤٢وە هێنایە بوون.

کە پاشان بوو بە بناغەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ی/ئابی ١٩٤٥ی.ز و قازی محممەدیش کرا بە سەرۆکی ئەو حیزبە، ڕۆژی (٢ی) ڕێبەندان (٢٢٧ کانوونی دووەمی ١٩٤٦ی.ز) پێشەوا (قازی محەممەد) لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا لە گۆڕەپانی چوارچرا لە مەهاباد کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند.

ڕێوڕەسمەکە بە سوێند خواردن بە (قورئان) و (نەخشە) و (ئاڵای کوردستان) جێبەجێ کرا، ئاڵای کوردستان لەسەر دام و دەزگاکانی حکوومەت لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماردا بەرز کرایەوە و لە ١١ی شوباتی ١٩٤٦ی.ز یشدا لە ڕۆژنامەی (کوردستان) کە زمانحاڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان بووە، ناوی وەزیرەکانی کابینەی حکوومەتی کوردستان بڵاو کرایەوە.

بە- دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان:-

هەرچەندە تەمەنی کۆماری کوردستان کەمتر لە ١١ مانگ بوو، بەڵام توانی لەو ماوە کورتەدا دەستکەوتی گەورە بۆ گەلی کورد بەدەست بێنێ.

گرنگترین ئەو دەستکەوتانەش بریتی بوو لە:-

١- زمانی کورد کرا بە زمانی ڕەسمی لە سەرجەم دام و دەزگاکانی کۆماردا.

٢- دامەزراندنی دەزگای چاپ و دەرچوواندنی ژمارەیەکی زۆر بڵاو کراوە و ڕۆژنامە و گۆڤار بە زمانی کوردی، لەوانەش ڕۆژنامەی (کوردستان) کە زمان حاڵی کۆمار و حیزبی دیمۆکراتیش بوو، لەشاری بۆکان گۆڤاری (هەڵاڵە) و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانیش گۆڤاری (هاواری نیشتمان)یان دەر دەکرد، وێڕای دەرکردنی گۆڤاری (گڕوگاڵی منداڵانی کورد) کە بە یەکەمین گۆڤاری کوردی تایبەت بە منداڵان دادەنرێت.

٣- دامەرزاندنی شانۆی کوردی کە سوودێک زۆری بەخەڵکی گەیاند، چونکە لە ٩٠٪ی خەڵکی ئەو کاتەی کوردستان نەخوێندەواربوون و نەیاندەتوانی سوود لە خوێندنەوەی بڵاو کراوەکان وەربگرن.

٤- بەشداری پێکردنی ئافەرت کورد لە کاری سیاسی و ڕۆشنبیریدا، پێشەوا قازی پێشەنگی ئەو کەسانە بوو کە هانی خێزانەکەی خۆیدا بۆ ئەم مەبەستە (مینا خان)ی خیزانی لە کۆبوونەوەیەکی ئافەرتاندا لە ١٤ی ئازاری ١٩٤٦ی.ز دا دامەزراندنی (یەکێتی ئافرەتانی دیمۆکراتی کوردستان)ی ڕاگەیاند.

٥- دامەزراندنی سوپای کوردستان کە بە هەزاران کەس چوونە نێو ڕێزەکانییەوە و ژمارەیەکیش لە ئەفسەرانی کوردی باشووری کوردستان لەگەڵ مستەفا بارزانی و هاوڕێکانیدا لە ڕیزی سوپای کۆماردا بوون.

٦- پاراستنی هێمنی و ئاسایش و ژیانی هاووڵاتیان، لە ماوەی نزیک بە ١١مانگی تەمەنی کۆماردا تەنها یەک کەس لە سنووری کۆماردا کوژرا، وێڕای ئەوەی کە چەکداری دیاردەیەکی بڵاو بوو، هەروەها دیاردەکانی ڕێگری و بەرتیل و تاڵانی و دزی کە پێشتر بڵاو بوو، لە ناوبران.

٧- دەستکەوتەکانی کۆماری زۆرن، بەڵام بەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی و ڕزگاری نەتەوەیی لە بەشێکی خۆرهەڵاتی کوردستان بەگرنگترینیان دادەنرێت.

جیم- ڕۆڵی بارزانی و هەڤاڵەکانی لە کۆماری کوردستان:

ژمارەی هێزەکانی مستەفا بارزانی کە لە ڕیزی سوپای کۆماردا بوون نزیکەی (٢٠٠٠) هەزار پێشمەرگە دەبوون، خویشی یەکێک بوو لە چوار ئەفسەرە پایە بەرزەی کۆمار کە پلەی (ژەنەراڵ)یان پێدابوو.

