سەرهەڵدانی وشەی کورد لە مێژوو:
بەگوێرەی ڕای (درایڤەر)، خشتە تابلۆ قوڕینەکانی سۆمەرییەکان کۆنترین ژێدەرن کە باسیان لە کورد و خاکی کورد کردبێ.
ئەمانە دانیشتوانی باشووری گۆلی (وان) بوونە. دیارە لەگەڵ ئەو (قورتیانەی) چیاکانی بەری ڕۆژئاوای هەمان گۆلدا ژیاون و پاشای ئاشووری (تیگڵات پیلسەری یەکەم) لەگەڵیاندا کەوتووەتە شەڕەوە.
لە نووسراوەکانی پاشای چوارەمی بنەماڵای ئووری سێیەم دووهەزار (٢٠٠٠ تاکوو دووهەزار و سێ ٢٠٠٣)ی پێش زایین (شووسین)دا ئاماژە بە ناوچەیەک بەناوی (سو) لە باکوور و ناوچەی (کوردا) لە باشووری دەکات، کە شوێنەکەی لە ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای گۆلی (وان) بووە. ئەم دوو ناوەی وەک ناوی جوگرافی باسکراون، کە پەیوەندییان بە ڕەگەز و زمانەوە نییە.
ئەکەدییەکان ناوی (کوتو)یان بۆ ئەو گەلە کە دانیشتوانی چیاکانی کوردستان بوونە بەکارهێناوە، بەڵام وڵاتەکەیان بە شێوەزاری (کۆتیۆم) هێناوە. بەم جۆرە (کوتو) تایبەت بووە بە دانیشتوانی چیاکانی باکوور و ڕۆژھەڵات، واتە (کوردستان).
ئەرمەنییەکان کە لە بەشی باکووری وڵاتی کورد بوونە، (خ) یا (Kh) وەک ئامرازی کۆ بۆ وشە ئاشوورییەکەی (کورتو- گورتی) زیاد کردووە. وشەکە گۆڕاوە بۆ (کورتوخ- Kortu- Kh)، هەروەها وشەی (کۆرجیخ)یان بۆ ئەو ناوچانەی کەوتوونەتە نێوان (گولەمەرگ و جەزیرەی بۆتان) بەکارهێناوە.
وشەی (کارداکس) لە بنەڕەتدا وشەی (کاردا) بووە، کە لەلایەنی یۆنانییەکانەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە بووە بە (کارداکس).
لە ساڵی چوارسەد و یەکی پێش زایین (٤٠١ پ.ز)، مێژوونووس و سەرکردەی سوپای یۆنانی (زەینەفۆن) لە کتێبە بەناوبانگەکەی، (ئەنەباس) لەژێر ناوی: لەشکرکێشی دەهەزار سەربازەکە بۆ سەر وڵاتی فارس، باسی گەلێک بە ناوی (کاردۆکی) دەکات، بە جۆرێک کە مەندەهۆش بووە بە ئازایەتی و نەبەردی و لێهاتوویان، کە مەترسی خستبووە ناو سوپاکەی. دوای ناچاربووە ڕێڕەوەکەی بگۆڕێ بۆ ناو پێدەشت و چیاکانی باکووری ڕۆژئاوا، کە دەکاتە ناوچەی (زاخۆ و بۆتانی) ئێستا، بەرەو وڵاتەکەی پاشەکشە بکات، هەروەها لە هەمان سەرچاوە ئاماژە بە جەنگی نێوان کاردۆکییەکان و (ئەرمەن) کراوە.
گومانی تێدا نییە ئەو (کاردۆکییانەی) کە (زەینەفۆن) باسی کردوون کورد بوونە، ئەویش بەپێی شوێنە جوگرافییەکە و زمانەکەیان.
