بەشی سی و سێیەمی هاوسەرێتی و ژیانی جنسی، قۆناغی بێ ئۆمێدی (هەناسە ساردی):

بەشی سی و سێیەمی هاوسەرێتی و ژیانی جنسی، قۆناغی بێ ئۆمێدی (هەناسە ساردی):


قۆناغی بێ ئۆمێدی ژن بریتییە لە بڕانی خوێنی مانگانە و کۆتایی هاتنی (تۆو دانانەوە)، کاتەکانی بێ ئۆمێدی بە هۆی شوێن و ڕەگەز جیاوازی هەیە، بە شێوەیەکی گشتی (٧٠) لە سەدی ژنان لە نێوان ساڵەکانی (٤٠-٥٠)ساڵی پێ دەنێنە قۆناغی بێ ئۆمێدییەوە، هەروەها ژنانی مێرددار درەنگتر لە ژنانی نەزۆک بێ ئۆمێد دەبن.

لە وڵاتە گەرمە سێرەکاندا قۆناغی بێ ئۆمێدی درەنگتر و بە پێچەوانەوە لە شوێنە ساردەکاندا زووتر دەست پێ دەکات، بە شێوەیەکی گشتی پێش ئەوەی کاتی بێ ئۆمێدی دەست پێ بکات ماوەی چەند ساڵێک خوێن دیتنی ناڕێک و خوێنی مانگانە کەم کەمە زیاد دەکات و ماوەی دیتن درێژتر دەبێتەوە تا بە تەواوی دەبڕێ و ژن بێ ئۆمێد دەبێت.

قۆناغی بێ ئۆمێدی دەشێ بە ڕێگای دەست کردیش بێت، ئەویش بە دەرهێنانی هێلکەدان بە هۆی کرداری برین پێچییەوە (جراحی).

لە لای هەندێک لە ژنان بێ ئۆمێدی بێنیشانە نەخۆشییە و بە پێچەوانەشەوە لە ژنی بێ حەوسەڵە و کەم دەماغدا ناڕەحەتی توندترە، ئەوەش بڕانی تەڕی ناوەوەی هێلکەدانە.

ناڕێکی خوێن دیتن و خوێن دیتنی ناوەخت و ئارەق کردن و گەرم و ساردی لەش و سەرگێژە و لێدانی دڵ و سەرئێشە و …هتد، لە نیشانەکانی بێ ئۆمێدین.

لەو قۆناغەدا ژن هەستیار و تووڕەیە و مەیلی جنسی لە ناو دەچێت و ڕشانەوە و بێ هێزی دای دەگرێ و منداڵدان یان ئەندامی جووت بوونی بچووک دەبێتەوە و شێوەی سرووشتی خۆی لە دەست دەدات و کار دەکاتە سەر ئاسانی ئەرکی (جووت بوون-ئاوێزان) و مەمکەکان شل و شۆڕ دەبنەوە.

بە گشتی قۆناغی بێ ئۆمێدی ژن یان هەناسە سواری، قۆناغێکە کە ژن تێیدا لە کرداری سووڕی مانگانە دەکەوێت و چیدی زگ و زا ناکات، ئەوەش لە ئەنجامی دروست نەکردنی هێلکەیە لە لایەن هێلکەدانەکانەوە.

دەست نیشان کردنی هەڕەتی هەناسە ساردی بە ئاسانی دیار ناکرێت مەگەر دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر ون بوونی سووڕی مانگانەدا، نیشانەکانی هەناسە ساردی لە ژنێکەوە بۆ ژنێکی تر دەگۆڕدرێت، بەڵام بە گشتی تایەکی گەرم و ناو بە ناویان دێتێ و هەست بە ئازار و بێزاری دەکەن، لەو بارەدا پێدانی دەرمانی (ئیسترۆجین – Estrogen) مانگی یەک دەرزی، کرداری جنسی درێژتر دەکاتەوە، کە لە کەمی ئیسترۆجین لە لەشدا ڕوو دەدات.

پیتێن: بریتییە لە یەکگرتنی ناوکی تۆو و ناوکی هێلکۆکە و دروست بوونی هێلکەی پیتراو.



تعليقات