لەسەر داوای پێشەوا، مستەفا بارزانی پێشمەرگەکانی خۆی بەسەر چوار هێزدا دابەشکرد، بۆیە هەر هێزێکیش ئەفسەرێکی کوردی سوپای عێراقی وەک فەرماندە دەست نیشانکرد، خۆشی فەرماندەیی (ئەرکانی هێزی بارزانیان)ی دەکرد، ئەفسەرەکانی تریش بۆ سوود وەرگرتن لە کاروباری مەشق پێکردن دابەشکران.

هێزی بارزانییەکان لە هێڵی پێشەوەی بەرەو ڕێگای سەقز-بۆکان بەرامبەر هێزەکانی ئێران دامەزران.

لەم بەرەیەدا ئێران هێزێکی زۆری کۆ کردەوە و دەیویست پیشڕوەی بکات، بەڵام هێزی بارزانییەکان لە شەڕی بەناوبانگی (قاراوا) بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی زەبرێکی توندیان لە هێزەکانی ئێراندا.

بۆ تۆڵەی شکستی شەڕی (قاراوا)، حکوومەتی ئێرانی داگیرکەر هێزێکی گەورەی بە پاڵپشتی ژمارەیەکی زۆر تۆپ و تانک و زرێپۆش و فڕۆکە ناردە سەر بارزانییەکان، هەر چەندە بارزانییەکان ڕووبەڕووی ئەم هێزە بوونەوە، بەڵام دواجار نەیانتوانی لە بەرامبەر ئەو هێزە پڕ چەک و گەورەیە خۆیان ڕابگرن و پاشەکشەیان کرد و شەڕ وەستا.

پاش ڕووخانی کۆمار و خۆبەدەستەوە دانی قازی محەممەد و هاوڕێکانی بارزانییەکان خۆیان بەدەستەوە نەداو بڕیاری شەڕ لە گەڵ هێزەکانی ئێرانیاندا.

وێڕای پشتیوانی ئەمریکا و بەریتانیا لە حکوومەتی ئێران و ناهاوتایی هێزەکانی هەردوولا لە ڕووی ژمارەی سەرباز و چەک و تەقەمەنی و مەشق و …هتد، کەچی بارزانییەکان بە تایبەتی لە بەرەی شنۆ هێزەکانی ئێرانیان ڕووبەڕووی شکستی گەورە کردەوە.

سەر ئەنجام لەژێر گۆشاری زۆری هێزەکانی ئێران، بارزانی و هەڤاڵەکانی لەنێو باشووری کوردستان پاشەکسەیان کرد.

بەمەش هێزەکانی حکوومەتی ئێران لە بەدیهێنانی تەواوی ئامانجە سەربازییەکاندا سەرکەوتوو نەبوو.

لە باشووری کوردستان ژمارەیەک لە بارزانییەکان بە سەرۆکایەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی و ژمارەیەژش لە ئەفسەرە کوردەکان خۆیان دایەوە دەست حکوومەتی عێراقی بەپشت بەستن بەو بەڵێنانەی حکوومەتی عێراقی بۆ لێخۆشبوون دەریکردبوو.
هەرچەندە حکوومەتی عێراقی بەڵێنەکانی نەبردە سەر و هەرچوار ئەفسەرە کوردەکەی (خەیروڵڵا عەبدولکەریم، عیززەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، محەممەد مەحموود قەدسی) لە ڕۆژەی ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ی.ز دا بە بڕیارێکی ستەمکارانە لە سێدارەدان.

ئەوەی کە مابووەوە مستەفا بارزانی و نزیکەی (٥٠٠) کەس لە هەڤاڵەکانی بوو، ئەوانیش لە لایەن حکوومەتی عێراقی و بەپاڵپشتی هێزی ئاسمانی بەریتانیا هێرشێکی توندیان کرایە سەر و ناچار بوون پەنا ببەنە بەر خاکی تورکیای داگیرکەر، لە تورکیاشدا هێزەکانی تورک هێرشیان کردە سەریان، بەمجۆرە بارزانی و هەڤاڵەکانی لەگەڵ هێزی سێ دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق-ئێران-تورکیا) لە سەنگەری شەڕی بەرگری و مان و نەماندا بوون، حکوومەتی ئێران ژمارەیەکی زۆر هێزی ئاسمانی و زەمینی بۆ لێدانی بارزانی و هەڤاڵەکانی تەرخانکرد، بەڵام نەیتوانی بەسەر شەڕی پارتیزانی بارزانییەکاندا زاڵ بێت، تاکتیکی شەڕی پارتیزانی بارزانی و هەڤاڵەکانی ئەوەندە سەرکەوتوو بوو لە دواتردا وەکوو وانەیەکی لە زانکۆی جەنگی ئێراندا دەگوترایەوە، تا سەرنجام دوای ئەوەی دەیان کەمین (بۆسە)یان بڕی و بارزانی و هەڤاڵەکانی ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ی.ز لە ئاوی ئاراس پەڕینەوە و پەنایان بردە بەر خاکی یەکێتی سۆڤیەت و تا هەڵگیرسانی شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ی.ز لەم وڵاتە مانەوە و ئەو دەمە گەڕانەوە بۆ نیشتمان.

