ئامۆژگاری سەرەتای هاوسەرگیری بۆ گەنجان:

ئامۆژگاری سەرەتای هاوسەرگیری بۆ گەنجان:
١. لەگەڵ ماڵی خەزوورت و کەس و کاری خێزانت کەم دووبە.
۲. خراپی هیچ یەک لە بنەماڵەی خێزانت مەڵێ لە کن خێزانت.
۳. بڕیاری منداڵبوون بەپێکهاتنی هەردووتان بێت.
٤. تەرکی برادری خراپ بکە و مەهێڵا پیاوی حکوومەت سەردانی ماڵت بکات.
٤. لە منداڵەکانت تووڕە مەبە.
٥. لە پێش چاوی خەڵک و کەس و کاری خێزانتەوە ئامۆگاری خێزان و منداڵەکانت مەکە.
٦. لە پێش چاوی ماڵی خەزووران و خەڵکەوە گاڵتە بە خێزانت و منداڵەکانت مەکە.
۷. قسەی ناشرین و ناڕێک بە خێزانت و منداڵەکانت مەکە، با خەڵکیش لەتۆەوە فێر نەبن.
٨. نهێنی بنەماڵەکەت بۆ کەس باس مەکە.
۹. ڕێز لە کەس و کاری خۆت و خێزانت بگرە، چۆن ڕێزنەگرتن وا دەکات، خێزانت و منداڵەکانت بەرانبەر بە هەردوو بنەماڵەکە لە دووایدا بێڕێز بن.
۱۰. لەناو خەڵکدا یەک مەشکێننەوە، چونکە ئەو "لەختە" بۆ هەتا هەتایە لەناو مێشکی خەڵکدا دەمێنێتەوە.
۱۱. نهێنیەکی زۆر گەورە و زۆر گرنگی ژیانی خۆت بۆ خێزانت و هیچ کەسێک باس مەکە، با لە نێوان خۆت و خودا بمێنێتەوە.
۱۲. خاڵی لاوازی خۆت بۆ خێزانت و هیچ کەس مەدرکێنە.
۱۳. غەیبەتی هیچ کام لە بنەماڵەی خۆت و خێزانت لە ماڵەوە مەکە.
۱٤. گوناە و تاوانی گەنجیەتی و منداڵیت با لە نێوان خوت و خودا بمێنێتەوە بەهیچ شێوازێک باسی مەکە.
۱٥. لەپێش چاوی ماڵی بابت و کەس و کاری خێزانت، لۆمە و سەرزەنشتی خێزان و منداڵەکانت مەکە.
١٦. تەعریف و تەمجیدی هیچ پیاوێکی دیکە بە لای خێزانتەوە مەکە.
١٧. کێشە و ناکۆکی و ناخۆشی سەر (ئیش و کاری) خۆت کەم بهێنە ماڵەوە.
١٨. ڕێز لە خواردنی و نەخواردنی ئەو شتانەی کە خێزانت حەزی لێدەکات یان حەزی لێناکات بگرە، مەجبووری مەکە وەک تۆ بیر بکاتەوە، بەپێچەوانەوە خێزانیشت بە هەمان شێوە دەبێ ڕێز لە تۆ بگرێت.
١٩. باسی خاڵە لاوازەکانی خۆت کەم بکە بەلای خێزانتەوە.
٢٠. لە ماڵەوە ڕەخنە لە زۆر شت مەگرە، چونکە دووای دەبێتە کێشە، ڕێز لە بیروبۆچونی خێزانت بگرە.
٢١. گاڵتە بە شێواز و قسەکردن و جلوبەرگ و کلتوور و عورف و عادات و ....هتدی، خێزانت مەگرە، چونکە دووای ئەویش هەمان کرداری تۆ ئەنجام دەداتەوە.
٢٢. لە کردار و قسەکردن و هەڵسوکەوت و خواردن و خواردنەوە و هەستان و دانیشتن و ...هتد، قورس و سەنگین بە، با هەیبەتت لە ماڵەوە کەم نەبێتەوە.
٢٣. با هیچ کام لە کەس و کاری خۆت، تەدەخولی شتی تایبەتی نێوان تۆ و خێزانت نەکەن، چونکە خێزانت وادەزانێت تۆ ناتوانیت خۆت پیاوی خۆت بیت، هەر قسەیەکیشت لەگەڵ کەس و کار و برا و خوشکی خۆتدا هەبوو، ئەوا با هەموو ئەمانە خێزانت نەزانێت، مەگەر شتی ساکار نەبێت.
٢٤. بەردەوام با لە ماڵەوە، قورئان پێبێت، بەتایبەتی سوورەتی بەقەرە.
٢٥. بۆ ئامۆژگاری کردن، ئەوا بە ئایین ئامۆژگاری خێزانت بکە، چاوەرێ بکە با کاریگەری لەسەر بکات، پەلەی لێ مەکە.
٢٦. بۆ چوونە سەرجێی، ئەوا ئاودەستی باش بکە و خۆت پاک و خاوێن بکە، بە دەستنوێژەوە بچووە لای خێزانت.
