بەشی بیست و نۆیەمی مێژوو؛ پەیوەندییە بازرگانیەکانی کوردستان لەو سەردەمەدا:

پەیوەندییە بازرگانییەکان و قوتابخانەکان و زانایانی کورد لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکاندا.


لە بواری بازرگانیشدا کوردستان ڕۆڵی خۆی هەبوو، بۆ نموونە خەڵکی بەدلیس لە گەڵ سەفەوییە داگیرکەرەکان و گورجستاندا بازرگانییان دەکرد.
بازرگانانی شاری سلێمانیش لە نێوان سەفەوییە داگیرکەرەکان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی داگیرکەر (بە تایبەتی بەغدا و موسڵ) ئاڵوگۆڕی بازرگانییان دەکرد.
لەم بارەیەوە کوردستان سوودێکی زۆری لە شوێنگەی جوگرافی خۆی بینی، بەو پێیەی چەند ڕیگایەکی بازرگانی گرنگ لە ناوچەکە بەوێدا تێدەپەڕیی، کە هەندێکیان بەشێک بوون لە ڕیگای نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
شایانی باسە هەندێک کاڵای کوردستان وەک (مازوو) و (تووتن) و (کەتیرە) و (قاوە) لە ئاستێکی جیهانی بازرگانییان پێوە دەکرا و دەنێردرانە ئەورووپا.
لایەنی ڕۆشنبیری:
لە سەردەمی میرنشینەکاندا لایەنی زانستی و ڕۆشنبیری لە کوردستاندا برەوی پێدرا، بە تایبەتی کە میرەکانی کورد یارمەتیدانی زانایان و بنیاتنانی دامەزراوە زانستیەکانییان بە ئەرکی سەر شانی خۆیان دادەنا.
لە ئەنجامدا ژمارەی قوتابخانەکان لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا لە زیاد بوون و پەرەسەندندابوو بە تایبەتیش لە مەڵبەندی میرنشینەکان.
ئەوەتا شاری (بەدلیس) بە پێی سەرچاوەیەک (٧٠) قوتابخانەی تێدابوو لە سەدەی حەڤدەهەمدا.
لەشاری (وان)یش نزیکەی (٢٠) قوتابخانە بوونی هەبوو.
هەروەها میرنشینی (بادینان)یش ژمارەیەک قوتابخانەی لە خۆ دەگرت بە تایبەتی قوتابخانەی (قوببەهان) و قوتابخانەی (موردا خان) لە ئامێدی کە سەدەها کتێب و چەندین مامۆستای لێهاتوویان تێدابوو.
لە میرنشینی (سۆران)یش قوتابخانەی (ماوەران) ئەوەندە بەبڕشت بوو کە چەندین مەلای بەناوبانگی شاری موسڵ لەوێ پێگەیشتوون.
بێگومان ئەم قوتابخانانە کە لە هەمان کاتدا مزگەوت بوون وەکوو ئێستا زانستی هاوچەرخیان تێدا نەدەخوێندرا، بەڵکوو زیاتر زانستەکانی ئایین و شەریعەتی تێدا بڵاو دەکرایەوە کە ئەو کاتە و ئێستاش باون.
لەگەڵ ئەمەشدا ئەم قوتابخانانە بە پێوەری ئەو سەردەمە خزمەتێکی زۆری لایەنی ڕۆشنبیریان کرد لە کوردستاندا و سەدەها زانا و ئەدیب و هەڵبەستوان و مەلایان پێگەیاند، کە ناوبانگیان لە هەموو ناوچەکاندا بڵاو ببووەوە، وەک:
(بێتۆشی) (موحەمەدی کوڕی ئادەم) و (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) و (شیخ مەعرووفی نۆدەهی).
تەنانەت هەندێ زانای کورد گەیشتنە بەرزتترین پلەی ئایینی لەو دەوڵەتەدا وەک (ئەبی سعوود ئامێدی) کە بووە ( شێخی ئیسلام) لە دوڵەتی عوسمانی داگیرکەردا.
لە بواری مێژوو و ئەدەب و هەڵبەستی کوردیشدا میر و مێژوونوسی گەورەی کورد (شەرەفخانی بەدلیسی) و (مەلا مەحموودی بایەزیدی).
هەروەها کەڵە هەڵبەستوانانی وەک (ئەحمەدی خانی) و (مەلای جزیری) و (فەقێ تەیران) و (نالی) و (سالم) و (کوردی) و چەندانی تر لەو سەردەمەدا بە دیارکەوتن.













تعليقات