بۆچی ناتوانرێت پێش ٦ مانگی، ئاو بدرێتە منداڵی ساوا (کۆرپە)؟

 بۆچی ناتوانرێت پێش ٦ مانگی، ئاو بدرێتە منداڵی ساوا (کۆرپە)؟

باشترین خۆراک بۆ کۆرپە تا تەمەنی ٦ مانگی شیری دایکە. لە لەدایکبوونەوە تا تەمەنی شەش مانگی، جەستەی منداڵەکە بەتەواوەتی گەشە دەکات. بەزۆری لەم تەمەنەدا گورچیلە و کۆئەندامی هەرس بەتەواوی کاری خۆیان ئەنجام نادەن. پێدانی ئاو بە منداڵ لەم تەمەنەدا گەدە پڕ دەکات و ئارەزووی کۆرپە بۆ شیری دایک کەم دەکاتەوە. هەروەها نەخواردنەوەی شیری دایک لێکەوتەی جددی لەسەر تەندروستی کۆرپە هەیە. ئاو بە زۆری کانزاکانی وەک سۆدیۆم لەخۆدەگرێت. لەگەڵ چوونە ژوورەوەی ئاو بۆ گەدەی کۆرپە، بڕێکی زۆر سۆدیۆم دەچێتە ناو جەستەی کۆرپەکە. سۆدیۆم دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی خۆراک و تەنانەت دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ بچێتە حاڵەتی لەهۆشچوون.

شەش خاڵی نەرێنی کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە کۆرپە ئەگەر بێت و ئاوی پێ بدرێت پێش شەش مانگی:

یەکەم: گێژی.

دووەم: لاوازی.

سێیەم: خەوی ئاڵۆز.

چوارەم: ڕشانەوە و دڵ تێکهەڵچوون.

پێنجەم: هەناسە تەنگی.

شەشەم: دروستبوونی گرژی لە ماسووکەکان.

بەڵام ئەگەر بێت و منداڵێک شیری دایکی نەگرت، ئەوا لە ژێر چاودێری دکتۆری پسپۆر دەتوانرێت، بەو ڕێنمایانەی کە لەسەر قتووی ئەو شیرەی کە دکتۆر بۆی نووسیوە، ئاوی ماڵان بکوڵێنێت ساردی بکاتەوە و بەگوێرەی ڕێنمایەکان لە گەڵ شیرە وشکەکە تێکەڵی بکات، هەتاکوو دەگاتە چوار تاکوو شەش مانگی، ئەوجا دەتوانێ خۆراکی یارمەتیدەر وەک سووپ و هەندێک خواردنی شلەمەنی بداتە کۆرپەکە.

ئەو کۆرپانەش کە شیری دایک دەخۆن بەڵام کێشیان زیاد ناکات، بەهەمان شێوە دەتوانن شیری قتوو بە منداڵەکانیان بدەن و دابینی بکەن، بەڵام لە ژێر چاودێری دکتۆری پسپۆر و بەو ڕێنمایانەی کە لەسەر قتووەکە نووسراوە.

مافی ئەم بابەتە پارێزراوە بۆ ماڵپەڕی کوردزانست.

تعليقات