Skip to main content

پارەی پێشمەرگە بڵۆک ناکرێت، بەس سزا بەسەر بانکەکانی بەغدا دەسەپێندرێت، هۆکار؟

پارەی پێشمەرگە بڵۆک ناکرێت، بەس سزا بەسەر بانکەکانی بەغدا دەسەپێندرێت، هۆکار؟
پڕۆژەیاسایەکی فراوانی بەرگری و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، مەرجی نوێ بۆ پێدانی بودجە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دادەنێت، لە هەمان کاتدا گەرەنتیی بەهێز بۆ کورد لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەستەبەر دەکات و نەخشەڕێی داهاتووی واشنتن بۆ قەیرانی سووریا دیاری دەکات. پڕۆژەیاساکە بە روونی ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت هەسەدە بمێنێتەوە و "بەشێک بێت لە هەر چوارچێوەیەکی سیاسیی داهاتووی سووریا."
ئەمریکا بۆ کاروباری بەرگری، کۆتوبەندی تووند دەخاتە سەر شێوازی بەکارهێنانی هاوکارییەکانی ئەمریکا لەلایەن بەغداوە، لە بەرامبەردا پارێزبەندیی ئاشکرا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دادەنێت و جەخت لە بەردەوامی هاوکارییەکان بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتەوە.
پاراستنی بودجەی پێشمەرگە:
بەپێی پڕۆژەیاساکە، ئەو کۆتوبەند و مەرجانەی ئەمریکا خستوویەتە سەر هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ عێراق، ئەو بودجەیە "ناگرێتەوە" کە بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخان کراوە. ئەمەش دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی واشنتنە بە پاڵپشتیکردنی هێزەکانی هەرێمی کوردستان، تەنانەت ئەگەر مەرجی نوێش بەسەر دامەزراوە فیدراڵییەکانی بەغدادا بسەپێندرێت.
پێشمەرگە وەک "هاوبەشێکی ئاسایشی نیشتمانی" دەمێنێتەوە و نابێت بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێو عێراقەوە، بودجەکەی دوا بکەوێت یان بلۆک بکرێت.
گوشار لەسەر بەغدا بەهۆی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕژێمی ئێرانەوە:
لە هەمان کاتدا، بەڵگەنامەکە بەشێک لە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق دەبەستێتەوە بەوەی بەغدا تاوەکو چەند دەتوانێت هەژموونی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران سنووردار بکات.
بۆ ئەوەی یارمەتی ئەمریکای پێبدرێت، پێویستە بەغدا بیسەلمێنێت کە "جڵەوی چالاکییە نایاساییەکانی گرووپە چەکدارەکان دەکات"، دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران بەسەر کەرتی ئەمنیدا بەهێز دەکات و لێپرسینەوە لەو گرووپانەی حەشدی شەعبی دەکات کە لە "پێشێلکاریی مافی مرۆڤ" یان هێرشکردنە سەر هاوپەیمانان تێوەگڵاون.
هەروەها واشنتن کۆتایی بە "مۆڵەتی بەکارهێنانی هێز" هێنا کە پەیوەست بوو بە جەنگی کەنداوی ١٩٩١ و هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٢، واتە چیدیکە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نێو عێراق، کار بەو یاسایە ناکرێت.
چاودێریی چڕی زیندانییانی داعش لە رۆژئاوای کوردستان:
پڕۆژەیاساکە بڕگەی وردی لەسەر سووریا و رۆژئاوای کوردستان تێدایە و پێنتاگۆن پابەند دەکات بەوەی ساڵانە راپۆرتی ئاشکرا لەسەر هەزاران زیندانیی داعش بڵاو بکاتەوە کە لەژێر دەستی هەسەدەدان لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
بە گوێرەی پڕۆژە یاساکە، پێنتاگۆن دەبێت هەڵسەنگاندنی ورد بۆ دۆخی زیندانەکان، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناردنەوەی زیندانییەکان و مەترسییە درێژخایەنەکانی زیندانەکان بدات، کە فەرماندە ئەمریکییەکان هۆشدارییان داوە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، دەبنە خاڵی تەقینەوەی دۆخەکە.
بەردەوامی پاڵپشتی بۆ هەسەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان:
هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا رادەسپێردرێن کە بەردەوامبن لە پاڵپشتیکردنی هەسەدە -وەک هاوبەشی سەرەکی واشنتن دژی داعش -و کارکردن لەگەڵ ئەنجوومەنە خۆجێییەکان بۆ سەقامگیریی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعش دەرهێنراون.
پڕۆژە یاساکە بە روونی دەڵێت: "دەبێت هەسەدە بەشێک بێت لە هەر چوارچێوەیەکی سیاسی داهاتووی سووریا" و داوای "حکومەتێکی گشتگیری سووری" دەکات کە مافی پێکهاتەکان، بە کورد و ئەوانی دیکەوە بپارێزێت.
هەروەها دەسەڵاتی پێدانی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ "گرووپە ئۆپۆزیسیۆنە پەسەندکراوەکانی سووریا" تاوەکو ساڵی ٢٠٢٦ درێژ کرایەوە.
مەرجەکان بۆ دەسەڵاتدارانی دیمەشق:

پڕۆژەیاساکە کۆمەڵێک خاڵ بۆ حکوومەتی سووریا دیاری دەکات کە دەبێت جێبەجێیان بکات، لەوانە: هاوکاریکردن لە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"، کۆتاییهێنان دوورخستنەوەی "میلیشیا بیانییەکان" لە دامەزراوەکانی دەوڵەت و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ هەسەدە کراون (لەوانەش رێککەوتنی ئاداری ٢٠٢٥ کە هاوئاهەنگی سیاسی و ئەمنی لە نێوان بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق لەخۆدەگرێت).
پڕۆژەیاساکە یاسای "قەیسەر" بۆ پاراستنی سڤیلەکانی سووریا هەڵدەوەشێنێتەوە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە سەپێندرابووە سەر دیمەشق. بەڵام ئەندامانی کۆنگرێس هەرجۆرە ئاساییکردنەوەیەکی فراوانتریان بەستووەتەوە بە هەنگاوی کردەیی و سەلمێنراوی حکوومەتی سووریا سەبارەت بە زیندانیان، گەیشتنی هاوکارییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکان.
بەگشتی، ئەم بڕگانە یەکێکن لە روونترین دڵنیاییەکانی واشنتن بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە کوردییەکان باشوور و رۆژئاوای کوردستان.
ئەم پڕۆژەیاسایە ئەو بڵاوکراوەیە کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسند کراوە. بڵاوکراویەکی دیکە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسند کرابوو. پێویستە جارێکی دیکە هەردوو ئەنجوومەن بە هاوبەشی کۆ ببنەوە و پێکەوە دەنگ لەسەر بڵاوکراویەکی یەکگرتوو بدەن. دوای ئەوەش، پێویستە جارێکی دیکە بلاوکراوە یەکگرتووەکە بە جیا لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنەکەوە پەسند بکرێت و دیسان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا بڵآوکراوەی کۆتایی پەسند بکەن بۆ ئەوەی بچێتە بەردەم سەرۆک و واژۆی لەسەر بکرێت.

Comments