بەشی بیست و پێنجەمی مێژوو؛ کاردانەوەی کورد بەرامبەر سیاسەتی عوسمانییەکان:

کاردانەوەی کورد بەرامبەر سیاسەتی عوسمانییەکان:


سەرەڕای ئەو سیاسەتە چەوت و نادروستانەی دەسەڵاتدارانی عوسمانی و سەفەوی، کورد هەر سوور بوو لە سەر داکۆکی کردن لەو دەستکەوت و مافانەی کە بەدەستی هێنابوو.
بەو هەڵوێستەش توانی تا ڕادەیەکی زۆر پارێزگاری لەو سەربەخۆییە ناوەخۆییە بکات کە هەیبووە.
ئەوەتا زۆربەی میرنشین و قەوارە کوردیەکان تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم بوونیان هەبوو، تەنانەت هەندێکیان بەهێزتر و فراوانتریش ببوون، وەک میرنشینی بادینان و هەکاری و بابان.
کاردانەوەی کورد بەرامبەر هەر دوو دەوڵەت بە درێژای ئەو ماوەیە چەندین شێوازی بە خۆیەوە دەبینی، لە پێش هەموویاندا ئەو هەڵسووکەوتە چەوتانەی دەسەڵاتدارانی هەردوو دەوڵەت ڕەنگدانەوەی لە سەر تێڕوانینی کورد هەبوو بەرامبەریان و بووە مایەی ئەوەی چیتر بە چاوی ڕێز و دۆستانەوە سەیر نەکرێن.
لە لایەکی تر ئەم کارانە متمانەی لە دڵی کوردان نەهێشت و بووە هۆی ئەوەی بە دوای پاڵپشتی دەرەکیدا بگەڕێن.
بێگومان سەرباری ئەمانەش کورد(وەک شێوازی خەباتی هەمیشەیی) دەسبەرداری بەرخودان و ڕاپەڕینی چەکداری نەبوو.
ئەوەتا میر و سەرکردە کوردەکان بە پاڵپشتی ڕۆڵەکانیان توانیان دژ بە هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی داگیرکەر ڕاپەڕن.
نموونەی ڕاپەڕینە کوردیەکانی ئەو سەردەمە:
یەکەم: * ڕاپەڕینی برادۆست لەساڵی ١٦٠٨ی.ز بە سەرکردایەتی (ئەمیر خانی لەپ زێڕین) لە دژی دەسەڵاتی سەفەوی کە لە ناو ئەدەب و فلکلۆری-کۆلکلۆری کوردیدا ڕەنگی داوەتەوە و بە داستانی(قەڵای دمدم) بەناوبانگە.
دووەم: *ڕاپەڕینی (جان پۆڵا) میری(کلیس) لە باکووری حەلەب لە دژی دەسەڵاتی عوسمانی لە ساڵی ١٦٠٧ی.ز.
سێیەم: *میرەکانی بابانیش بە بەردەوامی لە سەرهەڵداندا بوون وەک: بابە سڵێمان و بەکر بەگ و سەلیم پاشا و عەبدولڕەحمان پاشا، دژی دەسەڵاتی عوسمانی.
چوارەم: ٭بەرخودانی (قوباد خان)ی میری موکریان ساڵی ١٦١٠ی.ز لە دژی لەشکری سەفەوی لە سەردەمی شا(عەباس)ی سەفەوی.
پێنجەم: ٭ڕاپەڕینە بەردەوامەکانی کوردانی ئێزیدی لە شەنگال و شێخان، هەروەها کوردانی زازا لە دێرسیم.










تعليقات