شێست و پێنج؛ بیروباوەڕە ئایینیەکان:

ئادەمیزاد لەو باوەڕەدابوو، کە ئاسمان خواوەندی خۆی هەیە، زەویش خواوەندی خۆی، هەوا و باران بارین و ئاو هەریەکیان خواوەندی خۆیان هەیە.
لە سەردەمی بەردینی کۆن مرۆڤ جۆرێک لە پەرستنی بۆ خۆی دۆزیوەتەوە و دایبەزاندووە. وێنەی ئاژەڵی دەکێشا کە لە کاتی ڕاو کردندا بە تیر پێکراوە، لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان ئەم جۆرە وێنانەی دەکێشا، دیارە مرۆڤ وای باوەڕ دەکرد ئەم وێنەیە یارمەتی دەدات بە ئاسانی لە راوکردندا ئاژەڵە کێویەکان ڕاوبکات، چونکە سەرچاوەی خۆراکی ئەوبوون.



پاشان لە سەردەمی بەردینی نوێدا، ئادەمیزاد فێری کشتوکاڵ و ئاژەڵ بەخێوکردن بوو، ئیتر بەرهەمە خۆراکییەکانی زیادی کردووە، ئەم جارەیان بیری لە بەپیتی (خصوبة) و زۆر بوون (التکاثر) کردەوە.
باوەڕی وابوو کە زۆربوونی ژمارەی خێزان و ئاژەڵ و بەرهەمهێنانی دانەوێڵە بەندە بە چەند هێزێکی نەدیتراوەوە، کە لە شێوەی (خواوەندی مێ)بەرجەستەی دەکرد. بۆیە ئەندامەکانی زاوزێی لە وێنەی پەیکەری مێینەکان بە زێدەڕۆیی گەورەوە دروست دەکرد. ئەو پەیکەرانە لە قوڕ دروست دەکران، لای توێژەرەوەکان ئەو پەیکەرانە بە (خواوەندی دایک) و هێمامی(زاوزێ و زۆربوون) ناسراون.
(زۆربوون و زاوزێ) بوونە شتیکی ئاشنا بەلای مرۆڤەوە، بە هۆی زۆربوونی ژمارەیی دانیشتوان و گەشەسەندن و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و ئامرازەکانی، بەتایبەتی پاش گەیشتن و فێربوون لە گەشە پێدانی ڕێگاکانی ئاودێری.
بۆیە بیروباوەڕی مرۆڤ ڕووی لە هێزە سرووشتییەکان کرد، کە ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ژیانی مرۆڤ هەبوو، وەکوو(زەوی و هەوا و ڕۆژ و مانگ و ئەستێرەکان)، هەروەها بینی کە بەرز و نزمی زەوی و ئاو وهەوا و لافاو و نەخۆشیەکان…. هەموویان کاریگەریان لە ژیانی ڕۆژانەیان دادەنیت. بۆیە مرۆڤ بیری کردەوە کە چەند هێزێکی نەدیتراو لە پشتی ئەم هێزە سرووشتیانەدا هەیە و بزوێنەری ئەم هێزانەن، وەکوو جوڵەی ڕووکەشی (مانگ و ڕۆژ و هەسارەکان) و بەپیتی خاک و زریان، بۆیە لە شێوەی چەندین پەیکەردا خواوەندی بۆ ئەم هێزانە دروست کردووە لە بینای تایبەتدا دایناون، لە پەرستگاکان دەستی کردووە بە خزمەتکردنیان و پێشکەشکردن و دیاری و قوربانی بەو پێیەی ئەمانە خواوەندن.



ئادەمیزاد لەو باوەڕەدابوو، کە ئاسمان خواوەندی خۆی هەیە، زەویش خواوەندی خۆی، هەوا و باران بارین و ئاو هەریەکیان خواوەندی خۆیان هەیە.هەروەها جەنگ و خۆشەویستی و زەوەی کیڵان و نووسین و جیهانی ئەو دونیا بەلای ئەوانەوە خواوەندی خۆیان هەبووە؛ هەروەها هەر شار و نەتەوەیەکیش خواوەندی پارێزەری خۆیان هەیە.
دەتوانین لە بابەتەکانی داهاتووماندا “تایبەتمەندییەکانی” بیروباوەڕە ئایینیەکانی مرۆڤی دیرینی عێراق بە شیوەگەلێکی جوان پوختە باس بکەین……

تعليقات