بەشی نۆزدەیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ ڕاگواستنی بارزانییەکان:

بەشی نۆزدەیەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ ڕاگواستنی بارزانییەکان:


هەر لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو کەوتنە بەر پەلاماری لەشکری پیادەی عێراق، بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگیەکانی ئینگلیز، چەندین گوندیان وێرانکرد و دانیشتوانەکەیان بەرەو تورکیا ڕایانکردووە.

ئەم دەڤەرەش هەر وەکوو دەڤەرە کوردنیشیەکانی تر، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ئازادیخواز، حکوومەتەکانی عێراقی هەموو ڕێگایەکیان گرتووەتە بەر بۆ لێدان و لە ناوبردن و ڕاگوێزان و بەتاڵان بردنی ماڵ و سامانی دانیشتووانەکەی.

هەرجارەی ناو ناتۆڕەیەکی جیاوازیان دەخستە پاڵ گەلی کورد، هەر جارەی بە بیانۆیەک، جارێک بە ناوی جیابوونەوە و جارێک بە ناوی کرێگرتەی وڵاتانی بیانی و دەورووبەر، بۆ ئەوەی ببێتە بەهانەیەک بۆ ڕێخۆشکردن و لێدانی ناوچە کوردنشینەکان وجێبەجێکردنی مەبەستەکانیان، لە بەعەرەبکردن و تواندنەوەی گەلی کورد لە قاوغی نەتەوەی عەرەبیدا، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ هێرش و پەلەمارەکان توندتر دەبوونەوە و قوربانی زۆرتر و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیش زیاتر دەبوون.

بارزانییەکان لەم هێرشانە پشکی شێریان بەرکەوتووە، چەندین جار لە زێدی باب و باپیرانیان ڕاگوێزراون و تاڵانکراون.

هەر لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوو کەوتنە بەر پەلاماری لەشکری پیادەی عێراق، بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگیەکانی ئینگلیز، چەندین گوندیان وێرانکرد و دانیشتوانەکەیان بەرەو تورکیا ڕایانکردووە.

لە تشرینی یەکەمی ١٩٤٥، دیسان دانیشتوانەکەی جارێکی تر گوندەکانیان وێرانکرایەوە و ژمارەیەکی زۆریان ئاوارەی ئێران بوون.

لە نیسانی ١٩٤٧ جارێکیتر ئەو خەڵکەی مابوونەوە، لە ژن و منداڵ و پیر لە (دیانا) دەسبەسەر کران، پیاوەکانیش بۆ بەندیخانەکانی (کەرکووک، موسڵ، بەغدا و بەسرە) ڕاگوێزران، بۆ چەند ساڵێک لەوێ مانەوە، پاشان خێزانەکانیان بەسەر گوندەکانی دهۆک و هەولێر دابەشکران.

لە دوای ڕکەوتننامەی جەزائیر، کە لە نێوان شای ئێران و حکوومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٧٥ لە دژی بزووتنەوەی گەلی کورد مۆرکرا، بووە هۆی شکستپێهێنانی بزووتنەوەکە.

حکوومەتی عێراق ئەم هەلەی قۆستەوە و کەوتە گیانی گەلی کورد بەگشتی، بارزانییەکانیش بەشێک بوون، کەوتنە بەر ئەم شاڵاوە نامرۆڤانەیە.

لە دوای ساڵی ١٩٧٥ پڕۆسەی ڕاگواستن فراوانتر کرا، هەندێکیان بەرەو ئێران ڕۆیشتن و هەندێکیشیان گەڕانەوە ناو کوردستان.

ئەوانەی لە ئێران گیرسانەوە، لە کۆمەڵە سنووریەکانی نزیک عێراق نیشتەجێکران، بەتایبەتی ئۆردۆگای زێوە، کە چەندین جار لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق بە ناپاڵم بۆردومانکرا، لە ئەنجامی ئەو پەلامارە قوربانی زۆری لێکەوتەوە.

ئەو کەسانەش کە گەڕانەوە کوردستان، ڕژێم بەرەو بیابانەکانی باشووری عێراق ڕایگواستن، لە پارێزگای دیوانیە، ناحیەکانی( جحیش، خیریە و مەجوجیە) لە کۆمەڵگا نیشتەجێکران.

لە دوای خۆشیان گوندەکانیان وێرانکرا و فەرمانیش درا هەر کەسێک بگەڕێتەوە گوندەکان لە سێدارە دەدرێت.

ئەو خەڵکەش کە لە ناوچەکەدا مابوونەوە بۆ کۆمەڵگە زۆرە ملێیەکانی هەریر و دەورووبەری هەولێر ڕاگوێزران و گوندەکانیشیان لەگەڵ زەوی تەختکران.

بارزانییە ڕاگوێزراوەکانی دیوانییە، لە ساڵی ١٩٨٠ گەڕێندرانەوە کۆمەڵگە زۆرە ملێیەکانی قوشتەپە لە هەردوو کۆمەڵگای (قودس و قادسیە) نیشتەجێکران، بە بێ هیچ پێویستیەکی مرۆیی.



تعليقات