لە زوونی سەوز تەقە لە بارەگای پارتێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ


لە زوونی سەوز تەقە لە بارەگای پارتێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ

لە شاری سلێمانی، تەقە لە بارەگای یەکێک لە باڵەکانی کۆمەڵە کرا و بەرپرسێکی ئەو حزبەش ئاشکرای کرد کە بەهۆی ئاڵۆزیی دۆخی ئێرانەوە، خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادە کردووە.
نیوەشەوی ڕابردوو، لە گەڕەکی بەکرەجۆی نێو شاری سلێمانی، تەقە لە بارەگایەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کرا. لەمبارەیەوە فەرزین کەرباسی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان لە سلێمانی، ڕایگەیاند، لەو بارەگایەدا جگە لە کاروباری پەیوەندییەکان، چەند بنەماڵەیەکیش دەژین، شەوی ڕابردوو لە ئۆتۆمبێلێکی ڕەشەوە دوو دەستڕێژی گوللە لە بارەگاکەیان کراوە و گوللەکان بە ئاسماندا چوون. دواتر هێزێکی ئاسایش گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوان ترسی ئەوەیان هەبووە، تەقەکان تەڵەیەک بووبێت، تاوەکوو زیانێکی گەورەتریان لێ بدەن، بەڵام ”خۆشبەختانە هیچ شتێکی خراپتر رووی نەدا“.
لەبارەی مەترسییەکانی باڵەکانی کۆمەڵە بۆ پەلاماردانیان لەلایەن ئێرانەوە، فەرزین کەرباسی ئاشکرای کرد: ”هەموو شتێک لە ئێران چاوەڕێ دەکەین، ئێران خۆی لە ناوخۆ و لە دەرەوە لە دۆخێکی ئاڵۆز دایە، بەڵام ناچارین هەوڵەکانی خۆمان بگۆڕین و ڕێوشوێنی تەواوی خۆمان گرتووەتە بەر“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێ ئارامیی هەرێمی کوردستان و ئاسایشەکەی بپارێزرێت، ”ئێمە هەوڵمان داوە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بپارێزین و خۆمان و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی خۆمان دەزانین. داوامان لە پارتی و یەکێتی هەیە کە ئاسایشی ئێمە بپارێزێت. ئێمە هیچ گلەییەکمان نییە، بەڵام دوژمنەکەمان ئەوە ناپارێزێت و کاری خۆی دەکات، ئێمەش تا ئەو شوێنەی بتوانین، بەرگری لە خۆمان دەکەین“.

تعليقات