بەشی دووەم: قۆناغەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ

بەشی دووەم: قۆناغەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ
پاراستنی مافی مرۆڤ بە پێی پەرەسەندن و بەرەو پێشەوە چوونی کۆمەڵی مرۆڤایەتی، ئەم قۆناغانەی بەخۆوە بینیوە: قۆناغی یاسا، قۆناغی دەستووری،قۆناغی نێودەوڵەتی:

قۆناغی دابونەریت:

دەتوانین بڵێین، مافی مرۆڤ بە شێوەی نەریت لە ناو کۆمەڵدا هەبووە، ئەوەش بە هۆی نەبوونی یاسای نووسراوەوە، لە بنەڕەتیشدا، نەریت لە دوو بنەمای سەرەکی پێک دێت:

یەکەم: بنەمای ماددی، بریتیە لە دووبارە کردنەوەی کردارێک یان نەکردنی کردارێک لە بۆارێکی دیاریکراودا.
دووەم: بنەمای مەعنەوی، بریتییە لە باوەڕهێنان بە کردن یان نەکردنی کارێک کە پابەند بوونی پێوە پێویستە.



لە کۆن کۆمەڵ لە چەند خێزانێک پێکهاتبوو، بۆیە کامیان خاوەن دەسەڵات و هێز بوایە، فرمانەکانی لای خەڵکەکە جێگای یاسای ئەمڕۆی گرتبۆوە.. ڕوودانی هەر گرفتێک لە کۆمەڵدا بەروە ڕووی ئەو دەکرایەوە و ئەویش بڕیاری خۆی لەسەر دەداو ئیتر کەسیش بۆی نەبووە بەرهەڵستی بڕیارەکانی بکات…دواتر ئەو خاوەن دەسەڵاتە لە هۆز و خێڵدا، ناوی سەروک هۆز و خێڵی لێنرا.. دوای هاتنەکایەی کشتوکاڵ و بەڕێوەربردنی هۆکارەکانی بەرهەمهێنان، خۆسەپێنەران بە پێی دابونەریت کۆمەڵەکەیان بەڕێوە دەبرد و زیاتریش بیریان لە بەرژەوەندی خۆیان دەکردەوە وەک لە بەرژەوەندی خەڵکەکەی دی، بەو پێیە کۆمەڵی ئەو سەردەمە بە زەقی دوو چینی سەرەکی تیایدا سەری هەڵدا، ئەوانیش چینی “کوێلە ” و “ئۆرستۆکرات” بوون، یەکەمیان نزمترین و دووەمیان بەرزترین چین بوون. لە نێوان ئەم دوو چینەشدا کەم و زۆر چینی دی سەری هەڵداوە، ئەوانیش بە پێی دوور و نزیکیان لە دەسەڵاتەوە جیاکراونەتەوە، وەک کەسێکی بە ورە و لێهاتوو کە هەڵسوڕێنەری کاریان بووبێ، یان لە ڕێی ژن و ژنخوازییەووە بایەخیان پێدرابێ.
کەواتە قۆناغی دابونەریت قۆناغێکە تیایدا مافەکان لە ڕێگای دابونەریتەوە پارێزراون و هێشتا یاسای نووسراو لە ئارادا نەبووە، بەڵام ئەمەش وا ناگەیەنێت کە لە دوای هاتنە کایەی نووسراوەوە دابوونەریت بە تەواوی رۆڵی نەمابێ، بگرە تا ئێستا لە هەندێ جێگا دابونەریت ڕۆڵی خۆی هەیە لەم بوارەدا.
لەم قۆناغەدا، گەر نەڵێین گشت مافەکان پێشێلکراون، ئەوا کەمترین مافی مرۆڤی تێدا پارێزراوە، چونکە یەکینە ماف بۆ خاوەن هێز بووە. هەر بەو قۆرخ کردنە کۆمەڵ لەو کاتەدا چینایەتییەکی زۆر ئاشکرای پێوە دیاربووە. کۆێلەکان نزمترین و بێبەشترین چین بوون، ئەوانەش کە ئازاد بوون و هەڵسووکەوتی هاوڵاتیان هەبووە چەند مافێکیان هەبووە وەک: مافی ژیان، مافی موڵکداری، مافی پێکەوەنانی خێزان، مافی کۆێلەداری، بەڵکوو وەک نەریتێک پارێزراون و پێڕەو کراون، هەر بۆیە پێشێلکردنی ئەم مافانە زۆر ئاسان و ئاسایی بووە، دواتر بە هۆی بەرەو پێشچوونی مەدەنیتی و بە دروست بوونی دەوڵەت و بەرفراوانبوونی کۆمەڵ و داهێنانی تۆمارکردن نووسین بە شێوەیەکی ساکارانە هاتە ئاراوە. پاشان یاسا سەری هەڵدا کە دابونەریت بە یەکێک لە سەرچاوەکانی دەژمێردرێت.

تعليقات