فراوان خوازیەکانی سوڵتان سلێمانی قانونی.
هەرچەندە (سوڵتان سەلیمی یەکەم) دوای دەستکەوتەکانی لە کوردستان، توانی دەوڵەتی مەمالیک لەناو بەرێت و دەست بگرێت بەسەر تەواوی وڵاتی شام و میسر و حیجاز، کەچی لە گەڵ ئەوەشدا ناوەڕاست و خوارووی (عێراقی ئێستا) هەر لە ژێر دەسەڵاتی سەفەویەکاندا مایەوە، بەڵام کە شا ئیسماعیلی سەفەوەی ساڵی ١٥٢٤ی.ز مرد ئەوەبوو شا (تەهماسب)ی کوڕی هاتە سەرتەخت، هەر لەو ساڵەدا جووڵانەوەیەکی جودا خوازی بەسەرکردایەتی (ذولفەقار خان) سەرۆکی هۆزی (موصلو)ی کوردی کەلهوڕ، لە دژی سەفەویەکان لە بەغدا بەرپابوو، ئەم سەرکردە کوردە توانی ساڵی ١٥٢٧ی.ز والی سەفەویەکان لە بەغدا لابدات و خۆی بکات بە دەسەڵاتدار لە بەغدا، بۆیە (شا تەهماسب) لەشکرێکی گەورەی ناردە (عێراقی ئێستا) بۆ گرتنەوەی بەغدا، ئەوەبوو دوای گەمارۆیەکی توند و چەندین (شەڕی-جەنگی) نا بەرامبەر شا تەهماسب بە هۆی فرتووفێڵی سیاسیەوە بەغدای گرتەوە و (ذولفەقار خان)یشی کوشت.
شا تەهماسب هەر بەمەش نەوەستا بەڵکوو هەوڵیدا لە باکووری کوردستان دەسەڵات پەیدا بکاتەوە، بەتایبەتی کە میری بەدلیس لەم ماوەیەدا ڕووی لە دەسەڵاتی عوسمانی داگیرکەر وەرگێڕابوو، داوای یارمەتی لە سەفەویە داگیرکەرەکان کردبوو.
بۆیە سوڵتان سلێمانی قانوونی ساڵی(١٥٢٠ تاکوو ١٥٦٦)ی.ز کە ئەو کاتە لە سەرتەختی دەسەڵاتی عوسمانی بوو، ئیبراهیم پاشای سەدر ئەعزەم(الصدر الاعظم)ی لە سەرووی هەڵمەتێکی گەورەی سەربازیەوە بەرەو کوردستان نارد، دوای ماوەیەکی کەم سوڵتان خۆیشی بە هێزێکی ترەوە هاتە پاڵ ئیبراهیم پاشا و لە ناو جەرگەی خاکی کوردستان و دەوڵەتی سەفەوی دا پێشڕەویان کرد، لەوێشەوە عوسمانییەکان بە سەرکردایەتی سوڵتان سلێمانی قانوونی توانیان لە ساڵی ١٥٣٤ی.ز شاری بەغدا بە بێ (شەڕ-جەنگ) داگیر بکەن چونکە لەشکری سەفەویەکان کە دەنگ و باسی گەیشتنی سوپای عوسمانییەکانیان بیست لە بەغدا کشانەوە و نەیانتوانی ڕووبەڕووی لەشکری گەورەو و پڕ چەکی عوسمانییەکان ببنەوە، لە ساڵی(١٥٤٦ی.ز)یش عوسمانییەکان دەسەڵاتیان گەیاندە شاری بەسرە.
شایانی باسە هەر لە سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانوونی، عوسمانییەکان دەسەڵاتیان گەیشتە لیبیا و تونس و جەزایر، بەم جورە دەبینین عوسمانییەکان ئمپڕاتۆڕیەتێکی باز و بەرینیان پێک هێنا کە لە (ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقیا)دا بوونی هەبوو.
Comments
Post a Comment