"تۆم باراک"، نێردەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە پلانی سەربازیی ئیسرائیلیی ئامادەکراو هەیە بۆ بەئامانجگرتنی عێراق.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە باراک جەختی کردووەتەوە کە ئیسرائیل دەست دەکات بە ئەنجامدانی هێرش لە ناوخۆی عێراق ئەگەر گرووپە عێراقییەکان دەستوەردان بکەن بۆ پشتیوانیی حیزبوڵڵا بە شێوەی سەربازی یان لە ڕێگەی ئەو داراییەی لە ئێرانەوە دێت و جەختیشی کردووەتەوە کە تەل ئەبیب گورزی زۆر توندی ئامادە کردووە لە چوارچێوەی پلانەکانی جەنگدا.
تۆڕەکە ئەوەشی گواستووەتەوە کە باراک ئەوەی بە "دوایین هۆشداریی ئەمریکا" پێناسە کردووە، کە تێیدا جەخت کراوەتەوە کە پێشکەشکردنی هەر جۆرە پشتیوانییەکی دارایی بۆ حیزبوڵڵا لە ناوخۆی عێراقەوە، هێڵی سوورە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەمجارە واشنتۆن جووڵە ناکات بۆ ڕێگریکردن لە ئیسرائیل لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەناو خاکی عێراقدا.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە ئامانج لەم هۆشدارییە تەنها ڕێگریکردن نییە لەو هەڵکشانەی بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵا دروست دەبێت، بەڵکوو هەوڵێکیشە بۆ سەپاندنی هێڵی سووری ئەمریکا بەسەر حکومەتی عێراقدا بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی پابەندبوون و مامەڵەکردنی لەگەڵ مەرجەکانی ئیدارەی ئەمریکا.
ئەم هۆشدارییەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە گرژییە ناوچەییەکان لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا زیادی کردووە و هێرشەکان لەسەر سنووری لوبنان چڕ بوونەتەوە، هاوکات لەگەڵ تۆمەتە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بە بوونی پشتیوانیی لۆجیستی و دارایی کە لە ڕێگەی تۆڕە پەیوەندیدارەکان بە گرووپە عێراقییەکانەوە دەگاتە حیزبوڵڵا.
لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، ناوچەکە بینەری چەندین پەیامی سەربازی بوو لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، لەوانەش هێرشی سنووردار و وەڵامدانەوەی یەکتری، ئەمەش وای لە واشنتۆن کردووە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ڕەفتاری هاوپەیمانەکانی بدات لە ترسی فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ حیزبوڵڵا بەرەو بەرەی نوێ.
هەروەها لەم دووایانەدا چەندین فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥ی ئیسرائیلی هاتنە ئاسمانی عێراقەوە و تاکوو سنوورە ئاویەکانی ئێران ڕۆیشتن، لە پاش هاتنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل، (کێڵگەی غاز-گاز)ی کۆرمۆر لە چەمچەماڵی سنووری سلێمانی کرایە ئامانجی گرووپە تیرۆرستییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران.

No comments:
Post a Comment