Skip to main content

هەر کەسێک لە کوردستان ئاسەوار بدۆزێتەوە بەجێگەی خەڵات بکرێت دەگیردرێت:

هەر کەسێک لە کوردستان ئاسەوار بدۆزێتەوە بەجێگەی خەڵات بکرێت دەگیردرێت:
لە گوندی بێستانسور چەن منداڵیک زیاد لە ١٩٥ سکەی زیویی مێژوویان دۆزیەوە کە بەهۆی لافاوەوە دەرکەوتبوون، هەر زوو دەستگا ئەمنییەکان توانیان هەموو سکەکان لەو خێزانانە کۆ بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕادەستی لایەنی پەیوەندیداری بکەن.
لە شاری بابل بە هەمان شێوە چەندین پارچە ئاسەواری گرنگ بەهۆی لافاوەوە بەدەرکەوتوون، کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی پاشای بابلی "حامورابی" دەگەڕێتەوە لە هەزارەی دوەم پێش زایین.
بێستانسور یەکێکە لە کۆنترین گوندە کشتوکاڵییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا کە مێژوەکەی بۆ ١١ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
باشە پرسیارەکە ئەوەیە:
یەکەم: بۆچی لەهەر وڵاتێک کە ئاسەوارێک یان شتێکی مێژووی دەدۆزرێتەوە، ئەو کەس و کەسانە خەڵات دەکرێن، بەڵام لای خۆمان دەگیردرێن و سزا دەدرێن و پارەیان لێ وەردەگیردرێت و شوێنەکانیان تێک و پێ دەدەن و دەستبەسەر ئەو شوێنانەدا دەگرن؟
دووەم: ئایا ئەو کەسانەی کە ئەم ئاسەوارانە دەدۆزنەوە، نابێ خەڵات بکرێن بۆ ئەوەی خەڵکانی دیکە هان بدرێت دەست لە ئاسەوار نەدەن و نەیفرۆشنە کەسانی قاچاخچی؟
سێیەم: خەڵک بێ بڕوا دەبێت بە لایەنی حکوومەت و دەترسێت حکوومەت و دەم و دەزگاکانی هەستن بە بەتاڵان بردنی ئاسەواری نیشتمان بە وڵاتانی دراوسێ و بازرگانی پێیەوە بکەن و نەخرێتە مۆزەخانەی نیشتمانییەوە.
چوارەم: ئەگەر بێت و حکوومەت لەگەڵ خەڵکی خۆی ڕاست و دروست بێت، ئەوا ئەو ئاسەوارانە دەخرێتە ناو مۆزەخانەوە و خەڵک سەردانی دەکات و ئابووری وڵات دەبووژێتەوە و پارەی ئەو خەڵاتانەش دەگەڕێتەوە کە بەو کەسانە درواوە لە دۆزینەوەی ئەو ئاسەوارانە.

Comments