(هێسمانی ڕۆژھەڵاتناس)، هەوڵێکی زانستی زۆر گەورەیدا بۆ گونجان لەنێوان (کورتیخ) و ناوی (کورتیو)، هەرچەندە لە ڕووی ڕێزمانەوە هەریەک لە (هارشمان و نولدکە) جیاوازی لەنێوان ئەو دووە دەکەن، ئەو هەوڵەی ئەوانیش ڕێگە لەوە ناگرێت کە دوو شێوە جیاواز بن.
(نولدکە) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو زەویەی (قاردۆ - Qardo) تێدا نیشتەجێببوون زۆر سنووردار بووە، بەڵام ئەو شوێنەی کە کوردانی ئەمڕۆ تێدا دەژین زۆر لەوە بەرفراوانتر بووە.
لەبەرئەوە دەڵێت: وشەی (کورد - Kurd) لە وشەی (کیرتی - Kyrti) هەڵێنجراوە، کە ڕووبەرەکەی زۆر فراوانە. ناوچەکانی (پارس و میدیا) واتە ئەو ناوچانەی کە نیشتیمانی کوردانن دەگرێتە خۆ. بەڵام هیچ بەڵگەی نیە لەسەر بەکارهێنانی وشەی (کیرتی) بە شێوەیەکی بەرفراوان.
(نولدکە) گروپی سێیەمی داناوە و دەڵێت (کارتاتوای - Kartatuay)بە زمانی ئارامی و کارتاویە بە زمانی عەرەبی واتای تەواوی قەومی کورد دەگەینێ.
ئەو ناوانەی کە لە سەرچاوە عەرەبییەکانەوە هاتوون، کاریگەری زمانی سیریانییان لەسەرە وەک (ئیبنی عیبری) (کارداوی)یەی بەکارهێناوە، بەڵام قەشە (مشەیخازەخا)، کە لە سەدەی پێنجەمی زاینییدا مێژویی هەولێری نووسیوەتەوە باس لە هێرشی فارسییەکان بۆ مەملکەتی (حدیابی یەکگرتوو) لە ناوڕاستی سەدەی دووەمی زایینی، لە دژی گەلی ڕاپەڕیوی (کاردۆی) چیانشین دەکات، کە چۆن توانیان چۆکیان پێدابێنن و هەرەسیان پێبهێنن.
هەروەها (ئارامی) و (عیبری)ش کاری کردووەتە سەر ئەو ناوانەی کە لە ژێدەرە عەرەبییەکان ئاماژەیان پێکراوە، وەک (تەبەری) و (ئیبنی ئەسیر) بۆ دیاریکردنی هەندێک شوێنی جوگرافی وەک: جەزیرەی ئیبنی عومەری (بۆتان) دەڵێت: (باکردا)، یا (باقردا)، یا (باعەزرا)، یا (بازبدا)، ئەو (با)یە ئارامییە بە واتای ماڵ یان ناوچە دێت.
وشەی کورد لە زمانی عیبری نزیکە، وەک لە زمانی ئارامی و سریانی و عەرەبی.
(ئونکلوس - Ongelos) ناوی چیای (ئارارت) بەناوی (کاردۆ) ناوزەد دەکا، کە ئەو چیایە کە کشتییەکەی حەزرەتی نۆح سەلامی خوای لێبێ لەنگەری لەسەر گرت.
ناوەکە بە وەرگێڕدراوی عەرەبییەکەی (قاردۆ - Qardo) بە عیبریەکەی بە شێوەی (قاردۆن - Qardun) دەرکەوتووە.
لە دەقەکانی (پەیمانی کون)دا، هەمان جێگا پێدەوترێ (کاردا - Qarda) بە دانیشتوانەکەشیان وتووە (کارداوییە - Qardawayya)، عیبری کۆنیش (کاردوایین - Qardawayin).
ئەو ناوە، (یوسیفۆس فلافیۆس) سی و حەفت تاکوو سەدی پێش زایین (٣٧-١٠٠پ.ز) بە شێوەی (کاردون) تۆماری کردووە.