دال- ڕووخانی کۆماری کوردستان:-

کۆماری کوردستان لە ئەنجامی ژمارەیەک هۆکاری ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕووخا کە گرنگترینیان بریتی بوون لە:-

١- خۆبەدەستەوەدانی حکوومەتی ئازەربایجان بەبێ بەرهڵستی، ڕێگای خۆشکرد بۆ لەشکری ئێران ئاسانتر پەلاماری کۆماری کوردستان بدات و هێزی زیاتریشی لەسەر کۆ بکاتەوە.

٢- کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لە ١٠ی ئایاری ١٩٤٦ی.ز لە ئێران و کوردستان دەستی هێزەکانی لەشکری ئێرانی ئاوەڵاتر کرد بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی دەسەڵاتی کۆماری کوردستان.

٣- نیازپاکی قازی محەممەد لەبەرامبەر دوژمنەکانیدا، قازی بڕوای بە بەڵێنە درۆینەکانی (قەوام سەڵتەنە)ی سەرۆک و وەزیرانی ئێران کرد، هەروەها لەژێر گوشار و بەڵێنی یەکێتی سۆڤیەتدا شاری (سەقز)ی ئازاد نەکرد، ئەگەر ئازاد بکرایە ڕێگای رزگار کردنی شارەکانی بانە و سەردەشت زۆر ئاسانتر دەبوون ئەو کاتەش کۆمار قورساییەکی زۆرتری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبوو، جگە لەوەی سنووری سیاسی کۆمار فراوانتر و بەرەکانی جەنگیش گەورەتر و ئاوەڵاتر دەبوون و مەترسییەکانیش لەسەر (مەهاباد) پایتەختی کۆمار کەمتر دەبوونەوە.

٤- هەوڵەکانی (قەوام سەڵتەنە) لە دروست کردنی ناکۆکی نێوان حکوومەتی ئازەربایجان و کۆماری کوردستاندا، کە بە داڕێژەری پیلانی ناکۆکی نێوان ئەم دوو دەسەڵاتە دادەنرێت.

٥- جگە لەوەی لەسەر ئاستی ناوچەیی حکوومەتەکانی عێراق و تورکیا دژایەتی خۆیان بۆ کۆمار ڕاگەیاند، لە ڕووی نێو دەوڵەتیشەوە یەکێتی سۆڤیەت و بەریتانیا و ئەمریکا، هەر سێکیان بەپێی لێکدانەوەی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان دژی کۆمار وەستانە و تەنانەت هەرسێکیان تەبابوون لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران و لەمڕووەشەوە هاوکاری باشی دەوڵەتی ئێرانیان کرد.

لە ئەنجامی ئەمانە و زۆر هۆکاری تریش هێزەکانی ئێران لە ١٧ی کانوونی یەکەم ساڵی ١٩٤٦ی.ز پەلاماری شاری (مەهاباد) پایتەختی کۆماری کوردستانیان داو داگیریان کردەوە.

لە ئەنجامی هێرشی ئێراندا نزیکەی (١٥،٠٠٠)کەس لە خەڵکی کورد دەکوژرێن و (١٥) سەرکردەی کۆماریش دوای دادگاییەکی ڕووکەشانە لە ٣١ی ئازاری ساڵی ١٩٤٧ی.ز دا لە گۆرەپانی چوارچرا لە شاری مەهاباد لە سێدارە دەدرێن لە نێویاندا پێشەوا قازی محەممەد (سەرۆک کۆماری کوردستان) و سەدری قازی (برای پێشەوا قازی و ئەندامی پەرلەمانی ئێران) و سەیفی قازی (ئامۆزای پێشەوا و وەزیری بەرگری کۆماری کوردستان) بوون.

تعليقات