سەردەمانێک دوو دراوسێ هەبوون کە هەمیشە شەڕ و ناکۆکییان هەبوو پێکەوە. ڕۆژێک بڕیاریاندا هەریەکەیان دەرمانێک دروست بکەن و بیدەن بە ئەوی تر بۆ ئەوەی یەکێکیان بمرێت و ئەوی تریان لانیکەم بە ئارامی بژی!
بۆیە شێر و خەتیان کرد تا بزانن کێ یەکەمجار ژەهرەکە دەخوات؟! دراوسێی دووەم هەڵبژێردرا. بۆیە یەکەم دراوسێ چووە بازاڕ و بەهێزترین ژەهری لە دەرمانسازێک کڕی و دای بە دراوسێیکەی تا بیبات و بیخوات. دراوسێی دووەم ژەهرەکەی خواردەوە و چووە ماڵەوە. پێشتر بە خزمەتکارەکانی گوتبوو کە مەلەوانگەکەی پڕ کەن لە ئاوی گەرم بۆی و قاپێک شیری ئامادەکراو لە لای مەلەوانگەکە دابنێن.
هەر کە گەیشتە ماڵەوە، قاپە گەورەی شیرەکەی هەڵگرت و چووە ناو مەلەوانگەکەوە. گورج و گۆڵ کەمێک مەلەی کرد، هەموو ئەو شتانەی خواردبووی فڕێی دایەوە و دوای ئەوەی گەدەی بەتاڵ بوو و پاک بووەوە، چووە ژوورەکەی خۆی لە سەر جێگاکە بۆی خەوت. بەیانیەکەی بە سەلامەتی لە خەو هەڵسا و چووە لای دراوسێیکەی وتی: من ڕزگارم بوو، ئێستا نۆرەی منە ژەهر دروست بکەم و تۆش وەکوو پلانەکە بیخۆیت.
چووە بازاڕ و پارچە لبادێکی گەورەی کڕی و بردییە ماڵەوە. هەروەها بانگی خزمەتکارەکانی کرد و پێی وتن کە لەمەودوا تەنها پێویستە بەدارێک لەبەیانییەوە تا ئێوارە لەم لبادە بدرێت.
هەموو ڕۆژێک یەکەم دراوسێ گوێی لە پیاوی تەنیشت ماڵەکە بوو کە ژەهرەکەی ئامادە دەکرد بۆی!!! بەیانی تا شەو خەریکی لێدانی کەرەستەی ژەهراوی بوو. لەگەڵ هەر لێدان و هەر دەنگێک کە دەیبیست، نیگەرانی و ترسی زیاتر دەبوو و لە دڵی خۆیدا بیری لەو ژەهرە کوشندەیە دەکردەوە کە بۆی ئامادەیان دەکرد!
وردە وردە نیگەرانی و ترس دەستی بەسەر هەموو لەشیدا گرت و هیچ ئاسوودەیییەکی نەمابوو. شەوانە ترس خەوی لێ دەدزی و بەڕۆژ لەگەڵ هەر دەنگێک کە لە ماڵە دراوسێیەوە دەیبیست، دڵەڕاوکێی زیاتر دەبوو و دڵەڕاوکێ دەستی بەسەر هەموو لەشیدا گرتبوو. هەر دارێک کە بە لبادەکە دەکەوت، لێدانێک بوو لەشی ئەو، ئەمەش ژەهرەکەی بە بۆچوونی ئەو کوشندەتر دەکرد.
لە ڕۆژی سێیەمدا هەواڵ هات کە مردووە. پێش ئەوەی ژەهرەکە بخوات لە ترسا مردبوو!!
ئەم چیرۆکە چیرۆکی بەشێک لە ئێمەیە لەم ڕۆژانەدا. هەر حاڵەتێک یان نەخۆشییەک کە دێت زۆر بەهێز نییە تا لەناومان ببات کاتێک ئێمە ڕۆحمان دڵخۆش و زیندوو بێت.
زۆربەمان بەهۆی فشار و نیگەرانییەوە لەناودەچین، نەک خودی نەخۆشییەکە...

No comments:
Post a Comment