لە ڕاستیدا ئەمانە لە شێوەی جیاوازن بۆ یەک ناو، کە تەنیا ئەو شوێنە دەگەینێت کە (زەینەفۆن) باسی کردووە و دەتوانین بڵێین ئەو شوێنەی کە قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێدەکات چیای (جوودی یان گوتی) لەکاتی وەستانی کەشتییەکەی (پێغەمبەر نۆح. سەلامی خوای لەسەربێ). لە وڵاتی (کورد و قردۆ). هەمان ئەو شوێنەیە کە ئاماژەمان پێدایە لە پەڕاوی: (لایف ئوف ماریابلانا - Life of maryobhalana) سیریانی دەڵێت (کارتاویە - Kartawye) هەمان ئەو ناوەیە کە (عیبرییەکان و کلدانییەکان) پێی دەڵێن: (کوردایە). فارسەکانیش پێی دەڵێن (کورد - Kurd). ئەو (کورداویانە) دانیشتوانی چیانشینن، بە کورد ناسراون. ئەمە ئەو تێبینییەی (نولدکە) دەسەلمێنێت، کە بۆ دیاریکردنی بنەچەی ئەو چیایانەی کە بۆ سووریا درێژ دەبێتەوە. بە سیریانی (تاڵەد قوردایە Tallad Qurdaya) هاتووە. لووتکەی (قاردایە) واتا لووتکەی کورد دەگەینێ.
دیارە وشەی کورد وەک ئینتی بۆ یەکەم جار لەلایەن فارسەکانەوە لە سەردەمی ساسانییەکان سەری هەڵداوە، کە مێژوونوسە عەرەبەکانیش لەوانیان وەرگرتووە. لەوانیشەوە بۆ زمانەکانی بیانی وەرگیردڕاوە.
وشەی کورد ڕەگێکی مێژوویی قۆڵی هەیە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەموو شێوەزارێک واتای کۆمەڵێک ئادەمیزاد، تایبەتمەندیی نەتەوەی دیاریکراوی هەیە کە کوردستان نیشتیمان و جێگایانە.
لە سەردەمی (بارسییەکان، ئەشکانییەکان)، ئەم ناوە پەیوەندی بە تێگەیشتنی بنیادنەری ئابووری و کۆچەری هەبووە. وەک پاشای بارسی (ئەردەوانی پێنجەم) وەک ئاوەڵناوێکی کۆچەری دەداتە پاڵ پاشای ساسانی، (ئەردەشێری کوڕی بابەک)، کە دەڵێ "أیها الکردي المُربّی في خیمل الاکراد". ((ئەی کوردی پەروەردەکراو لەخێوەت و شوێنی کوردان)).
دیارە، ئەم ناوە بە زمانی (پەهلەوی) دەلالەتێکی گشتییە، کە بە هەموو هۆزێگی کۆچەری و هەموو قەۆمێک دەوترێ. بەڵام گومانی تێدا نییە (کورد-ئین) ناوچەیەکی جوگرافیی بووە بۆ کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێ، کە رژێمی سیاسی و بەڕێوبردنیان هەبووە، ناسراو بووە بە وڵاتی (کورد و ئین). لە سەردەمی (هێلینی و مەسیحی) و دانیشتوانەکەشی کورد بوونە.
لەوەوە بۆمان دەردەکەوێ. ئەو گۆرانکاری و پەرەسەندنە جیاوازانەی بە درێژایی مێژوو بەسەر وشەکەدا هاتووە، بەپێ زمان و ئاخافتنی ئەو گەلانە بووە، کە لە پاشماوە و ژێدرەکانیان ئاماژەیان پێکراوە، لەگەڵ هەبوونی جیاوازییەکی کەم.
ئەمەش دیارە بە پێی شێوەزاری دراوسێکانیانەوە بووە، بەڵام لە بنەڕەتدا هەمان مانا-واتای هەبووە، وەک ئاشوورییەکانی ئەمڕۆ پێیان دەڵێن: (قوردایە) و عەرەبەکانیش (اکراد) و فارسەکانیش (کردها) و تورکەکانیش (کیورتلەر - Kürtler)یان پێ وتوون.
No comments:
Post a Comment