Skip to main content

ئێستا کاتی ئەوە نییە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر ئێران؛ سوودی بۆ حکوومەتی تاران دەبێت.

ئێستا کاتی ئەوە نییە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر ئێران؛ سوودی بۆ حکوومەتی تاران دەبێت.
فرێد فلیس، سکرتێری جێبەجێکاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە، بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران، بە نیوزماکسی ڕاگەیاند، هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ڕێگە بە تاران دەدات خۆی وەک قوربانییەک نیشان بدات و توڕەیی گشتی بەرەو "بریکارێکی بیانی" لابدات و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان چڕتر بکاتەوە.
فرێد فلیس، کە لە خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپدا وەک ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و سکرتێری جێبەجێکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بوو، وتی کە پێدەچێت ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران "جیاواز" بن لە ناڕەزایەتییەکانی پێشوو. بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە هێشتا زووە بۆ حوکمدان لەسەر گرنگی و بڵاوبوونەوەی ئەو ناڕەزایەتیانە.
“پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ناڕەزایەتییەکانی ئێستا هێشتا بە شێوەیەکی بەرچاو بچووکترن لەو ناڕەزایەتیانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە بینیومانە، و تەنیا چوار ڕۆژە بەردەوامە”.
ناوبراو زیادی کرد: پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا خەڵکی ئێران سەرەڕای مەترسییەکان ئامادەن بۆ پاراستنی ئەم بزووتنەوەیە؟
فرێد فلیس دەڵێت: دەبێت بزانین چی ڕوودەدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئایا خەڵک ئامادەن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە بە هاتنە دەرەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین؟”
بەڕێز فلیس بە ئاماژەدان بە تۆماری حکوومەتی ئێران لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان وتی: ئێمە دەزانین کە ئەم حکوومەتە مێژوویەکی توندوتیژی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی هەیە و بۆ ئەمە ئامادەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتبەستن بە زانیاری و بەڵگەکانی بەردەست، تاران پێشبینی نائارامی نوێ دەکات و خۆی ئامادە کردووە.
ئەو بەرپرسەی پێشووی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە هەنگاوەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ توندکردنەوەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و توندکردنەوەی کۆنترۆڵی کۆبوونەوە و پەیوەندییە گشتییەکان وتی: “لە چەند مانگی ڕابردوودا ئاماژە بەو هەنگاوانە دەرکەوتووە کە ڕێژیم بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆی هەڵیگرتووە”.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هۆکارانە و هەروەها هەڵوێستی ڕژێم لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، بەڕێز فلیس وتی کە ئێستا کاتی دەستێوەردانی دەرەکی نییە و پێدەچێت هەر هێرشێکی ئەمریکا یان ئیسرائیل کاردانەوەی پاشەکشەی هەبێت و گێڕانەوەی ڕژێم بەهێزتر بکات نەک لاوازی بکات.
فرێد فلیس دەڵێت: ئێستا کاتی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل نییە. “بیانوویەک بە ڕێژیمی ئێران مەدەن بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکە تاوانبار بکات بۆ ئەو ناسەقامگیرییە.”
هۆشداریشیدا لەوەی کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە ڕێگە بە تاران دەدات توڕەیی گشتی بەرەو "بریکارێکی بیانی" لابدات، خۆی وەک قوربانیی شەڕەنگێزی نیشان بدات و سەرکوتکردن لە ناوخۆدا چڕتر بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەبری ئەوەی گرژییەکان زیاتر بکەن، دۆخی ئێستا پێویستی بە خۆڕاگری و چاودێری ورد هەیە.
بەڕێز فلیس جەختی لەوە کردەوە کە ڕێڕەوی کۆتایی ناڕەزایەتییەکان پەیوەست نییە بە دەستێوەردانی دەرەکییەوە، بەڵکوو بەندە بەوەوە کە ئایا قەبارە و ماوەی ناڕەزایەتییەکان و ئیرادەی خۆپیشاندەران گەشە دەکەن یان نا؟

Comments