نەژاد یان ڕەچەڵێکی کورد، لە کوێیەوە هاتووە؟

نەژاد یان ڕەچەڵێکی کورد، لە کوێیەوە هاتووە؟
لە بارەی بنج و بناوانی ڕەگەزی کورد زۆر بیروبۆچوونی جیاواز و سەرنج ڕاکێش هەیە. ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە هەر یەکێ بە جۆرێ لێکدانەوەی بۆ کردووە. هەندێکیان بە جۆرێکن کە ژیری قەبۆڵی ناکات.
مەسعوودی لە "مروج الذھب" دەڵێ: کورد نەوەی ئەو ئێرانییانەن کە لەدەست (زوحاک)ی خوێنخور ڕایان کردووە. لە شانامەی فیردەوسی ڕەگەزپەرستەوە بە شێوازی هونراوە باشتر باسی لێوە کراوە.
هەندێ لە مێژوونووسە عەرەبە ناشارەزاکان کوردیان بە (جنۆکە-جن) داناوە. لەسەر بنەڕەتی ئەو ئەفسانەیە کە دکتۆرەیەکی ئەمریکی بە ناوی (مارگرێت کان) ناونیشانی کتێبەکەی ناوناوە "نەوەکانی جن" یادەوەری کورد و نیشتیمانەکەیان. لە ساڵی (١٩٧٤)ی.ز سەردانی کوردستان دەکات. لە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەمێنێتەوە.
لە کورد و زمانی کوردی بەتایبەتی زاری ڕۆژهەڵاتی پلەی دکتۆرا لەسەر ئەمە بەدەست دەهێنێ. لە ساڵی ١٩٧٦ی.ز لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێ چەند سەدەیەک لەمەوپێش پێغەمبەر (سولەیمان-سلێمان-سڵێمان) سەلام و دروودی خوای لەسەر بێت. پێنجسەد گیانی سێحری واتە جادویی بەناوی (جن) دەردەکات و بۆ چیاکانی زاگرۆس دووریان دەخاتەوە.
سەرەتا ئەم جنانە بۆ ئەورووپا دەڕۆن. (پێنجسەد-٥٠٠) ئافرەتی جوان دێنن. دوای دەچن لە کوردستان، نیشتەجێ دەبن.
(ئیدمۆنز) لە کتێبەکەیدا: (کورد، عەرەب، تورک) هەمان ئەفسانە دووبارە دەکاتەوە.
هەندێکی تر ڕەچەڵێکی کورد بە عەرەب دەبەستنەوە و دەڵێن: ((باپیرە گەورەی کورد، (رەبیعەی کوڕی نەزری کوڕی موعاد)ە یا (موزێر کوڕی نەزەر) و (نەزری کوڕی موعاد)ە. هەردووکیان لە دەسەڵاتدارانی وڵاتی ڕەبیعە، (دیاربەکر) و دیار مەزەر واتە (ڕەقە) بوون.))
هەندێکی تر لە عەرەبەکان دەڵێن: ((کوردەکان لە ئەنجامی ڕووداوێک لە غەساسنەکان لە کۆمەڵی عەرەب جیابوونەوە بۆ شاخەکان چوون، لەگەڵ هەندێ هۆزی بێگانە تێکەڵبوونە و زمانی عەرەبییان لەبیرچووەتەوە)).
ڕۆژهەڵاتناسان وەڵامی ئەمەیان داوەتەوە و دەڵێن: ((دابونەرێتی کوردەکان بەقەد تاشەبەردەکان و شاخ و چیای وڵاتەکەیان نەگۆڕن)).
بەواتای: بە هیچ جۆرێک کورد لە عەرەب نەبوونە، چونکە دابونەرێتی کورد هەرگیز لەگەڵ هی عەرەب تێکناکاتەوە، پێکهاتەی ڕەگەزی کورد بەپێ مێژوو لێکدراوەتەوە، گەلێ بیروبۆچوونی جیاواز هاتووەتە کایەوە، هەندێکیان بۆ (کاردۆخییەکان) کە ((زەینەفۆن)) باسی کردوون، یان بۆ (گوتییەکان)، یاخود (میدەکان) و (سیرتیەکان) دەیانگەڕێننەوە.
ڕەگەزی کورد بەپێی بەڵگە و دەستاوێژە مێژوویی و ئەنترۆپۆلۆجی و زمانەوانییەکان، ئەوە دەردەخەن کە کوردانی ئەمڕۆ ڕەگێکیان هیندۆئەورووپییە، بێگومان هیندۆئەورووپییەکان لەگەڵ خەڵکی ڕەسەنی کوردستان کە (محەممەد ئەمین) بە (هونراوەی زاگرۆس) یان (مەنزومەی زاگرۆس) ناوزێدیان دەکات، تێکەڵاوبوونە. بەپێی ئەو ژێدەرانەی لەبەردەستدان، ئەو هۆز و خەڵکانەی کە پێش هاتنی هیندۆئەورووپییەکان لە کوردستان ژیاون ئەمانەن:
