بەشی چوارەم؛ قۆناغی دەستوور:

بەشی چوارەم؛ قۆناغی دەستوور:
لە پێناو زیاتر ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵ، یاسا پەرەی سەند و دەستووری لێکەوتەوە، کە بە سەرچاوەی یاساکان دەمژمێردرێت لە دەوڵەتەدا و لە کۆمەڵە بنەمایەکی یاسای گشتگیر پێکدێ و جۆری سیستەمی دوڵەت دیاریدەکات، پسپۆرێتی دەسەڵاتەکانی (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) و سەربەخۆبوونی هەر یەکەیان و جیابوونەوەیان لە یەکتری، ئازادییەکانی تاکەکەس و ئەرک و مافیان، دەست نیشان دەکات.

هەر کۆمەڵێک دەوڵەتی هەبێ، جا قەبارەی دەوڵەتەکە هەرچەندێک بێ، بۆ ڕێکخستنی پێوەندییەکانی پێویستی بە ڕیسا و یاسا دەبێ، هەر ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی زانستی دەستوور. وشەی دەستوور لە بنەڕەتدا وشەیەکی لاتینیە بە واتای فرمانی “ئەباترەکان ڕۆما” دەبیت، لە زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسدیدا (کانسێتیشن) لە زمانی کۆردیدا (دەستوور)ی پێ دەگوترێ و بە چەند جۆرێکیش پێناسەکراوە.

بەو پێییە پێوەندییەکانی تەواو لە نێوان دەستوور و مافی مرۆڤدا هەیە، چونکە لە لایەک دەستوور سەرچاوەی یاساکانە و مافەکان دەستەبەر دەکات و دەیانپارێزێت و دەیانکاتە مافی دەستووری، لە لایەکی تریشەوە لە ناو یاساکاندا دەیانچەسپێنێت، کە ئەمیان وادەگەینێت پێشێلکردنی هەر یەکێک لەو مافانە، گەر دەسەڵاتیش بیکات پێشێلکردنی دەستووری لیکدەکەوێتەوە. هەر لە چوارچێوەیەیشدا لە زۆربەی وڵاتاندا مەرجێکی دەستووری وا دادەنێن تا لە کاتی گۆڕانکاریکردن و چاککردنی بەندەکانی دەستووردا بە هیچ شێوەێەک دەستکاری ئەو مافانە نەکرێت و لێیان کەم نەکرێتەوە.
هەر لە هەمان بواردا، لە وڵاتاندا دادگایەکی باڵا بە ناوی” دادگای باڵای دەستوور”ەوە هەیە، ئەو دادگایە چاودێری جێبەجێکردنی دەستوور و پاراستنی ئەو مافانە دەکات کە تیایدا هاتوون، دەسەڵاتی هەڵوەشانەوە وپوچەڵکردنەوەی هەر یاسا و ڕێسا و هەڵسوکەوتێکیشی هەیە کە بە پێچەوانەیانەوە بێت.

دەستوور خاوەنی چەند گرنگییەکە لەوانە:
١- دانانی سنوورێک بۆ دەسەڵاتەکان (یاسا دانان، جێبەجێکردن، دادوەریی) و جیاکردنەوەیان لە یەکتری.
٢- دەستوور سەرچاوەیەکە بۆ سەرجەم یاساکان.
٣- دیاریکردنی دەسەڵاتی هەریەک لەو دەسەڵاتانەی سەرەوە.
٤- دەستوور زانستێکی یاساییە بۆ ئازادییە گشتییەکان و مافەکانی تاکە کەس.
٥- دەستوور زانستی بەشداربوونی هەموو کۆمەڵە سیاسییەکان دەکات لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.

لە بەر ئەوەی بەندەکانی دەستوور لە دەوڵەتدا، خاوەن پیرۆزیی و گرنگییەکی گەورەن، پێویستە بە جۆرێک دابڕێژرێت کە زۆرینەی مافەکان مسۆگەر بکات و ببێتە پاڵپشتێکی گەورە بۆ چەسپاندنیان، ئەوەش و دەکات دڵنیایی و ئارامیی لای کۆمەڵ دروستبێت و تاکی کۆمەڵیش ترسی زەوتکردنی مافەکانی لە لایەن دەسەڵاتەوە بڕەوێتەوە.

تعليقات