بەشی بیست و شەشەمی مێژوو؛ ڕاپەڕینی بابە سلێمانی میرنشینی بابان:

ڕاپەڕینی بابە سلێمان.

بابە سلێمانی میری بابان دوای وەرگرتنی دەسەڵات دەستی کرد بە فراوانکردنی سنووری میرنشینەکەی لە پێناو بنیادنانی قەوارەیەکی کوردی سەربەخۆ.
دیارە ئەمەش دەسەڵاتدارانی عوسمانی تووڕە کرد، بە تایبەتی کە بابە سلێمان لە کۆتایی ساڵی١٦٨٩ی.ز دەستی بەسەر شارەزووردا گرت و تەنانەت (کەرکووک)یشی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
لەو (شەڕانەی-جەنگانەی) لەو ماوەیەدا هاتنە ئاراوە (دلاوەر پاشا)ی والی شارەزووریش کوژرا لە کاتی ڕووبەڕووبونەوەی لە گەڵ هێزەکانی بابان.
دوای ئاڵۆزبوونی بارودۆخەکە، بەم شێوەیە دەسەڵاتدارانی عوسمانی لە ساڵی ١٦٩١ی.ز(حەسەن پاشا)ی والی بەغدایان ڕاسپارد بۆ لەناوبردنی ڕاپەڕینەکە.
والی ناوبراو دوای ئەوەی نامەیەکی پڕ هەڕەشەی بۆ بابە سلێمان نارد، هەڵمەتێکی سەربازی ڕێکخست بۆ هێرش بردنە سەر ڕاپەڕیوان، بەڵام لەم هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبوو.
دوای ئەم سەرکەوتنانە بابە سلێمان متمانەی بە خۆی زیاتر بوو، بۆیە بڕیاریدا میرنشینی ئەردەڵانیش بە قەلەمڕەوی خۆیەوە بلکێنێ و ئەوەبوو لەهەڵمەتێکدا ساڵی ١٦٩٥ی.ز ناوچەکانی (هەورامان) و (مەریوان) و (سەقز)یشی گرت.
لەبەر ئەوەی میرنشینی ئەردەڵان سەر بە دەوڵەتی سەفەوی داگیرکەر بوو، بۆیە ئەم کارە بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی سەفەوی هاوکاری دەسەڵاتدارانی عوسمانی داگیرکەر بکەن بۆ لە ناوبردنی دەسەڵاتی بابە سلێمان.
دیارە ئەمەش بەڵگەیە لە سەر پەرەسەندنی راپەڕینەکە بە جۆرێک، هەردوو وڵاتی دەستکردی داگیرکەر بە مەترسییان دادەنا بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان لە ناوچەکەدا.
لە ئەنجامدا لەشکری سەفەوی لەلای ڕۆژهەڵات و عوسمانیەکانیش لەلای ڕۆژئاوا بە لەشکرێکی گەورەوە تەنگیان بە هێزەکانی بابان هەڵچنی و کاولکاری و کوشتارێکی زۆریان لە ناوچەکەدا نایەوە، تا لە کۆتاییدا بابە سلیمان ناچار بوو لە ساڵی ١٦٩٩ی.ز خۆی بدات بەدەست هێزەکانی عوسمانییەوە، دواتریش دەسەڵاتدارانی عوسمانی لە بارودۆخێکی نادیاردا لە ناویان برد.








تعليقات