یەکەم: لولو Lullu، یا لۆلۆبۆم LulluBum.
دووەم: گۆتی Gutie، یا کوتی Quti، یا کورتی Qurti.
سێیەم: کاسییەکان Kassites.
چوارەم: خورییەکان، یان حورییەکان.
پێنجەم: سوباری Subbari.
شەشەم: نایری Nairi.
حەفتەم: کاردۆخی KARDUKHOI.
لەسەر بنەمایەکی مێژوویی و ژێدەری مێژووییەوە، هەڵەیەکی گەورەیە ڕەچەڵەکی کورد ببردرێتەوە سەر (مادەکان) یان (میدییەکان)ی سەدەی شەشەمی پێش زایین، کە توانییان یەکەمین ئیمپراتۆری هیندۆئەورووپی لە جیهاندا دابمەزرێنن.
(ئارشاک سافراستیان) نووسەری ئەرمەنی لە کتێبی (کورد و کوردستان)، ئەوە دڵنیا دەکاتەوە کە میدییەکان هیچ هەواڵێکیان نەبووە، تەنیا هەندێ زانیاری هەڵە نەبێ کە مێژوونوس (هێرۆدۆتس) ئاماژەی پێکردوون تا سەردەمی ئاشوورییەکان، پاشاکانیان لەکاتی هەڵمەتەکانیان بۆ کوردستان ئاماژەیان پێکردوون.
بەمجۆرە وەکوو ئاماژەی پێدرا، هۆز و تیرەکانی دانیشتووانی ڕەسەنی کوردستان لە هۆزانی هیندۆئەورووپی وەکوو (میدییەکان)، ئاوێتەی یەکتر بوون و خەلکە رەسەنەکەیان لە بۆتەیی خۆیاندا تواندووەتەوە.
دوای میدییەکان توانییان هۆز و خێلی تری پەرشوبڵاوی ناوچەکە یەک بخەن و ببنە هێزێکی سەربازیی و سیاسی گەورە، توانییان گەورەترین ئیمپراتۆری ڕۆژهەڵاتی کۆن ئاشوورییەکان بە هاوپەیمانی لەگەڵ (کلدانییەکان)، بابلییەکان لەناوبەرن.
ئەنجام:
ئەم تۆژینەوەیە گەیشتووەتە چەند ئەنجامێک، بنەما و شەنگستی ئەم ئەنجامانە، لە ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی ئاکادەمی و بابەتی هاتووەتە کایەوە، دەکرێت ئەنجامەکان لە چەند خاڵێک کورت بکەینەوە:
یەکەم: لە مێژوودا گەلێکی تەواو ڕەچەڵەک و ڕەسەن پاک، سەد لە سەد بوونی نییە، بنەچەو و ڕەسەنی زۆربەی گەلەکان چەند رەهەندییە، نەک تاک رەهەندی.
دووەم: کۆچی مێژوویی گەلانی هیندۆئەورووپی و ئێرانی، تێکەڵابوونیان لەگەڵ گەلانی ڕەسەنی شوێن کۆچ بۆکراو، هەروەها بەرپابوونی هاوسەرگیری لەنێوان ئەو گەلانە فاکتەرێکی تر بووە لە تواندنەوەی خۆهێشتی لەنێوان ئەم گەلانەدا.
سێیەم: وا ڕێککەوتووە، کە تەنیا هۆزێک بۆ دوو ئاراستەی تەواو لە یەک جودا کۆچ بکەن، ئەمەش هەر بۆ ئەوەی نەژاد یان ڕەچەڵەکی ئەم هۆزە ون بێت یان لەگەڵ گەلی کۆچبۆکردوو تێکەڵ بێت.
چوارەم، لکاندنی گوتەی (ئاری) بۆ هۆزانی هیندۆئەورووپی هەڵەیەکی مێژووییە، چونکە (ئاری) یا خود (ئاریانی) تەنیا گوزارشت لە خێل و هۆزەکانی ئێرانی کۆن دەکات.
پێنجەم: گەڕاندنەوەی کورد بۆ تەنیا (میدیا)یەکان، هەڵەیەکی تری مێژووییە، چونکە دەرکەوتنی میدییەکان لە مێژوودا هیندە کۆن نییە، کورد بەر لە دەرکەوتنی ئەوان هەربوونی هەبووە.
شەش: کورد گەلێکی هیندۆ-ئارییە، چونکە بەر لە هاتنی هیندۆئەورووپییەکان بۆ کوردستان، چەندان هۆزی تر لە کوردستان هەبوون وەک: (لولو)، (گوتی)، (کاسی)، (میتانی)، (سوباری)، (نایاری) و (کاردۆخی).
لەم نێوەدا هەڵەیە کە بڵێین: کورد تەنیا میدی یاخود لولی، گوتی... یان کاردۆخی بێت، بەڵكوو تێکەڵەیەکە لەمانە.
حەفتەم: گەڕاندنەوەی ڕەچەڵەک یان نەژادی کورد بۆ (عەرەب) و (جن) جگە لە وەهم و خەیاڵ، هیچ ڕاستییەکی مێژووی نییە.

No comments:

Post a Comment