٢٧. ژن مادیاتە و پیاو مەعنەویات، واتە ژن دایم حەزی لە پارە و سەروەت و سامان و ماڵی رێک و هەبوونیە، بەڵام پیاو دایم حەزی لە ئازاد بوونی ڕۆحی خۆیەتی لە کێشە و گرۆشەکانی دونیا، مادام کە وایە کەمتر باسی نەبوونی و کەمی سەروەت و سامانی بۆ بکە، ئەگەر ڕۆژێک نەبوون بوون، فێری بکە با لە نەبوونیا پشت بە خودا ببەستێ.
٢٨. لە کاتی کڕینی شتومەک و پێداویستی ماڵ و خێزان و خۆت و منداڵەکانت، شتەکان بنووسنەوە و بە خۆشیەوە پێیان بڵێ ئەوەی پێویستە بیکڕن، جاری واش منداڵی ساوا، یان خێزان شتێکی زۆر گرنگیان پێویستە، ئەوا پێ دەڵێن باری ناکاو، دەبێ لەو دەما بیکڕی، بەڵام لە کاتی ئاسایا شتەکان بنووسەوە.
٢٩. لە لای خێزانت و کەس و کاری خێزانت، کەم باسی باشی خواردنی دایک و خوشکت بکە، با بە خۆیا نەشکێتەوە، شتێکیشت لە خێزانت بەدڵ نەبوو زوو مەیدرکێنە.
٣٠. لای خێزان و کەس و کاری خێزانت، باسی هیچ کچ و ئافرەتێکی دیکە مەکە، ڕەنگە لەودەما پێبکەنن، بەڵام لە دووایدا دەبێتە بەڵگە لەسەرت.
٣١. ئەگەر برا و خوشکت یان کەس و کار و برادری زۆر نزیکت، ئامۆژگاری کردی، بە خێزانت مەڵێ فەڵانە کەس وای وت، چونکە دوای هەرچیەک بێت، ڕکی لەو کەسە دەبێتەوە و دەبێتە دوژمنی.
٣٢. ئەگەر انشاءالله ڕۆژێک منداڵتان بوو ئەوا، لەگەڵ منداڵەکەت زۆر جار بەتەنیا بمێنەوە و خۆیشت تەڕ و وشکی بکە، با هەستی باوکایەتیت بۆ دروست بێت.
٣٣. قەد لە ژیانت مەهێڵە ماڵ و منداڵت بەتەنیا لە ماڵی کەسی بێگانە بەتەنیا بمێننەوە، بێجگە ماڵی کەس و کاری خۆت و کەس و کاری خێزانت.
٣٤. ئەگەر کەسێک قسەی نارێکی کردە خێزان و کەس و کارت، ئەوا زوو هەڵمەچۆ شتەکە بە ئارامی چارەسەر بکە، چونکە شەڕ هیچ ئاکامێکی نییە.
٣٥. بهێڵە با خێزانت لەگەڵ کەس و کاری خۆی ئازاد بێت لە سەردانکردن و قسە کردن و پەیوەندی کردن، بەڵام لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەستنوێژی لێ دەشکێت لە خزم و کەس و کاری خۆی، ئەوا زوو هەڵمەچۆ کە بە تەلەفۆن وڵامیان دەداتەوە، ئەوا بە ئارامی تێبگەینە، کە بە ڕەسمی و شێوازێکی مەردانە وڵامیان بداتەوە.
٣٦. با هیچ شتێکی ڕابردوو لە ناو مێشکت و تەلەفۆنەکانت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانت نەمێنێت، چونکە ئافرەت حەزی لەوەیە بزانێ تۆ لە رابردوو چیت کردووە.
٣٧. با نهێنی تەلەفۆنەکانتان هەردووکتان بزانن، با مەراق بۆ هەردووکتان دروست نەبێت.
٣٨. لە ماڵەوە بۆ کەس و کارت دیکتاتۆر مەبە، چونکە تۆ پشت و پەنای ئەوانی، هەر قسەیەکیشت لە گەڵ خێزانت هەبوو، ئەوا با منداڵەکانت لەوێ نەبن، چونکە هەندێک بابەتی نێوان ژن و پیاو سەر لە منداڵەکان دەشێوێنێت.
٣٩. لەماڵەوە و درەوە لە بۆ خێزان و منداڵەکانت زۆر لێبوردە بە، چونکە بەس لێبوردەی و باشی تۆ لە مێشکیان دەمێنێتەوە، چونکە هەر ئەوانن لەو ڕێگا دووروودرێژە لەگەڵتدا دەبن، ئەگەر ئەم شتانەت نەبوو، ڕێگاکەت سەخت دەبێت.
٤٠. لە کۆتایا، بەردەوام لە ناو نوێژ و دوعایەکانت، دوعای چاک بۆ خۆت و بنەماڵەکەت بکە، کە خوای گەورە ئارامی هێمنییتان پێ ببەخشێت، چونکە مرۆڤ بەتەنیا دەرەقەتی ژیانی هاوسەرگیری نایەت، ژیانی هاوسەرگیری واتە هەڵگرتنی ئەرکێکی زۆر قورس.

No comments:

Post a Comment