بەشی سییەمی مێژوو؛ میرنشینی ئەردەڵان:

یەک لەسەر مێژووی هەندێک لە میرنشینە کوردیەکان. میرنشینی ئەردەڵان.

بناغەی ئەم میرنشینە لە سەدەی سێزدەهەمی زایینی لە سەر دەستی کەسێک بە ناوی(بابە ئەردەڵان) دانراوە، بۆیە میرنشینەکەش هەر بە ناوی ئەردەڵان ناسرا.
ئەم میرنشینە سەرەتا لە ناوچەی شارەزوور(کە کەرکووکیشی دەگرتەوە) دەسەڵاتی پەیداکرد بەڵام لە سەدەکانی دواتر میرنشنەکە دەسەڵاتی فراوان بوو، تەنانەت لە سەرەتای سەدەی شازدەهەمدا لە دەڤەرێکی مەزنی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵاتداری دەکرد.
لەم میرنشینەدا زیاتر لە (٤٠)میر فەرمانڕەواییان کردووە کە هەندێکیان زۆر بە توانا بوون و هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ بەرزکردنەوە و پەرەپێدان و پێشکەوتن و ئاواکاری لە ناوچەکە، لەوانە:
(میر کلۆڵ) کە لە دوای (بابە ئەردەڵان)ی باوکی دەسەڵاتی میرنشینەکەی گرتووتە دەست و ئەویش لە سەر هەمان ڕێچکەی باوکی دەڕوا لە کاری چاکە و خزمەتکردن و بڵاوکردنەوەی هێمنی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، پاشانیش سنووری دەسەڵاتی میرنشینەکەی فراوان دەکات تا تەواوی ناوچەکانی کەرکووک و هەولێر دەگرێتەوە.
لە دەوری میر(مەئمون بەگ) کە کۆتاییەکانی سەدەی پازدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی شازدەهەم فەرمانڕەوایی کردووە میرنشینەکە زیاتر پەرەی سەندووە و لەشکری ئەردەڵان لە باکوورەوە گەیشتووەتە زێی گەورە.
هەرچەندە ئەردەڵانیەکان لە کاتی هێرشەکەی ساڵی(١٥٣٤ی.ز) سوڵتان سلێمانی قانونی بۆ دەڤەرەکە گوێڕایەڵیان بۆ دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر پیشاندا، بەڵام میرنشینی ئەردەڵان بارودۆخێکی سیاسی سەقامگیرانەی بە خۆوە نەدیت، بەهۆی:
یەکەم: شوێنی میرنشینەکە و هەڵکەوتنی لە ناوچەیەکی سنووری نێوان دەوڵەتی سەفەوی داگیرکەر و دەوڵەتی عوسمانی داگیرکەر کە بەردەوام لە ململانێ دابوون.
دووەم: هەوڵەکانی میرەکانی ئەردەڵان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی میرنشینەکەیان و دوور ڕاگرتنی لە دەسەڵاتی دەرەکی.
لە ئەنجامی ئەمەدا میرنشینەکە تووشی چەندها زەبر و زەنگی سەربازی عوسمانی داگیرکەر و سەفەوی داگیرکەر بووە و چەندین جار تووشی داگیرکردن بوونەتەوە.
تا لە دواییدا بە پێی پەیماننامەی زەهاوی ساڵی( ١٦٣٩ی.ز) بوو بە میرنشینێکی کوردی بە ناو سەر بە سەفەوییەکان.
هەر بە هۆی ئەم بارە ناجێگیرەش مەڵبەندی ئەم میرنشینە چەند جارێک جێگۆڕکێی پێ کراوە، بەڵام دواجار گوازراوەتەوە شاری(سنە) و تا لە ناوچوونی دەسەڵاتی میرەکانی ئەردەڵان لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەهەم هەر لەوێ ماوەتەوە.
میرنشینی ئەردەڵان لەو ماوە درێژەی کە تێیدا بەرقەرار بوو، ڕۆڵێکی گرنگی لە میژووی کوردستاندا گیڕا و شوێنەواری لە زۆربەی بوارەکانی ئاوەدانکاری بە جێماوە، هەروەها لە بواری ڕۆشنبیریشدا ڕۆڵی هەبوو، ئەوەتا چەندین هەڵبەستوان و مێژوونووسی وەک(مەستوورەی ئەردەڵانی کوردستانی) و (مەلا محەممەد شەریفی قازی) و (خەسرەو بەگی ئەردەڵان) لە ژێر سایەیدا پەیدا بوون.
هەروەها لە مێژووی ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی جێ پەنجەی میرەکانی ئەم میرنشینە دیارە.
لە ناو میرە بە ناوبانگەکانیان تەنیا ئاماژە بە هەڵۆخان، لە ساڵی (١٥٩١ی.ز تاکوو ١٦١٩ی.ز) و خان ئەحمەد خان، ساڵی (١٦١٩ی.ز تاکوو ١٦٣٢ی.ز)دەکەین.
هەڵۆخان یەکێک بووە لە میرە بەناوبانگەکانی میرنشینی ئەردەڵان کە پیاوێکی بە هێز و لێهاتوو و کارامە بوو، میرنشینەکەی زۆر ئاوەدان و پێش خستووە جگە لە قەڵای(زەڵم) کە پایتەختی بوو، سێ قەڵای دیکەشی دروست کرد و بونیادی نا، ئەوانیش قەڵای(پاڵنگان) و قەڵای(مەریوان) و قەڵای (حەسەن ئاوا).
لە کاتی ئەم میرەدا ئارامی و خۆشی و هەرزانی باڵی بە سەر شوێنی دەسەڵاتی میرنشینەکەدا کێشابوو، نە سەری بۆ شای سەفەوی داگیرکەر دەچەماندەوە و نە بۆ سوڵتانی عوسمانی داگیرکەر، هەردوو دەوڵەتی داگیرکەر پێکەوە لێ دەترسان، بۆیە شا عەباسی سەفەوی هەوڵی لە ناوبردن و لە خشتە بردنی دا لە ڕێگای فرتووفێلی سیاسییەوە، کاتێ کە (خان ئەحمەد خان)و کوڕی لێفریودا بە چەندها بەڵینی بریقەدار، ئەوە بوو خان ئەحمەد خان ساڵی ١٦١٩ی.ز دێتە سەر تەخت و دەبێ بە میری ئەردەڵان، دوای ئەمە شاری سنە دەکاتە پایتەختی خۆی و ئیتر تا دەهات دەسەڵاتی فراوانتر دەکات و دەست دەگرێت بە سەر تەواوی ناوچەی موکریان و شارەکانی وەک:
مەهاباد و ورمێ و شنۆ و مەراغە، تەنانەت هەموو هۆز و خیڵەکانی موکریان و بڵباس دەخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، پاشان “سکەی” بە ناوی خۆیەوە لێداوە، هەر لەبەر ئەمانەشە کە سەردەمی ئەم میرە بە چاخی زێڕین دادەنرێت لە مێژووی میرنشینی ئەردەڵان.





























تعليقات