کوژرانی پاسدارێک بە دەست هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی سەوڵاوا.

پاسدارێکی خەڵکی قۆروە لە سنوورەکانی سەوڵاوا لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.


کاتژمێر ١١ی شەوی چوارشەممە (١٩ی پووشپەڕی ٢٧١٩/ ١٠ی ژئوئیەی ٢٠١٩) گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە بەرزاییەکانی کۆساڵان لەگەڵ سوپای پاسداران دەرگیر بوون.
لە ئەنجامی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا ئەندامێکی سوپای پاسداران بە ناوی محەممەد ئەحمەدی خەڵکی قۆروە کوژراوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ یەک لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بەرپرسیارێتی ئەو شەڕەیان بە ئەستۆ نەگرتووە، لەلایەکی دیکەوە سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ئەو پاسدارە لە کاتی بە جێگەیاندنی ئەرکەکانی و بە هۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراوە.
لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٦ پاسدار لە تێکهەڵچوون لە شارەکانی پیرانشار، سەوڵاوا و جوانڕۆ کوژراون و ٣ پاسداری دیکەش بریندار کراون.
تێبینی: سەرچاوەکانی هەنگاو تێکهەڵچوون لەو ناوچەیان پشت راست کردووەتەوە، بەڵام تەقینەوەی “مین”یان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

تعليقات