خەوننامەی کوردی، بەشی ئەلف؛ ئاوێنە:

خەوننامەی کوردی، بەشی ئەلف؛ ئاوێنە:


ئیبن سیرین دەڵێ: ئاوێنە لە خەودا، پلە و پایە و گەورەییە.

ئەگەر بینی ئاوێنەی بە کەسێک دا، ئەوا ماڵ و ژیاری خۆی دەسپێرێ بە کەسێک.

ئەگەر لە ئاوێنەدا سەیری زیوی دەکرد، کارێکی نەخوازراوە و لە پلە و پایەکەیدا خۆی دەبینێتەوە، چونکە لێکدەرەوانی خەو، زیو بە نەشیاو و خراپ دەزانن.

ئیبراهیمی کرمانی دەڵێ: ئەگەر پیاوێک تەماشای ئاوێنەی ئاسنینی دەکرد، ئەگەر ژنەکەی دووگیان بوو، کوڕی دەبێ، کە لە ڕووی هەموو شتێکەوە لە باوکی دەچێ.

ئەگەر ژنێک بینی تەماشای ئاوێنەی دەکرد و سک پڕ بوو، ئەوا کچێکی دەبێ کە لە ڕووی هەموو شتێکەوە لە دایکی دەچێ، ئەگەریش سکی پڕ نەبوو، ئەوا مێردەکەی تەڵاقی دەدات و ژنێکی تر دەخوازێ و ژنەکەش شوویەکی تر دەکاتەوە.

ئەگەر کوڕ دیتی کە سەیری ئاوێنە دەکات، ئەوا برایەکی بۆ دێتە دونیا و ئەگەر کچ بینی تەماشای ئاوێنە دەکات، خوشکێکی بۆ پەیدا دەبێت.

ئەگەر حاکم و فەرمانڕەوا یان بەرپرسێک تەماشای ئاوێنەی دەکرد، ئەوا لەسەر کار لادەبرێ و دەسەڵاتی لێ وەردەگیردرێتەوە و کەسێکی تر لە جێگای دادەنیشێت.

جابری مەغریبی دەڵێ: ئەگەر لە خەودا ڕوومەتێکی چاکی بینی، ئەگەر ناسراو بوو، ئەوا نیشانەی فەرمانڕەواییە، ئەگەر نەناسراو بوو، لێکدانەوەی بە چاک و خراپ، هەرچییەکی دەیبێ، دەگەڕێتەوە بۆ کەسی ناو ئاوێنەکە.

ئیمام جەعفەری سادق دەفەرمێ: بینی ئاوێنە لە خەودا، شەش لێکدانەوەی بۆ دەکرێ:

یەکەم: ژن. دووەم: کوڕ. سێیەم: پێگە و پلە و پایە. چوارەم: یار و دۆست. پێنجەم: شەریک و هاوبەش. شەشەم: کاری ڕۆشن.



تعليقات