خەوننامەی کوردی، بەشی دال؛ ددان-دیان:

خەوننامەی کوردی، بەشی دال؛ ددان-دیان:

 دانیاڵ پێغەمبەر دەفەرمێ: بینینی ددان لەخەودا، ئەندامانی خێزانی خاوەن خەوەکەیە و ددانەکانی سەرەوە نیشانەی نێرینەیە و ددانەکانی خوارەوەش نیشانەی مێنیەیە و ددانەکانی پێشەوەی لاتەنیشت (کەڵبەکان) نیشانەی منداڵ و خوشک و براکان، یان نیشانەی دایک و باوکە و ددانەکانی تەنیشتی کەڵبەکان، نیشانەی خەم و منداڵەکانی و کرێکارەکانییەتی.

ددانەکانی تری تەنیشتی کەڵبەکان کە دەکەنە چوار ددانی پێشەوە، نیشانەی بنەماڵە و گەورەیی و خانەدانییە و ددانەکانی تر نیشانەی خاڵوان و منداڵەکانی خاڵوانن و ددانەکانی دواوەش کە پێیان دەگوترێت خرێیەکان، نیشانەی خزم و کەسە دوورەکانە و هەندێک لە لێکدەرەوانی خەو دەڵێن: ددانەکانی پێشەوە و ئەوەی لە لاتەنیشتەکانە (مەبەستی کەڵبەکانە-وەرگیڕی کوردی)، نیشانەی دایک و باوکە. ئەگەر بینی ددانەکانی پێشەوەی دەلەقێن، واتە لەو کۆمەڵە کەسانەی کە باسمان کردن، یەکێکیان نەخۆش دەکەوێت.

ئیبن سیرین دەڵێ: ئەگەر دیتی ددانی پێشەوەی کەوتە ناو لەپی-کەفی دەستەکانی، یان کەوتە خوارەوە و کەوتە سەر زەوی و نەچوو لە خۆڵەوە، واتە یان منداڵێکی دەبێت، یانیش برایەک یان خوشکێکی بۆ زیاد دەبێت.

ئەگەر بینی ددانی پێشەوەی کەوت و لەناو خاک و خۆڵ ون بوو، واتە لەو کۆمەڵە کەسەی باسمان کردن، یەکیان دەمرێت یانیش لێیان جیا دەبێتەوە، بەجۆرێک کە کەس هەواڵی نازانێت. ئەگەر بینی هەندێ لە ددانەکانی شکا یان لەناو چوون، واتە یەکێ لەو کەسانە تووشی بەڵا و موسیبەت دەبێت. ئەگەر دیتی ددانی پێشەوەی ماندوو بوو، واتە لەگەڵ یەکێ لەو کەسانە ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان. ئەگەر دیتی یەکێ لە ددانەکانی پێشەوەی هەڵکێشرا، واتە قسەی ناشرین بە یەکێ لەو کۆمەڵە کەسە دەڵێت و دووبەرەکی دەکەوێتە نێوانیان. ئەگەر بینی ددانەکانی پێشەوەی زیادی کرد، یانیش باش و خاوێن بوونەوە، نیشانەی خێر و خۆشی و زۆری رزق و ڕۆزی و دەسەڵاتی یەکێ لەو کۆمەڵە کەسانەیە کە باسمان کرد.

ئەگەر بینی لە تەنیشت ددانەکانی پێشەوەی، ددانی زێڕین هەیە، نیشانەی ئەوەیە کچێکی دەبێت.

ئەگەر بینی ددانەکانی لە شووشە بوون، یان لە مس یانیش لە سواڵەت و شتی لەو بابەتە بوو، واتە کاتی مردنی نزیک بووەتەوە.

ئەگەر بینی ددان لە دڵیدا ڕوواوە، واتە زوو دەمرێت و هەندێ لە لێکدەرەوانی خەو دەڵێن: کەوتنی ددان، دانەوەی قەرزە و هەندێکیش دەڵێن زوو دەمرێت و هەندێکی تریش دەڵێن: نیشانەی شەڕ و ناکۆکییە.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەو ددانانەی سەرەوە کە لە ئاستی چاوەکاندایە، نیشانەی نێرینەیە و ئەو ددانانەی خوارەوە کە بە چەناگەوە بەستراونەتەوە، نیشانەی مێینەیە.

ئەگەر بینی هەموو ددانەکانی کەوتنە خوارەوە و پاشان هەموویانی خستەنێو لەپی دەستیەوە، واتە هەموو خزم و کەسەکانی لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و ناهێڵێ کەسیان لێ دوور بکەونەوە.

ئەگەر دیتی ددانەکانی بۆنیان خۆش بوو، واتە خزمەکانی باسی چاکەی ئەو دەکەن. ئەگەر خەوەکەی بە پێچەوانەوە دیت، واتە خزمەکانی لە پاشەملە باسی خراپەی دەکەن.

ئەگەر بینی ددانی دێشا و هەڵی کێشا، واتە پارە و سامانی دەست دەکەوێت.

ئەگەر بینی ددانی ڕەش بوویەوە، واتە تووشی خەم و مەینەتی دەبێت.

ئەگەر دیتی ددانەکانی کەوتن و لە پەڕۆیەکی کۆنەی پێچا، واتە ئەوەندە تەمەنی درێژ دەبێت کە هەموو وەچە و نەژادەکانی خۆی لە گۆڕ دەنێت.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر بینی ددانی ئازاری هەبوو و ددانی بەدەستەوە گرت، واتە قازانجی دەست دەکەوێت کە قازانجەکە لە سی درهەم کەمتر نابێت و لە سەد درهەمیش زیاتر نابێت، بەڵام ئەگەر بە دەستی چەپی ددانەکانی هەڵگرت، ئەوا قازانجەکە لە سێ سەد درهەم کەمتر نابێت و لە دە هەزار درهەمیش زیاتر نابێت.

ئەگەریش بە هەردوو دەستی ددانەکانی هەڵگرت، واتە پارە و سامانی ئێگجار زۆری دەست دەکەوێت.

ئەگەر بینی بە دەم، ددانی خوێناوی-خوێناوڵی هەڵگرتبوو، ئەوا قازانجەکە بۆ ئەو کەسەیە کە ئەو ددانەی هەڵگرتووە، بەڵام زیانی بۆ بینەری خەوەکە هەیە.

ئەگەر بینی هەندێ لە ددانەکانی دیار نەمان، واتە بە ئەندازەی ددانەکان، هەندێ لە خزمەکانی دوور دەکەونەوە بۆ دوور وڵات و بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە.

ئەگەر بینی هەموو ددانەکانی لەسەر زمانی کۆبوونەوە و دوواتر چوونەوە جێگاکانی خۆیان، واتە خزمەکانی گلەیی و گازەندەیان لەو هەیە.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینینی ددانەکان لەخەودا، شەش واتای هەیە.

یەکەم: ئەندامانی خێزان. دووەم: پارە و سامان. سێیەم: قازانج. چوارەم: خەم و مەینەتی. پێنجەم:خەرجی. شەشەم: دووبەرەکی و جیاوازی لە نێوان خزمان.

تعليقات